نوێنەری حکومەتی هەرێم بەشداری لە بۆنەیەکی بڵاوکردنەوەی رۆمانێك دەکات

Alternate Text هەواڵ : 4/21/2026

شانشینی یەکگرتوو، لەندەن، www.uk.gov.krd. کاروان جمال تاهیر نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشداریکرد لە بۆنەیەکی تایبەت بە بڵاوکردنەوەی ڕۆمانی (The Resurrected) کە لە گەلەری P21 لە لەندەن بەرێوەچوو.  

نووسەری ڕۆمانەکە (یۆست هیڵتەرمان) دۆستكی نزیکی گەلی کوردە و لە دوای راپەڕینی ساڵی ١٩٩٠ ەوە سەردانی هەرێمی کوردستانی کردووە بەمەبەستی بەدواداچوون بە دۆکیومەنت و بەڵگەنامەکانی تایبەت بە ئەنفال و جینۆسایدی گەلی کوردستان و لەو کاتەوە و تاکو ئێستا ژمارەیەك توێژینەوە و پەرتووکی لەسەر ئەو کارەساتە بڵاوکردۆتەوە. ناوبراو کورتەیەکی لەسەر ڕۆمانەکە و ئەو بەڵگەنامە و دۆکیومەنت و شایەدحاڵیانە پێشکەشکرد کە تایبەت بوون بە مێژوو و قۆناخە جیاکانی تاوانی ئەنفال دژ بە گەلی کوردستان، هاوکات دیدارەکانی لەگەڵ بەشێك لە رزگاربوانی ئەو هێرشە کۆمەڵکوژیانە کە چیرۆکە دڵتەزێنەکانیان باسکردووە کە بە چاوی خۆیان بینیویانە، ووتیشی کەوا تاوانەکانی دژ بە گەلی کوردستان پێویستی بە فۆکسی زیاتر هەیە لەلایەن نوسەر و رۆمان نووسەکان بۆ ئەوەی جیهانی دەرەوەی زیاتر پێ ئاشنا ببێت و کار بکرێت لەسەر ناساندنی زیاتریان و رێگەگرتن لە دووبارە بوونەوەیان.

هەر لە بۆنەکەدا ژمارەیەك پرسیار لەلایەن ئامادەبوانەوە کە پێکهاتبوون لە دۆستانی گەلی کورد و ژمارەیەك لە کەسایەتیەکانی کۆمەڵگای کوردی لە بەریتانیا پێشکەشکران و جەخت لەسەر کاری بەردەوام و پێکەوەیی کرایەوە بەمەبەستی بە جینۆسایدناساندنی ئەو تاوانانە لە جیهاندا.

نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستخۆشی لە رۆمان نووسەکە کرد و سوپاسی کرد بۆ هەموو ئەو هەوڵانەی کە داویەتی بەمەبەستی کۆکردنەوەی بەڵگەنامەکان و سوود وەرگرتن لێیان، هاوکات کاری بەردەوامیان بەمەبەستی ناساندنی جینۆسایدی گەلی کوردستان بە جیهانی دەرەوە، جەختیشی لەسەر ئەوە کردەوە کەوا پێویستە هەموو ئەو کارانەی کە کراون لەسەر تاوانەکانی ئەنفال و هێرشە کیمیاویەکان لە قۆناخی لۆکاڵی دەربچن و بە جیهانی بکرێن، چونکە تاکو ئێستاش هیچێك لە حکومەتەکانی جیهان بە گشتی و ئەوروپا بە تایبەتی ئەو تاوانانەیان بە فەرمی بە جینۆساید نەناساندووە، ئەوەش ئەرکی هەموو لایەکە، بە تایبەتیش نوسەر و رۆشەنبیران بۆ ئەوەی لە رێگای بەرهەمەکانیانەوە کاریگەری زیاتر دروست بکەن بۆ ئەوەی تاوانەکان بە جینۆساید بناسرێن و رێگەش لە دووبارە بوونەوەیان بگیردرێت.

لە کۆتایی بۆنەکەدا، کاری هونەری ١٢ هونەرمەندی کورد نمایش کرا و لەلایەن هونەرمەند (ئایشە خان) لە رێگای پارچە میوزیکێکەوە کە تەعبیری لە نەهامەتیەکانی کارەساتی ئەنفال دەکرد کۆتایی بە بۆنەکە هێندرا.


لەندەن
٢١ی نیسانی ٢٠٢٦