نوێنەری حکومەتی هەرێم لەگەڵ ژمارەیەك پەرلەمانتار و لۆرد کۆدەبێتەوە

Alternate Text هەواڵ : 9/8/2025

شانشینی یەکگرتوو، لەندەن،www.uk.gov.krd . کاروان جمال تاهیر نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەریتانیا له‌ ئێوارەخوانێكدا لەگەڵ ژمارەیەك ئەندامی پەرلەمان و ئەنجومەنی لۆردەکانی بەریتانیا کۆبۆوه‌.

لە دیدارەکەدا وێڕای سوپاس و پێزانین بۆ ئامادەبوان بۆ پشتگیری بەردەوامیان لە هەرێمی کوردستان، هاوکات پوخته‌یه‌کی دەربارەی دۆخی هەنووکەیی هەرێمی کوردستان و عیراق و ناوچەکە پێشکەشکرد و تیشكی خستە سەر دۆخی هەستیاری ناوچەکە و پەیوەندیەکان لەگەڵ بەغدا و پرۆسەی ئاشتی لە باکوری کوردستان و دۆخی رۆژئاوای کوردستان.


هەر لە درێژەی دیدارەکەدا نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان تیشکی خسته‌ سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌کانی نێوان  حکومەتی فیدراڵی و هه‌رێمی کوردستان و ئاسته‌نگی و کاریگەری نێگەتیڤی ده‌ره‌نجامه‌کان له‌سەر بژێوی ژیانی هاوڵاتیان و سەقامگیری ناوچەکە، لەوانەش پرسی بودجەی هەرێم و مووچەی فەرمانبەران و کێشە هەڵپەسێندراوەکانی تری وەك ماددەی ١٤٠ و ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی هەرێم و پرسی نەوت و گاز و پێشمەرگە.


نوێنەری حکومەتی هەرێم داوای لە ئامادەبوان کرد لە هەوڵەکانیان بەردەوام بن لەگەڵ حکومەتی وڵاتەکەیان بۆ ئەوەی رۆڵی زیاتر ببینێت لە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و به‌ره‌وپێشبردنی په‌یوه‌ندییه‌کانیان له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی عێراق و هه‌رێمی کوردستان به‌تایبه‌تی له‌بواری گه‌شه‌پێدانی په‌یوه‌ندی ئابووری.


هەر لە دیدارەکەدا کاروان جمال تاهیر جەختی لەسەر بنەمای سەرەکی کاری هەرێمی کوردستان کردەوە لە پاراستنی سەقامگیری ناوچەکە و به‌دروورگرتنی هەرێم و ناوچەکە لە ناکۆکییه‌كان و هەڕەشەکانی تیرۆر کە هێشتا مه‌ترسین له‌سه‌ر ناوچه‌که‌.


ئامادەبوانی ئێوارەخوانەکە ژماره‌یه‌ك پرسیاریان ئاراسته‌ی نوێنه‌ری حکومه‌ت کرد لەسەر بابەتەکانی جێگای بایەخی هەردوولا، وە هاوکات به‌رده‌وامی پشتگیری خۆیان بۆ هەرێمی کوردستان دووپاتکردەوە و خواستی خۆیان پیشاندا بۆ پاڵپشتی زیاتر له‌ هه‌رێمی کوردستان.


لەندەن

٨ی ئەیلولی ٢٠٢٥