سەنتەری رۆژهەڵاتی ناوەراست لە زانکۆی LSE کۆنفرانسی دیراساتی کوردی رێکدەخات

Alternate Text هەواڵ : 4/29/2026

شانشینی یەکگرتوو، لەندن، www.uk.gov.krd.  سەنتەری رۆژهەڵاتی ناوەراستی سەر بە زانکۆی LSE لە لەندەن چوارەمین کۆنفرانسی ساڵانەی دیراساتی کوردی رێکخست و شاندێکی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەریتانیا کە پێکهاتبوو لە خەسرۆ ئاژگەیی بەڕێوەبەری په‌یوه‌ندیەکان و په‌ره‌پێدان و هاوڕێ واحید بەڕێوەبەری بازرگانی و وەبەرهێنان و ستیوارت وەین لە نووسینگەی نوێنەری حکومەتی هەرێم بەشداریان تێیدا کرد. 

لە کۆنفڕانسەکەدا ژماره‌یه‌ك توێژینەوەی ئەکادیمی زانکۆ جیاکانی کوردستان و بەریتانیا و جیهان لە چوارچێوەی پانێڵی جیا جیا کە سێ رۆژی خایاند پێشکەشکران ، وە فۆکسیان خستبووە سەر لایەنەکانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و کەلتووری کوردی رۆڵی کاریگەری کورد لە نەخشەی سیاسی لە رۆژهەڵاتی ناوەراست. توێژەرە بەشداربووەکان بابەتی شیکاریان لەسەر مێژوو و خەبات و بەرخودانی گەلی کورد و دۆخی پارچەکانی تری کوردستان و بەربەست و ئاسته‌نگییه‌کانی بەردەم دۆزی کورد پێشکەشکرد.

بەشێکی تری توێژینەوە پێشکەشکراوەکان تایبەت بوون بە رۆڵ و کاریگەری کورد و بزووتنەوە سیاسیەکەی لەسەر ژیانی سیاسی و سەقامگیری ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە نێویشیاندا ژمارەیەك پانێڵ و توێژینەوە لەسەر ئه‌زموونی حوکمڕانی هەرێمی کوردستان پێشكەشکران.

شایانی باسە، ساڵ لە دوای ساڵ خواستی توێژەرانی جیهان لە بەشداریکردن لەو کۆنفرانسە زیاتر دەبێت، وە توێژینەوەکان لە سەر کورد و دۆزەکەی و رۆڵی هەرێمی کوردستان وەك ئەکتەرێکی بەهێزی سیاسی لە رۆژهەڵاتی ناوەراست روو لە زیادبوون دەکات. 

زانکۆی LSE، لەندەن
٢٩ی نیسان – ١ی ئایاری ٢٠٢٦