شاندێکی بازرگانی کوردستان سەردانی نووسینگەی نوێنەرایەتی حکومەت دەکەن

Alternate Text هەواڵ : 11/7/2024

شانشینی یەکگرتوو، لەندەن، www.uk.gov.krd. کاروان جمال تاهیر نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە نووسینگەی نوێنەرایەتی پێشوازیکرد لە  شاندێکی یەکێتی ژوورەکانی بازرگانی و پیشەسازی کوردستان بە سەرۆکایەتی د. محەممەد شەهاب سەرپەرشتیاری یەکێتیەکە و ئەندامیەتی نوێنەرانی ژوورەکانی بازرگانی هەولێر و سلێمانی و دهۆك.  

لە دانیشتنەکەدا گفتوگۆکرا دەربارەی بەشداریکردنی شاندی یەکێتیەکە لە پێشانگای ساڵانەی بازاری گەشتوگوزاری جیهانی کە لە سەنتەری (ئێکسێڵ) بەڕێوەچوو و جەخت لەسەر گرینگی ئەو جۆرە بەشداریکردنانە کرایەوە بەمەبەستی برەودان بە کەرتی گەشتوگوزاری هەرێم کە یەکێکە لە ئەولەویاتەکانی کارنامەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هاوکات په‌یداکردنی هاوبه‌ش و دروستکردنی لێکتێگه‌یشتن له‌گه‌ڵ کۆمپانیا و ئاژانسە جیهانیەکانی بواری گەشتوگوزار و ناساندنی هەلەکانی وەبەرهێنانی ئەو بوارە لە هەرێمی کوردستان، هاوکات راکێشانی سەرنجی گەشتیاران.


شاندی هەرێمی کوردستان سوپاسی هاریکاری و هەماهەنگیەکانی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستانیان کرد و جەختیان لەسەر گرینگی ئەو هەماهەنگیە کردەوە بەمەبەستی سوود وەرگرتن لە بۆنە و چالاکیە بازرگانیەکان لە بەریتانیا لە هەموو بوارەکاندا، وە هاندانی بەردەوامیان بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان لە هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی بەشداری لەو چالاکیانە بکەن و تەواوی کارئاسانی پێشکەش بە شاندە کوردستانیەکان دەکەن بۆ سەرخستنی سەردانەکانیان.


کاروان جمال تاهیر نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان خۆشحاڵی خۆی بە سەردانی شاندەکە و بەشداریان لەو بۆنە گرینگە  دەربڕی و جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە بوونی شاندەکانی کوردستان لەو جۆرە بۆنە نێودەوڵەتیانە هەنگاوی باشن بەمەبەستی سوود وەرگرتن لە شارەزاییە جیهانیەکان و بینینی زیاترین ژمارەی کۆمپانیا و وەبەرهێنەران، هاوکات جەختی لەسەر گرینگی کارکردن لەسەر بوونی ستاندی تایبەت بە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پێشانگاکانی ئیکسێڵ بە تایبەتیش لە بوارەکانی گەشتوگوزار و کشتوکاڵ کردەوە. ئامادەباشی نوێنەرایەتیشی بۆ هەر جۆرە هەماهەنگیەك دووپات کردەوە. 

 

لەندەن، نووسینگەی نوێنەرایەتی
٧ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤