نوێنەری حکومەتی هەرێم لەگەڵ کاربەدەستانی ژوورەکانی بازرگانی ئەدەنبڕە کۆدەبێتەوە

Alternate Text هەواڵ : 2/6/2025

شانشینی یەکگرتوو، هەرێمی سکۆتلەندا، www.uk.gov.krd. لە درێژەی سەردانەکەیدا بۆ ئەدەنبڕەی پایتەختی هەرێمی سکۆتلەندا، کاروان جمال تاهیر نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان چاوی کەوت بە جوانە دەیڤدسن بەڕێوەبەری سیاسەتەکان  و مەیان گرەیس بەڕێوەبەری پرۆژەکان و چالاکیە بازرگانیە نێودەوڵەتیەکان لە ژوورەکانی بازرگانی ئەدەنبرە. لە دیدارەکەدا گفتوگۆ دەربارەی دۆخی ئابوری و وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان و چۆنیەتی بنیادنان و بەهێزترکردنی پەیوەندیە بازرگانیەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و سکۆتلەندا کرا.

نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە گەشەکردنی ئابوری هەرێم و پێشخستنی ژێرخانی ئابووری و سیاسەتی حکومەتی هەرێم بۆ هەمەچەشنکردنی ئابوری له‌ هەرێمی کوردستان و دورکه‌وتنه‌وه‌ له‌ پشتبه‌ستن بە نەوت و گاز وەك تەنها سەرچاوەی داهات باسکرد، هاوکات تیشکی خستە سەر هەلەکانی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان و یاسا و رێساکانی تایبەت بە وەبەرهێنەر و کۆمپانیا بیانیەکان کە لە کوردستان کار دەکەن. ووتیشی ئامانجی سەردان و دیدارەکەیان بەمەبەستی گفتوگۆکردنە لەسەر چۆنیەتی بنیادنانی پەیوەندیەکی تۆکمە لەگەڵ ژوورەکانی بازرگانی ئەدەنبرە و کۆمپانیا و وەبەرهێنەرەکانی سکۆتلەندا و بەستنەوەیان بە ژوورەکانی بازرگانی کوردستان و سەرمایەدار و کۆمپانیاکانی هەرێم و بەرزکردنەوەی ئاستی بازرگانی لە نێوان هەردوولادا.

کاروان جمال تاهیر ئاماژەی بەوەدا کەوا کوردستان بازارێکی تازە پێگەیشتووە و هەلی کار و وەبەرهێنانی زۆر لە خۆدەگرێت. پێشنیازی ئەوەشی کرد کە بە هەماهەنگی نێوان کۆنفیدراسیۆنی ژوورەکانی بازرگانی کوردستان و ژوورەکانی بازرگانی ئەدەنبرە کۆربەندێکی ئابوری و بازرگانی هاوبەش ئەنجامبدرێت به‌پشتیوانی هه‌ردوو حکومه‌تی سکۆتله‌ندا و هه‌رێمی کوردستان لە هەولێر یان ئەدەنبرە بۆ ئەوەی لە نزیکەوە وەبەرهێنانی هەردوولا ئاشنابن بە ده‌رفه‌ته‌کانی کار و بواره‌کانی هەماهەنگی. لەو سۆنگۆیەشەوە پێشنیاری ئەوەی کرد کەوا وەك سەرەتا شاندێکی فەرمی هەرێمی کوردستان کە حکومەت و کەرتی تایبەت لەخۆ بگرێت سەردانی سکۆتلەندا بکەن و لەگەڵ هاوتاکانیان کۆببنەوە و بەردی بناغەی پەیوەندیەکی بەهێز دابنێن.

ژوورەکانی بازرگانی ئەدەنبرە خۆشحاڵی خۆیان بەو دیدارە نیشاندا و ئامادەیی خۆیانیان دووپات کردەوە بۆ هەر جۆرە هەماهەنگیەك لەگەڵ نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم لە بەریتانیا و ژوورەکانی بازرگانی کوردستان و کۆمپانیاکان بەمەبەستی بنیادنانی پەیوەندیەکی ئابوری و بازرگانی تۆکمە لەنێوان هەردوولا. ووتیشیان ژوورەکەیان کار و چالاکی زۆر لەگەڵ ووڵات و هەرێمەکان ئەنجام دەدەن بە تایبەتیش لە بازارە تازە پێگەیشتووەکان، وە چالاکیەکانیان هەموو سێکتەرە جیاکان لەخۆ دەگرێت، چونکە ئەوان لە پلەی دووەمین شاری بەریتانیاو لە یەکەمین دە شارەکانی جیهانیەوە دێن لە رووی پێشکەوتنی زانستی و تەکنەلۆژیا و دەتوانن هاریکاری لە هەموو رووێکەوە پێشکەش بکەن.

هه‌ر له‌دیداره‌که‌دا، ژوورەکانی بازرگانی ئەدەنبرە داوای زانیاری زیاتریان کرد دەربارەی ئەولەویاتی ئەو سێکتەرانەی کەوا هەرێمی کوردستان مه‌به‌ستیانه‌ بۆ ئەوەی لەگەڵ کۆمپانیاکانی ئه‌ندام له‌ ژوورەکەیان هاوبەشی پێ بکەن و گفتوگۆی لەسەر بکەن، به‌ئامانجی دروستبوونی دیدگایەك لەسەر جۆری گرێدانی په‌یوه‌ندییه‌ ئابورییه‌کان و ده‌ستنیشانکردنی وه‌به‌رهێن و کۆمپانیای تایبه‌تمه‌ند که‌ ده‌توانێت له‌ خزمه‌ت ئه‌نجامدانی کۆربەندی پێشنیازکراوە بێت.

لە کۆتایی دیدارەکەدا هەردوولا جەختیان لەسەر بەردەوامی پەیوەندی و هەماهەنگی نێوانیان کردەوە. 


سکۆتلەندا
٦ شوباتی ٢٠٢٥