شاندێکی وەزارەتی پێشمەرگە سەردانی ووڵاتی بەریتانیا دەکات

Alternate Text هەواڵ : 7/25/2022

شاندێکی باڵای وەزارەتی پێشمەرگە بە سەرۆکایەتی شۆڕش اسماعیل وەزیری پێشمەرگە و ئەندامییەتی فەریقی ڕوکن عیسی عوزێری محمد سەرۆکی ئەرکانی پێشمەرگە و فەریقی ڕوکن بەختیار محمد ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە و ژمارەیەك ئەفسەری پلە بەرزی وەزارەت بە فەرمی سەردانی ووڵاتی بەریتانیایان کرد و ژمارەیەك دیداریان لەگەڵ وەزیر و کاربەدەستانی حکومی و سەربازی ئەو ووڵاتە ئەنجامدا و هەندێك بارەگای سەرکردایەتی سوپا و سەربازگەیان بەسەرکردەوە. ئامانجی سەرەکی سەردانی شاندەکە سوود وەرگرتن بوو لە شارەزاییەکانی سوپای بەریتانیا لە بوارەکانی سەرکردایەتی کردن و پلاندان لە ئاستە ستراتیژی و تەکنیکیەکان، وە هەیکەلیەی فیرقە سەربازیەکانی ئەو ووڵاتە. سەردانەکە بەشیێکی گرینگە لە پڕۆسەی چاکسازی وەزارەتی پێشمەرگە  و هەماهەنگی سەربازی زیاتری نێوان هەردوولا.
لە یەکەمین وێستگەی سەردانەکەیاندا، شاندی ناوبراو بە یاوەری کاروان جمال تاهیر نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی وەزارەتی بەرگری بەریتانیایان کرد و دیدارێکیان لەگەڵ جەیمس هیپی وەزیری هێزە چەکدارەکانی ئەو ووڵاتە سازکرد. لە کۆبوونەوەیەکدا گفتوگۆ دەربارەی پەرەسەندنەکانی پڕۆسەی چاکسازی وەزارەتی پێشمەرگە کرا کە بەریتانیا وەك بەشێکی گرینگی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ڕۆڵی باڵا لەو پڕۆسەیەدا دەبینێت. هەروەها تیشك خرایە سەر هەماهەنگی سەربازی نێوان هەرێم و بەریتانیا. وەزیری هێزە چەکدارەکانی بەریتانیا پشتگیری بەردەوامی حکومەتی بەریتانیای بۆ هەرێمی کوردستان و پڕۆسەی چاکسازی وەزارەتی پێشمەرگە دووپات کردەوە و جەختی لەسەر گرینگی سەرخستنی ئەو پڕۆسەیە کردەوە.
لەلای خۆیەوە شۆڕش اسماعیل وەزیری پێشمەرگەی سوپاسی پاڵپشتی بەردەوامی ووڵاتی بەریتانیای بۆ هەرێمی کوردستان و هێزەکانی پێشمەرگە کرد و بە تایبەتیش هاریکاریەکانی ئەو وواآتە بۆ سەرخستنی پڕۆسەی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە، وە جەختی لەسەر بەردەوامی هەماهەنگی نێوان هەردوولا کردەوە.
هەر لە درێژەی سەردانەکەیاندا، شاندی وەزارەتی پێشمەرگە دیدارێکیان لەگەڵ ستێفن هیکی بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقیا لە وەزارەتی دەرەوە و گەشپێدانی بەریتانیا ئەنجامدا. هەردوولا تیشکیان خستە سەر دوایین پەرەسەندنەکانی دۆخی سیاسی و ئەمنی لە عیراق و ناوچەکە و پڕۆسەی چاکسازی وەزارەتی پێشمەرگە. هاوکات هەماهەنگی سەربازی نێوان هەردوولا تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو. جەیمس هیکی ستایشی قارەمانیەتی و قوربانیەکانی هێزەکانی پێشمەرگەی کرد لەشەڕ لە دژی داعش و پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە. جەختیشی لەسەر بەردەوامبوونی بەریتانیا لە پشتگیریکردن لە هەرێمی کوردستان کردەوە.
هەر لە میانەی سەردانەکەیاندا، شاندی وەزارەتی پێشمەرگە ژمارەیەك بارەگای سەرکردایەتیەکانی سەربازی و سەربازگەی بەریتانیایان بەسەرکردەوە بەمەبەستی ئاشنابوون بە پێکهاتە و هەیکەلیەی فیرقە سەربازیەکان، چۆنیەتی ئەنجامدانی چاکسازی و چەندین بابەتی تری گرینگی پەیوەندیدار.
لە دواڕۆژی سەردانەکەشیاندا، شاندی وەزارەتی پێشمەرگە چاویان کەوت بە مارتین سامی سامپسن ڕاوێژکاری باڵای وەزارەتی بەرگری بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقیا. هەردوولا سەردانی شاندەکەیان بەرز نرخاند بەمەبەستی سوود وەرگرتن لە شارەزاییەکانی سەربازی بەریتانیا و گرینگی پڕۆسەی چاکسازی کە وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێم جێبەجێی دەکات و هەنگاوی باشی لەو بوارەدا بڕیوە.

بەریتانیا
٢٥-٢٩ ی تەموزی٢٠٢٢