نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم ئێوارە پێشوازییەك بە بۆنەی جەژنی نەتەوەیی نەورۆز ساز دەکات

Alternate Text هەواڵ : 3/20/2024

تەلاری پەرلەمانی بەریتانیا، لەندەن، شانشینی یەکگرتوو، www.uk.gov.krd. بە بۆنەی سەری ساڵی نوێی کوردی و جەژنی نەتەوەیی نەورۆز، نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هابەشی لەگەڵ گرووپی دۆستایەتی کوردستان لە پەرلەمانی بەریتانیا ئێوارە پێشوازییەکی لە تەلاری پەرلەمانی بەریتانیا سازکرد کە ژمارەیەك پەرلەمانتار و لۆرد و کاربەدەستانی حکومەتی بەریتانیا و دامەزراوە و ڕێکخراوەکان و دۆستانی گەلی کورد و ڕەوەندی کوردستانی بەشدار بوون.

سەرەتای ئاهەنگەکە بە ووتنەوەی سروودی نەتەوەیی نەورۆز لەلایەن ئامادەبوانەوە دەستی پێکرد. دواتر کاروان جمال تاهیر نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەریتانیا ووتارێکی پێشكەش کرد و جەژنە پیرۆزەی لە ئامادەبوان کرد و ئاماژەی بە گرینگی پەیوەندیە دووقۆڵیەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەریتانیا و بەهێزترکردنی ئەو پەیوەندیانە کرد. هاوکات سوپاسی گرووپی دۆستایەتی کوردستان لە پەرلەمانی بەریتانیا و هەموو دۆستانی کوردی کرد بۆ ڕۆڵی بەردەوام و گرینگیان لە پشتگیریکردن لە پرسە ڕەواکانی گەلی کوردستان و کاریگەرییان لە بەهێزترکردنی پەیوەندیە دووقۆڵیەکانی نێوان هەرێم و بەریتانیا. هاوکات هەڵبەستی سروودی نەورۆزی بە زمانی ئینگلیزی پێشكەشکرد کە بووە مایەی خۆشحاڵی ئامادەبوان.


دواتر په‌رله‌مانتار جاك لۆپرێستی سەرۆکی گرووپی دۆستایەتی کوردستان لە پەرلەمانی بەریتانیا لە ووتەیەکیدا خۆشەویستی خۆی بۆ هەرێمی کوردستان و گەلی کورد دووپات کردەوە، هاوکات جەختی لەسەر گرینگی پێگە و ڕۆڵی هەرێمی کوردستان کردەوە لە ناوچەکە وەك هاوپەیمانێکی سەرەکی بەریتانیای پشت پێبەستراو. ووتیشی هەرێمی کوردستان پێگەیەکی تایبەتی لە ناوچەکە هەیە کە وەك گەلێك بڕوایان بە بەها دیموکراسیەکانی ڕۆژئاواوە هەیە و پاڵپشتی بەردەوامی گرووپەکەیانی بۆ هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە.


لەلایەکی ترەوە وەین دەیڤد وەزیری سێبەر بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سەرۆکی هاوبەشی گرووپی کوردستان لە پەرلەمانی بەریتانیا لە ووتەیەکیدا خۆشحاڵی خۆی بە بەشداریکردنی کوردستانیانی بەریتانیا لە ئاهەنگ گێڕانیان بە بۆنەی نەورۆز دووپات کردەوە. جەختیشی لەسەر خۆشەویستی و سەرسامی خۆی بۆ کوردستان و گەلەکەی نیشاندا کە وەك هاوپەیمانێك پێگە و کاریگەری خۆی دروستکردووە. تەئکیدیشی لەسەر گرینگی ڕۆڵی گرووپی کوردستان لە پەرلەمانی بەریتانیا بۆ پشتگیریکردن لە بەهێزکردنی پەیوەندیە دووقۆڵیەکانی نێوان بەریتانیا و هەرێمی کوردستان کردەوە و بەردەوامی خۆی و گرووپەکەی لە پشتگیریکردن لە هەرێم و سەردان و بەسەرکردنەوەی بەردەوامی کوردستان دووپات کردەوە.


دواتر دکتۆر هەڤاڵ ابوبکر پارێزگاری سلێمانی کە بەشداری ئاهەنگەکە بوو پیرۆزبایی لە هەموو لایەك کرد و تیشكی خستە سەر خەبات و بەرخودانی گەلی کوردستان و دیاسپۆڕای کوردستان کە توانیان بوونی خۆیان بجەسپێنن سەرەڕای ئەو هەموو تاوان و جینۆسایدەی کە به‌رامبه‌ر گه‌لی کوردستان ئەنجامدرا. ووتیشی جەژنی نەورۆز هەموو کوردی لەسەر یەک هەڵوێست کۆکردۆتەوە کە بەیەکەوە و لە یەك کاتدا ئاهەنگ دەگێڕن بەو بۆنە پیرۆزە.


ئامادەبوان کە زۆربەیان بە جل و بەرگی کوردی بەشداربوون خۆشحاڵی خۆیان بەو بۆنە پیرۆزە دەربڕی و سوپاسی پاڵپشتی و پشتگیری نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستانیان کرد لە دیاسپۆڕای کوردستان و کۆکردنەوەیان بە یەکەوە لەو بۆنە نیشتیمانیانه‌دا.

ته‌لاری په‌رله‌مانی به‌ریتانیا
لەندەن
٢٠ی ئازاری ٢٠٢٤