نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم بەشداری لە بۆنەیەکی ئەنجومەنی کاری بەریتانیا-عیراق IBBC دەکات

Alternate Text هەواڵ : 9/10/2025

لەندەن، شانشینی یەکگرتوو، www.uk.gov.krd. هاورێ یوسف بەرێوەبەری بەشی بازرگانی و وەبەرهێنان بە نوێنەرایەتی، نوێنه‌رایه‌تی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەریتانیا بەشداریکرد لە کۆنفرانسی ساڵانەی ئەنجومەنی کاری عیراق-بەریتانیا IBBC کە تێیدا کاربەدەستانی هەردوو حکومەتی عیراقی فیدراڵ و بەریتانیا و دیبلۆمات و خاوەن کار و کۆمپانیاکان بەشداربوون بۆ گفتوگۆکردن دەربارەی ئالنگاری و هەلەکانی وەبەرهێنان لە عیراق، هەماهەنگی و پەیوەندیە هەرێمیەکان، ئابوری، ژینگە و پەروەردە. دەستپێکی بۆنەکە بە ووتارێکی کریستۆف مایکڵ بەرێوەبەری ئەنجومەنەکە دەستیپێکرد و تیشکی خستە سەر پابەندی ئەنجومەنەکەیان بە رێگە خۆشکردن لەبەردەم وەبەرهێنان لە عیراق و هەرێمی کوردستان.

 

دواتر و لە پانێڵێکدا عیرفان سدیق باڵیۆزی بەریتانیا لە عیراق و پرۆفیسۆر گارێس ستانسفیڵد لە زانکۆی ئێگزیتەر ئاماژەیان بە گرینگی پرۆسەی چاکسازیدا له‌ چاره‌سه‌رکردنی ئالنگارییەکان، هاوکات ووتیان که‌ عێراق کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی گه‌نجه‌ و دەکرێت ببنە سەرچاوەیەکی گرینگ بۆ به‌ره‌وپێشبردنی وڵاتو سوود وەرگرتن لێیان. هەردوو پانێڵیستەکان جەختیان لەسەر گرینگی جێبەجێکردنی رێکەوتنەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کردەوە لە چوارچێوەی دەستوری وڵات.

لە پەراوێزی بۆنەکەدا ژمارەیەك پرس تاوتوێکران، لە نێویشیاندا هەماهەنگی هەرێمایەتی کە کاریگەری ڕاسته‌وخۆی هەیە بۆ سەقامگیری عیراق. لەو سۆنگۆیەشەوە عبدالقادر ئەلدەخیل پارێزگاری نەینەوا باسی لە کاولکارییەکانی پارێزگاکەیانی کرد لەسەر دەستی داعش، هاوکات تیشكی خستە سەر گەشەسەندنی ئەمن و ئاسایش و دووبارە بنیادنانەوەی شارەکەیان. داواشی لە وەبەرهێنەرە جیهانیەکان کرد رۆڵ لە دووبارە بنیادنانەوەی ناوچەی نەینەوا ببینن.


هەر لە بۆنەکەدا ئاماژە بە کێشەکانی تایبەت بە بواری ژینگە و کاریگەرییەکانی لەسەر عیراقدا کرا، وە پێویستی وڵات بە پلانێکی تۆکمه‌ و بڵاوکردنەوەی هۆشیاری زیاتر بۆ هاوڵاتیان لە رێگای سیستەمی پەروەردەییدا.

سەبارەت بە بواری پەروەردەش، ژمارەیەك لە پسپۆڕ و نوێنەرانی قوتابخانە پێشکەوتووەکان بەشداربوون و پێشنیاری بۆردێکی پەروەردەییان کرد بۆ ئەوەی کار لەسەر دانانی بەرنامەیەکی تایبەت بکات بۆ بەرزکردنەوەی ستاندەردی ژیان لە عیراق و هەرێمی کوردستان.

دەرهاویشتەکانی کۆنفرانسه‌که‌ برتیبوون لە گرینگی ئەنجامدانی چاکسازی بە شێوەیەکی سیستەماتیکی، بەرزکردنەوەی رێژەی هەماهەنگی هەرێمایەتی، باشترکردنی ژینگە و بەرەوپێشبردنی بواری پەروەردە لە وڵات.

لەندەن-ویندسۆڕ
١٠ی ئەیلولی ٢٠٢٥