نوێنه‌رایه‌تی حکومه‌تی هه‌رێم، بەشداری لە کۆڕبەندی سکۆلەرشیپی جیهانی BMI کرد لە لەندەن

Alternate Text هەواڵ : 5/5/2024

شانشینی یەکگرتوو، لەندەن، www.uk.gov.krd. نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم لە بەریتانیا هاوڕێیه‌تی د.یاسن حەمە، بەڕێوەبەری گشتی سکۆلەرشیپ و پەیوەندییە‌کان لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد و بەشداریان لە کۆڕبەندی سکۆلەرشیپی جیهانی BMI کرد کە لە لەندەن بەڕێوەچوو.

لە کۆڕبه‌نده‌که‌دا ژمارەیەکی بەرچاو لە نوێنەرانی وەزارەتە جۆراوجۆرەکانی حکومەت و کۆمپانیاکان و دامەزراوەکانی خوێندنی باڵا لە ئاستی جیهانیدا بەشداربوون و دەرفەتێکی پەیوەندی کردنی ناوازەی پێشکەش کرد بۆ کۆکردنەوەی نوێنەرانی گەورەترین پرۆگرامەکانی سکۆلەرشیپ لە سەرانسەری جیهاندا. کۆڕبەندی سکۆلەرشیپی جیهانی BMI وەک سەکۆیەکی سەرەکی بۆ هاندانی هاوبەشییە نێودەوڵەتییەکان و پێشخستنی دەرفەتە پەروەردەییەکان خزمەت دەکات،

لەمیانی کۆڕبەندەکەدا، دکتۆر یاسن پەیوەندی لەگەڵ چەندین دامەزراوەی نێودەوڵەتیدا کرد بۆ گەڕان بەدوای دەرفەتی سکۆلەرشیپ بۆ خوێندکارانی ماستەر و دکتۆرا کە بەدوای بژاردەی خوێندن لە دەرەوەی وڵاتدا دەگەڕێن.

هاوکات، نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەریتانیا ئامادەباشی پیشاندا کە وەک پردێکی پەیوەندیی لە نێوان وەزارەتی خوێندنی باڵاو  و لایەنە په‌یوه‌ندداره‌کانی ووڵاتی بەریتانیا هاوکاربێت بۆ ئاسانکاری زیاتر.