دیدگای حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئابووری

Alternate Text

  • یەکەم: کاردەکەین بۆ ئەوەی ئابووریی هەرێم فرە چەشن و فرەرەهەند بێت و تەنیا پشت بە نەوت و غاز نەبەسترێت، بۆ ئەم مەبەستە پەرە بە کەرتەکانی کشتوکاڵ و پیشەسازی و گەشتیاری دەدەین و هەوڵ بۆ ڕاکێشانی وەبەرهێنانی دەرەکی لەم کەرتانەدا دەدەین.
  • دووەم: کشتوکاڵ بوارێکی سەرەکیی گرنگیدانمان دەبێت و کار دەکەین بۆ پێشخستنی ئەم کەرتە بە ئامراز و مەکائنی پێشکەوتوو و فراوانکردنی جۆریی و چەندیی بەرهەم بە پێی بنەما زانستییەکان. کار دەکەین بۆ بەکارهێنانی سەرچاوە ئاوییەکان و دروستکردنی بەنداوە وەرزی و هەمیشەییەکان گلدانەوەی ئاوی پێویست بۆ بواری کشتوکاڵ و زیادکردنی ڕووبەری سەوزایی لە هەریم. جەخت لەسەر پاراستنی بەرهەمی خۆماڵی و پشتیوانیی جوتیارانی هەرێم دەکەینەوە و کار دەکەین بۆ رەخساندنی بازاری گونجاوی ناوەوە و دەرەوە بۆ بەرهەمەکانیان.
  • سێیەم: کار دەکەین بۆ رێکخستنەوەی سیستەمی بانکی لە هەرێم و بەکارخستنی ئەو سیستەمە بۆ خزمەتگوزارییە کەسی و گشتیەکان و بەکارهێنانی ژمارە بانکیەکان و کارتە ئەلەکترۆنیەکان بۆ ئالوگۆڕی دراوی و خەرجییەکان و رێژەی مامەڵە بە پارەی کاش کەم بکرێتەوە.
  • چوارەم: هانی وەبەرهێنان دەدەین لە هەموو بوارەکاندا ، بۆ ئەم مەبەستەش لە سەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوەدا دەرفەتی یەکسان و دادپەروەرانە بۆ هەموو لایەک دەرەخسێنین. لە سەر ئەو بنەمایانەش کاردەکەین بۆ داڕشتنەوە و هەموارکردنەوەی یاسای وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستاندا.