سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە شاندێکی گرووپی APPG پەرلەمانی بەریتانیا دەکات

Alternate Text هەواڵ : 4/13/2025

هەرێمی کوردستان، هەولێر، www.uk.gov.krd. مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە شاندێکی گرووپی دۆستایەتيی کوردستان لە پەرلەمانی بەریتانیا (APPG)کرد کە پێکهاتبوو لە پەرلەمانتار جۆن سلینگەر سەرۆکی شاندەکە و بارۆنێس فیۆنا گۆجسن ئەندامی ئەنجومەنی لۆردەکانی بەریتانیا.

لە دیدارەکەدا  کە سەفین دزەیی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوە و کاروان جمال تاهیر نوێنەری حکومەتی هەرێـی کوردستان ئامادەبوون، شاندەکە باسیان لە کار و چالاکییەکانی گرووپەکە کرد، کە لە ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانی هەموو پارتەکانی ناو پەرلەمانی بەریتانیا لەخۆ دەگرێت و ئاماژەیان بە ئامانجی گرووپەکە کە پشتیوانیکردنە لە هەرێمی کوردستان و بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و بەریتانیا لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا.

سەرۆکی حکومەت سوپاسی ئەندامانی گرووپەکە و حکومەت و پەرلەمانی بەریتانیای کرد و دەستخۆشی لێ کردن بۆ پشتیوانییان لە هەرێمی کوردستان و مافەکانی خەڵکی کوردستان و کارکردنیان لەپێناو پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و بەریتانیا.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەردوولا و دابینکردنی مافە دەستووری و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان و گرنگیی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان تاووتوێ کرا.

هەولێر – هەرێمی کوردستان
١٣ی نیسانی ٢٠٢٥