نوێنه‌ری حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان ئاماده‌ی یادی ده‌یه‌مین ساڵه‌ی دامه‌زراندنی (کۆمپانیای کام بۆ به‌رهه‌مهێنانی فیلم) ده‌بێت.

Alternate Text هەواڵ : 12/1/2024

شانشینی یەکگرتوو، بێرمنگهام، www.uk.gov.krd. نوێنه‌ری حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له‌ شانشینی یه‌کگرتوو، سه‌ردانی شاری بێرمنگهامی کرد و به‌شداری ده‌یه‌مین ساڵه‌ی دامه‌زراندنی (کۆمپانیای کام بۆ به‌رهه‌مهێنانی فیلم) کرد به‌ ئاماده‌بوونی د. هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌کر پارێزگاری سلێمانی، و نوێنه‌ری باڵێۆزی کۆماری فیدڕاڵی عێراق و هونه‌رمه‌ندان و میدیاکاران و ڕێکخراوه‌کانی هونه‌ری و که‌لتووری و ئه‌ندامانی ڕه‌وه‌ندی کوردستانیان.

له‌ یاده‌که‌دا کامه‌ران که‌ریم خاوه‌ندی کۆمپانیای کام بۆ به‌رهه‌مهێنانی فلم، پوخته‌یه‌کی له‌سه‌ر ئامانجی کۆمپانیاکه‌یان و کار و به‌رهه‌مه‌کانیان خسته‌ڕوو، هاوکات تیشکی خسته‌ سه‌ر چیرۆکی سه‌رکه‌وتنه‌کانیان و هه‌نگاوه‌کانی بونیاتنانی ئه‌زموونیان، وه‌ به‌کارهێنانیان بۆ خزمه‌تی به‌ره‌وپێشبردنی بواری فلمسازی و که‌لتوور و فه‌رهه‌نگ.

د.هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌کر، بەناوی پارێزگای سلێمانی؛ پایتەختی ڕۆشنبیریی هەرێمی کوردستان و شاری داهێنەری ئەدەب لە یونسکۆ؛ پیرۆزبایی و پێزانین و پشتیوانیی پێشکەش  به‌کۆمپانیای کام کرد و ڕایگه‌یاند" په‌یوه‌ندییه‌کی پته‌ومان له‌سه‌ر ئاستی ناوه‌وه‌ و ده‌ره‌وه‌ له‌گه‌ڵ کوردان له‌ هه‌ر پنتێکی دنیا دروستکردووه‌، باوه‌ڕی ته‌واومان به‌کاری هاوبه‌ش و که‌لتوری هاوبه‌ش هه‌یه‌، پێمان وایه‌ ڕه‌وه‌ندی کوردستانی له‌هه‌ر کوێیه‌کی ئه‌م جیهانه‌دا، په‌یک و باڵێۆزی ڕاسته‌قینه‌ی کوردستانن و پردی په‌یوه‌ندی گه‌یاندنی گرێدانی ناوه‌وه‌ و ده‌ره‌وه‌ن، له‌ناو ئه‌رک و کاره‌کانی ڕه‌وه‌نی کوردیشدا، هونه‌ر و که‌لتور ئه‌م په‌یام و گه‌نجینه‌یه‌ن که‌ ده‌توانن زۆر به‌ئاسانی و به‌خێرایی به‌دنیای ده‌ره‌وه‌مان بگه‌یه‌نن".


نوێنه‌ری باڵێۆزی کۆماری عێراقی فیدڕاڵ له‌ وته‌یه‌کیدا، تیشکی خسته‌ سه‌ر پێگه‌ و زیندوویی ڕه‌وه‌ندی کوردستانی و عێراقی و پشتیوانی باڵێۆزخانه‌ی بۆ په‌یوه‌ندی به‌رده‌وام و بره‌ودان بێیان خسته‌ڕوو.

 

نوێنه‌ری حکومه‌تی هه‌رێم وته‌یه‌کی پێشکه‌ش به‌ ئاماده‌بوان کردو تێیدا وێڕای ده‌ربڕێنی خۆشحاڵیان له‌ به‌شداربوونی له‌ بۆنه‌ی ١٠ یه‌مین ساڵیادی دامه‌زراندنی کۆمپانیای کام فلم پرۆداکشن  بۆ بەرهەمهێنانی فیلمی سینەمایی و دۆکۆمێنتاری وه‌ ڕێکلامی بازرگانی و بەرنامەی تەلەفزیۆنی هاوکات ڕایگه‌یاند که‌ زیاتر خۆشحاڵه‌ که‌ به‌ دیداری ئه‌و ژماره‌زۆره‌ی ڕه‌وه‌وه‌ندی کوردستانی و هونه‌رمه‌ندان و میدیاکارانیئازیز   شادده‌بێت.

هه‌ر له‌ وته‌که‌یدا، نوێنه‌ری حکومه‌تی هه‌رێم به‌ گەرمی پیرۆزبایی له‌ کامه‌ران که‌ریم خاوه‌ندی کۆمپانیا و تێکڕای ئه‌ندامانی کۆمپانیا   کرد  که‌ بونه‌ته‌ پردێکی په‌یوه‌ندی گۆڕینه‌وه‌ی ئه‌زموون له‌گه‌ڵ کوردستان و ده‌زگا جیاجیاکانی بواری هونه‌رو فه‌رهه‌نگ و میدیا، وه‌ توانیویانه‌‌ زیاتر له‌ ١٢٠ به‌رهه‌می جۆراوجۆر به‌ئه‌نجام بگه‌یه‌نن، له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك دۆکۆمێنتاری که‌ سه‌رچاوه‌یه‌کی قوڵ و ده‌وڵه‌مه‌ند‌ن بۆ زانیاری  و نمایشکردنی بابه‌تی گرینگ و دروستکردنی کاریگه‌ری له‌سه‌ر بینه‌ر له‌ کوردستان و له‌ به‌ریتانیا، وه‌ ڕایگه‌یاند که‌ جێگه‌ی بایه‌خه‌ که‌ ئامانجه‌کانی کۆمپانیای کام فلم ته‌نها ئامانجی بازرگانی نین، به‌ڵکو لایه‌نه‌کانی به‌رپرسیارێتی نیشتمانی و ناساندنی دۆزی گه‌لی کوردستان و ئه‌و په‌یام و به‌هایانه‌ی که‌ گه‌لی کوردستان هه‌ڵی گرتوون له‌ ڕێگه‌ی جۆرێتی و بابه‌تی به‌رهه‌مه‌کانیان له‌خۆده‌گرێت وبوونه‌ته‌ به‌شێکی گرینگ له‌ به‌ره‌وپێشبردنی که‌لتوور و فه‌رهه‌نگی کوردی و ناساندنی به‌شیوه‌یه‌کی فراوان.

له‌ کۆتایشدا په‌یامی نوێنه‌ری حکومه‌تی هه‌رێم بۆ ڕه‌وه‌ندی کوردستانیان ئه‌وه‌ بوو که‌، وه‌ک سه‌رمایه‌یه‌کی گه‌وره‌ی هه‌رێمی کوردستان دڵنیان که‌وه‌ک لۆبییه‌كی کاریگه‌ر بۆ به‌ره‌وپێشبردنی وڵات ڕۆڵیان هه‌یه‌ و له‌ پێشخستنی بواری که‌لتووری و فه‌رهه‌نگ و فیلمسازی که‌ له‌ ڕێگه‌یه‌وه‌ گوزارشت له‌ ژیان و چیرۆکه‌ ڕاسته‌قینه‌کانی گه‌له‌که‌مان ده‌كات، جێگه‌ په‌نجه‌یان دیاره‌ و مایه‌ی پێزانینن.

هه‌ر له‌ یاده‌که‌دا ژماره‌یه‌ک خه‌ڵاتی پێزانین له‌لایه‌ن کۆمپانیای کام پێشکه‌شی ژماره‌یه‌ک له‌ به‌هره‌مه‌ند و خاوه‌ند ئه‌زمونه‌کان کرا.

بێرمینگهام
١ کانونی یه‌که‌می ٢٠٢٤