شاندێکی ئەنجومەنی یەکێتی ژوورەکانی بازرگانی کوردستان سەردانی نوێنەرایەتی دەکەن

Alternate Text هەواڵ : 10/16/2024

شانشینی یەکگرتوو، نووسینگەی نوێنەرایەتی، www.uk.gov.krd. کاروان جمال تاهیر نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە نووسینگەی نوێنەرایەتی لە لەندەن پێشوازیکرد لە شاندێکی ئەنجومەنی یەکێتی ژوورەکانی بازرگانی کوردستان کە پێکهاتبوو لە بەڕێزان حاجی اسماعیل سورچی ئەندامی ئەنجومەنەکە و خاتوو شیرین یحیی خلیل ئەندامی ئەنجومەنی ژووری بازرگانی هەولێر و ئازاد شێروانی بەرپرسی پەیوەندیەکانی ئەنجومەنەکە.

لە دانیشتنەکەدا گفتوگۆ دەربارەی دۆخی ئابوری و بازرگانی لە هەرێمی کوردستان و پەیوەندیە دووقۆڵیەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەریتانیا لەو ڕووەوە کرا.

نوێنەری حکومەتی هەرێم جەختی لەسەر گرینگی به‌شداری ژوره‌ بازرگانییه‌کانی  هه‌رێمی کوردستان له‌ کۆنفرانس و کۆڕبه‌نده‌ ئابووریی و بازرگانییه‌کان لەبەریتانیا کردەوە، وە تیشکی خستە سەر گرینگی کاری زیاتر بۆ بینینەوەی هاوبه‌ش و نزیکبوونەوەی زیاتر لەگەڵ ژوورە بازرگانییه‌کان و دامەزراوە ئابوری و بازرگانیەکانی تری ئەو ووڵاتە، هاوکات بەشداریکردن لە پێشانگا کشتوکاڵی و گەشتوگوزارییە نێودەوڵەتیەکان کە لە بەریتانیا بەڕێودەچن و کۆمپانیا و خاوەنکارانی بەریتانیا و جیهانیەکان بەشداری تێدا دەکەن، وە تێیدا بەروبوومەکانی کوردستان  نمایش بکرێن بۆ راکێشانی سەرنجی کۆمپانیا نێودەوڵەتی و بەریتانیاکان.


هەر لە دیدارەکەدا، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەباشی نوێنەرایەتی بۆ هەموو جۆرە هاریکاری و هەماهەنگیەك دووپات کردەوە بەمەبەستی بەهێزترکردنی پەیوەندیە دووقۆڵیەکانی نێوان ژوورەکانی بازرگانی و دامەزراوە هاوشێوەکانی بەریتانیا.

لەلای خۆیانەوە شاندی ئەنجومەنی یەکێتی ژوورەکانی بازرگانی کوردستان تیشكیان خستە سەر‌ هەوڵەکانی دەستەی تازەی یەکێتیەکەیان بەمەبەستی دروستکردنی پردی پەیوەندی زیاتر لەگەڵ دامەزراوە بازرگانی و ئابوریەکانی جیهان و کۆمپانیا و خاوەنکارانی دونیا بە گشتی و بەریتانیاکان بە تایبەتی بۆ ئەوەی لە هەرێمی کوردستان وەبەرهێنان بکەن و سوود لە دەرفەتەکان وەربگرن. هاوکات داوای هەماهەنگیان کرد لەگەڵ نوێنەرایەتی بۆ دانانی پلانێکی کاری بەهێز بۆ ئەوەی لە داهاتوودا سوود لە هەلەکانی بازرگانی و وەبەرهێنانی بەریتانیا وەربگرن،

نووسینگەی نوێنەرایەتی
١٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤