نوێنەری حکومەتی هەرێم لەگەڵ گرووپی دۆستایەتی کوردستان APPG لە پەرلەمانی بەریتانیا کۆدەبێتەوە

Alternate Text هەواڵ : 1/15/2025

شانشینی یەکگرتوو، لەندەن، www.uk.gov.krd. کاروان جمال تاهیر نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەریتانیا لە تەلاری پەرلەمانی شانشینی یه‌کگرتوو دیدارێکی لەگەڵ جۆن سلینگەر سەرۆکی گرووپی دۆستایەتی کوردستان APPG  لە پەرلەمانی بەریتانیا و ژمارەیەك لە ئەندامانی ئەو گرووپە ئەنجامدا.

لە دیدارەکەدا وێڕای پیرۆزبایی لە سلینگەر بەبۆنەی هەڵبژاردنی وەك ئەندامی پەرلەمان و سەرۆکی گرووپەکە و ئەندامە نوێیه‌کانی تری پەرلەمان کە ئامادەی کۆبوونەوەکە بوون، هاوکات پوخته‌یه‌کی دەربارەی دۆخی هەنووکەیی هەرێمی کوردستان و عیراق و ناوچەکە پێشکەشکرد و تیشكی خستە سەر پرۆسەی سیاسی لە هەرێم و دوایین هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان کە بە شێوەیەکی ئازاد و شەفافانە بەڕێوەچوو.

هەر لە دیدارەکەدا تاوتوێی پرۆسەی پێکهێاننی کابینەی تازەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرا و جەخت لەسەر ئەوە کرایەوە کە هەموو لایەنە سیاسیەکانی کوردستان جیددیانە کار لەسەر ئەوە دەکەن لە نزیکترین دەرفەتدا کابینەی ده‌یه‌می حکومەت پێکبێنن.

هەر لە درێژەی دیدارەکەدا نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کرد، بە تایبەتیش پرسی بودجەی هەرێم و مووچەی فەرمانبەران و کێشە هەڵپەسێندراوەکانی تر و داوای لە گرووپەکە کرد کاریگەرییەکانیان بەکار بێنن لەگەڵ حکومەتی وڵاتەکەیان بۆ ئەوەی رۆڵی زیاتر ببینێت لە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بە پشت بەستن بە دەستوری هەمیشەیی عیراقی فیدراڵ. هاوکات جەختی لەسەر بنەمای سەرەکی کاری هەرێمی کوردستان کردەوە لە پاراستنی سەقامگیری ناوچەکە و دوورخستنەوەی هەرێم و ناوچەکە لە هەموو توند و تیژیەك و هەڕەشەکانی تیرۆر کە رۆژ لە دوای رۆژ مەترسیەکانیان پەرەی زیاتر دەسێنێنن.

هەر لە کۆبوونەوەکدا کاروان جمال تاهیر سوپاسی هەموو ئەو کار و چالاکیانەی گرووپەکە‌ی کرد بۆ پشتگیریکردن لە هەرێمی کوردستان و داوای لێکردن لەو کات و ساتەدا کە ناوچەکە پێیدا تێدەپەرێت رۆڵی کارا و زیاتر ببینن لەگەڵ حکومەتی ووڵاتەکەیان بۆ پاراستنی کیانی هەرێمی کوردستان و ئەمن و ئاسایشی ناوچەکە بە گشتی.

سەرۆك و ئەندامانی گرووپەکە ژماره‌یه‌ك پرسیار و بابه‌تی بایه‌خی دولایه‌نه‌یان ئاراسته‌ی نوێنه‌ری حکومه‌ت کرد و هاوکات به‌رده‌وامی پشتگیری خۆیان بۆ هەرێمی کوردستان و هاووڵاتیانی دووپات کردەوە و خواستی خۆیان پیشاندا بۆ مسۆگه‌رکردنی پشتیوانی زیاتر له‌ هه‌رێمی کوردستان و  پاراستنی. هاوکات ئاماژەیان بەوەدا کە گرووپەکەیان پلانی سەردانیکردنی هەرێمی کوردستانی هەیە لە ئاینده‌یه‌كی نزیکدا بۆ ئەوەی لە نزیکەوە ئاشنای دۆخی هه‌رێمی کوردستان بن و دیدار له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان و  کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی بکه‌ن به‌ئامانجی بره‌ودانی زیاتری په‌یوه‌ندییه‌كان له‌سه‌ر ئاسته‌ جیاجیاکان.

تەلاری پەرلەمانی بەریتانیا- لەندەن
١٥ی کانونی دووەمی ٢٠٢٥