نوێنه‌ری حکومه‌تی هه‌رێم له‌گه‌ڵ په‌رله‌مانتار جۆن سلینگه‌ر سه‌رۆکی نوێی گروپی دۆستایه‌تی هه‌رێمی کوردستان کۆبۆوه‌

Alternate Text هەواڵ : 12/16/2024

شانشینی یەکگرتوو، لەندەن، www.uk.gov.krd. کاروان جه‌مال تاهیر، نوێنه‌ری حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان سه‌ردانی په‌رله‌مانی به‌ریتانیای کردو له‌لایه‌ن په‌رله‌مانتار جۆن سلینگه‌ر سه‌رۆکی نوێی گروپی دۆستایه‌تی هه‌رێمی کوردستان پێشوازی لێکرا.

له‌ دیداره‌که‌دا نوێنه‌ری حکومه‌تی هه‌رێم وێڕای پیرۆزبایی به‌هۆی ده‌ستنیشانکردنیان وه‌ک سه‌رۆکی نوێی گروپی دۆستایه‌تی، کورته‌یه‌‌کی ده‌رباره‌ی په‌یوه‌ندی دولایه‌نه‌ی نێوان هه‌رێمی کوردستان و شانشینی یه‌کگرتوو خسته‌ ڕوو له‌سه‌ر ئاسته‌ جیاکان و ڕایگه‌یاند که‌ هه‌رێمی کوردستان هاوبه‌شی ستراتیجی شانشینی یه‌کگرتووه‌ و گروپی دۆستایه‌تی په‌رله‌مانتاران ده‌توانن ڕۆڵی زیاتر ببینن بۆ به‌ره‌وپێشه‌وه‌ بردنی هه‌ماهه‌نگییه‌کان و پشتیوانی په‌رله‌مانی زیاتر بکه‌ن.

هه‌روه‌ها هه‌ردوولا باسی دۆخی نوێی سوریاو به‌رژه‌وه‌ندییه‌ ئاڵۆزه‌کانی ناوچه‌که‌ و ئه‌و نیگه‌رانیانه‌ی که‌ هه‌ن کران و جه‌خت کرایه‌وه‌ که‌ هاوپه‌یمانی دژی داعش هاوکاری و پابه‌ندییه‌کانیان به‌رده‌وامی هه‌بێت.

هاوکات باس له‌ چۆنێتی گه‌شه‌پێدانی کاری پێکه‌وه‌یی و هه‌ماهه‌نگی زیاتر کرا و تیشک خرایه‌ سه‌ڕ به‌رنامه‌ی کاری ساڵی ئاینده‌ که‌ به‌هاوبه‌شی ئه‌نجام بدرێت.

ته‌لاری په‌رله‌مانی شانشینی یه‌کگرتوو
٥ کانوونی یه‌که‌م ٢٠٢٤