بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوە پێشوازی لە شاندێکی گرووپی APPG پەرلەمانی بەریتانیا دەکات

Alternate Text هەواڵ : 4/11/2025

هەرێمی کوردستان، هەولێر، www.uk.gov.krd. سەفین موحسین دزەیی، بەرپرسى فه‌رمانگه‌ى پەیوەندییەکانى دەرەوە، پێشوازى لە گرووپى دۆستایه‌تی لەگەڵ هه‌رێمی کوردستان له‌ په‌رله‌مانی به‌ریتانیا (APPG)بە سەرۆکایەتيى په‌رله‌مانتار جۆن سلینگەر و ئەندامییەتی بارۆنێس فیۆنا هۆجسن کرد.

لە کۆبوونەوەکە کە کاروان جەمال تاهیر، نوێنەرى حکومەتى هەرێم لە بەریتانیا ئامادەى بوو، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوە پوختەیەکى لەسەر بارودۆخى هەرێمى کوردستان و قۆناغە سەخت و دژوارەکان پێشکەشکرد، وە سوپاسی گرووپەکەی کرد کە هەمیشە پاڵپشتیيان لە ئەزموونى هەرێمى کوردستان کردووە و لەکاتى پێویست هاوکار بوونە.

هەر لە دیدارەکەدا سەفین دزەیی ئاماژەی بە پێکەوەژیانی ئاشتیيانەى نێوان ئایین و نەتەوەکان کرد لە ناوچەیەکی پڕ لە کێشە و ململانێدا. تیشکیشی خستە سەر ئەو مەترسی و ئاستەنگانەی کە ڕووبەڕووی هەرێمی کوردستان دەبنه‌وه‌، بە تایبەتیش پەرەسەندنەکانی ناوچەکە و مەترسيی دروستکردنی کاریگەری لەسەر ئاوارە بوون بەهۆی ململانێکان.



لەلای خۆیەوە، جۆن سلینگەر سەرۆکی گرووپەکە جەختی لەسەر پابەندبوونی وڵاتەکەی کردەوە  بۆ قووڵکردنەوەی هاوکاری و بنیادنانی هاوبەشی لە بوارەکانی وەک گەشەپێدانی ئابووری، گەشتیاری و چاکسازی لە خزمەتگوزارییە گشتیەکاندا. هەروەها پێزانینی خۆی بۆ ئەو ڕۆڵە دەربڕی کە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئاشتی و سەقامگیريی ناوچەکەدا دەیگێڕێت.



هەولێر- هەرێمی کوردستان
١١ی نیسانی ٢٠٢٥