سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێم لەگەڵ وەزیری هێزە چەکدارەکانی بەریتانیا کۆدەبێتەوە

Alternate Text هەواڵ : 1/17/2025

شانشینی یەکگرتوو، لەندەن، www.uk.gov.krd. فەوزی هەریری سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان به‌یاوه‌ری کاروان جمال تاهیر نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ لوك پۆڵارد وەزیری هێزە چەکدارەکانی بەریتانیا له‌ باڵه‌خانه‌ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌و په‌ره‌پێدانی شانشینی یه‌کگرتوو کۆبۆوە.

 لە دیدارەکەدا کە ستیڤن هیچن باڵیۆزی بەریتانیا لە عیراق ئامادەبوون، تیشكخرایە سەر دوایین پێشهات و پەرەسەندنەکان لە هەرێمی کوردستان و عیراق و ناوچەکە.

فەوزی هەریری سوپاس و پێزانینی هەرێمی کوردستانی پێشكەش بە حکومەتی بەریتانیا کرد لە پشتگیری بەردەوامیان لە هەرێمی کوردستان، بە تایبەتیش وەزارەتی بەرگری ئەو وڵاتە و رۆڵی گەورەیان لە هاریکاریکردنی هێزەکانی پێشمەرگە و ڕاهێنانیان. جەختیشی لەسەر گرینگی بەردەوامی پاڵپشتیە سەربازیەکانی بەریتانیا کردەوە بەمەبەستی رووبەرووبوونەوەی هەڕەشەکانی تیرۆر لە ناوچەکەدا.

لوك پۆڵارد وەزیری هێزە چەکدارەکانی بەریتانیا ستایشی رۆڵی هەرێمی کوردستان و هێزەکانی پێشمەرگەی کرد لە پاراستنی ئەمن و ئاسایش و سەقامگیری تەواوی ناوچەکە و جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کەوا بەریتانیا بەردەوام دەبێت لە پەیوەندیە بەهێزەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان و هاریکاریەکانی لە بواری مەشق و راهێنان و پێکهاته‌ی وەزارەتی پێشمەرگە. لەو سۆنگۆیەشەوە، باسی ئەوەی کرد کە ووڵاتەکەی هه‌وڵی زیادکردنی خولەکانی راهێنانی هەیە بۆ هێزەکانی پێشمەرگە لە هەرێمی کوردستان و لە ئەکادیمیا سەربازییەکانی بەریتانیا بەمەبەستی بەرزکردنەوەی تواناکانی هێزەکانی پێشمەرگە. ووتیشی له‌به‌رنامه‌یدایه‌ سەردانی هەرێمی کوردستان بکات لە نزیکترین دەرفەتدا بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەسەر پەیوەندیە دووقۆڵیەکان و چۆنیەتی بەرزکردنەوەی ئاستی هاریکاریەکانی بەریتانیا بۆ هێزەکانی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان بکه‌ن.

وەزیری هێزە چەکدارەکانی بەریتانیا هاوکات جەختی لەسەر بەردەوامی ئه‌رکه‌کانیان کرده‌وه‌ له‌ عێراق و به‌تایبه‌تی له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ و؛ ووتی کەوا پەیوەندیەکانمان قوڵ و ستراتیژین و هەرێمی کوردستان یەکێکە لە هاوپەیمانە سەرەکیەکانمان لە ناوچەکە، هاوکات هه‌ردوولا هاوڕابوون که‌ گۆڕانکارییه‌كانی ناوچه‌که‌ په‌یوه‌ندی زیاترو قوڵتر ده‌خوازێت بۆ پاراستنی ئارامی و ئاسایش، له‌و سۆنگه‌یه‌شه‌، سه‌رۆکی دیوانی سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێمی کوردستان بانگهێشتی وه‌زیری به‌رگری کرد بۆ سه‌ردانیکردنی هه‌رێمی کوردستان له‌ نزیکترین ده‌رفه‌تدا.

هه‌ر له‌ باڵه‌خانه‌ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ و په‌ره‌پێدانی شانشینی یه‌کگرتوو لە دیدارێکی جیاوازدا، فەوزی هەریری سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان به‌هاوڕێیه‌تی نوێنه‌ری حکومه‌تی هه‌رێم چاوی کەوت بە ستیڤن هیکی بەڕێوەبەری بەشی رۆژهەڵاتی ناوەراست و باکوری ئەفریقیا لە وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا.

لە دیدارەکدا تاوتوێی پەیوەندیە دووقۆڵیەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەریتانیا و دوایین پەرەسەندن و پێشهاتەکان لە هەرێمی کوردستان و عیراق و رۆژهەڵاتی ناوەراست کرا و جەخت لەسەر هەماهەنگی بەردەوامی نێوان هەردوولا کرایەوە بەمەبەستی رووبەرووبوونەوەی هەر جۆرە گرژیەك لە ناوچەکەدا.

لەلایەکی ترەوە پەیوەندەیکانی نێوان هەولێر و بەغدا باسیان لێوە کرا. فەوزی هەریری جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کەوا هەرێمی کوردستان هەموو پابەندیەکانی خۆی جێبەجێ کردووە و پێویستە بەغداش پابەندیە داراییەکانی خۆی بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکات. سەبارەت بە پڕۆسەی پێکهێنانی کابینەی تازەی حکومەتی هەرێمیش، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەدا کەوا پێشکەوتنی باش بەدەستهاتوون لە گفتوگۆکانی نێوان پارتە سیاسیەکان و چاوەڕێین لە نزیکترین دەرفەتدا رێکەوتنی سیاسی بکرێت و کابینەی تازەی حکومەت پێکبێت.

گۆڕانکارییەکانی سوریا و دۆخی ناوچەکە و دەرهاویشتەکانی لایەنێکی تری گفتۆگۆکان بوو. هه‌ڕدوولا هاوڕابوون که‌ سوریای نوێ ده‌بێت گشتگیر و نوێنه‌رایه‌تی هه‌موو لایه‌ن و پێکهاته‌کان بێت و مافەکانیان پارێزراوبێت و ئاسایش و ئارامی و پێکەوەژیان پەرەی پێبدرێت.

ستیڤن هیکی هەڵوێستی نەگۆڕی بەریتانیای لە پشتگیریکردن لە هەرێمێکی کوردستانی بەهێز و گەشەسەندوو وه‌ بەردەوامیدان بە پەیوەندیە دولایه‌نه‌کانی نێوان هەردوولا دوپاتکردەوە.  

وەزارەتی دەرەوە و په‌ره‌پێدانی شانشینی یه‌کگرتوو
لەندەن
١٦ی کانونی دووەمی ٢٠٢٥