نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشداری لە کۆنفرانسی کۆتایی PeaceRep عێراق دەکات لە زانکۆی LSE
هەواڵ : 2/16/2026
لەندەن، شانشینی یەکگرتوو، www.uk.gov.krd. کاروان جەمال تاهیر، نوێنەری
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەریتانیا، بەشداریی لە کۆنفرانسی کۆتایی PeaceRep عێراق کرد،
بەناونیشانی "دوبارە داڕشتنەوەی عێراق: دەسەڵات، سیاسەت و ڕێگاکانی گشتگیری"،
کە لەلایەن PeaceRep عێراقەوە بە هاوبەشی لەگەڵ سەنتەری LSE ڕۆژهەڵاتی
ناوەڕاست لە سکوڵی ئابووری و زانستی سیاسی لەندەن (LSE) ڕێکخرابوو.
کۆنفرانسەکەدا داڕێژەرانی سیاسەت و دیپلۆماتکاران و توێژهرانی کۆکردەوە بۆ لێکۆڵینەوە
لە ڕێڕەوی سیاسی عێراق و گەڕان بەدوای ڕێگاکانی بەرەو ئاشتی گشتگیر و بەردەوام.
لە کۆنفرانسەکە گفتوگۆ لەسەر
پرۆسهی سیاسی و ئاستهنگییهکان لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ کرا و تیشک خرایه سەر چاکسازی
لە حوکمڕانی و فشارەکان لەسەر سیستەمە گرینگەکانی وەک پەروەردە و بەڕێوەبردنی سامانە
سروشتییەکان و ڕۆڵی عێراق لە چوارچێوەی ئەو گۆڕانکارییە گرینگ وچارەنووسازانەی لە
ناوچەکادا ڕوو دەدەن. هاوکات گرنگیەکی تایبەت بە پڕکردنەوەی بۆشایی نێوان توێژینەوە
و داڕشتنی سیاسەت درا بۆ پشتگیریکردن لە بونیاتنانی ئاشتی گشتگیر و خۆڕاگری دامەزراوەیی
درێژخایەن.
لە میانەی بەشداریکردنی لە
پانێڵی کۆتاییدا، کاروان جەمال تاهیر تیشکی خستە سەر ڕۆڵی توێژینهوه و دامەزراوەکانی
توێژینەوە لە بنیاتنانی ئاشتیدا. جەختیشی لەوە کردەوە کە بۆ ئەوەی توێژینەوەکان کاریگەرییەکی
ماناداریان لەسەر پرۆسەی ئاشتی هەبێت و بهههند وهربگیرێت لهلایهن بڕیاردهران،
پێویستە دامەزراوەکان سەربەخۆ و بێلایەن و شەفاف توێژینەوەکانی خۆیان ئەنجام بدەن،
وە نوێنهرایهتی و لۆبی کردنی تێڕوانین و ئایدۆلۆژیای سیاسی نهبن.
لە کۆتایی دا کۆنفرانسەکە
جەختکرایهوە لەسەر پەرەپێدانی پردی پهیوهندی ناوهندهكانی توێژینەوە و پۆلسی به
ئامانجی بهشداری کارا لهبونیادنانی ئاشتی و سهقامگیری.