له‌ هۆڵی وێستمنسته‌ری پەرلەمانی بەریتانیا دیبەیتێك ڕێکخرا تایبه‌ت به‌ پەیوەندیەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و به‌ریتانیا

Alternate Text هەواڵ : 2/7/2024

شانشینی یەکگرتوو، لەندەن، پەرلەمانی بەریتانیا، www.uk.gov.krd. لەسەر داواکاری پەرلەمانتار جاك لۆپرێستی سەرۆکی گرووپی دۆستایەتی کوردستان لە پەرلەمانی بەریتانیا و بە ئامادەبوونی کاروان جمال تاهیر نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەریتانیا و لیۆ دۆکەتری وەزیری کاروباری ئەوروپا و ئەمریکای باکور و ژمارەیەك پەرلەمانتار، دیبەیتێك لەسەر پەیوەندیەکانی نێوان شانشینی یەکگرتوو و هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو.

لە دەستپێکی دیبەیتەکەدا پەرلەمانتار جاك لۆپرێستی ئاماژەی بەوەدە کەوا پەیوەندیەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و شانشینی یەکگرتوو و دەگەڕێتەوە چەند دەیەیەك بەر لە ئێستا و ڕۆژ لە  دوای ڕۆژ گەشەی زیاتری بەخۆوە بینیوە بۆ خزمەتکردنی بەرژەوەندیە دووقۆڵیەکانی نێوان هەردوولا بە تایبەتیش لە دوای ڕۆڵی گرینگی بەریتانیا لە پێکهێنانی ناوچەی ئارام و دژە فڕین بۆ کوردستانیان. هاوکات ئاماژەی بەوەدا کەوا پەیوەندیەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بە چەندین قۆناخی سەختدا تێدەپەڕێت بەهۆی دەستێوەردان و کاریگەری ده‌ره‌کی و میلیشیاکان لەو وڵاتە، وە بەکارهێنانی دادگای فیدڕاڵی کە بە شێوەیەکی دەستوری پێکنەهێندراوە وەك ئامرازێك بۆ ناسەقامگیرکردنی دۆخی هەرێم و دروستکردنی فشار لەسەریدا.

هەر لە درێژەی قسەکانیدا جاك لۆپرێستی ئاماژەی بە هێرشە موووشەکیەکەی ئێران و هێرشەکانی میلیشیاکاندا بۆ سەر شاری هەولێر و جەختی لەسەر گرینگی مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و بەریتانیا و هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان کردەوە بۆ پاراستنی سەقامگیری ناوچەکە و ڕێگەگرتن لە هەڵسانەوەی داعش. لەو سۆنگۆیەشەوە داوای لە حکومەتی ووڵاتەکەی کرد کە یارمەتی دۆستە و هاوبه‌شه‌کانیان لە هەرێمی کوردستان بدەن بۆ ئەوەی بتوانن خۆیان لە هێرشە مووشەکیەکان و دڕۆنەکان بپارێزن چونکە تا ئێستا هیچ ئامرازێکی بەرگریکردنیان لەبەردەستدا نیە. جه‌ختیشی لەسەر ئەوە کردەوە کەوا شانشینی یەکگرتوو بەردەوام دەبێت لە پشتگیریکردن لە هەرێمی کوردستانی بەهێز لەناو عیراقی فیدڕاڵدا، هاوکات لە ڕاهێنان و یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە بەردەوام دەبن بۆ ئەوەی هێزێکی مۆدێرنی یەکگرتوو دروست بکەن بۆ بەرگریکردن لە سەقامگیری ناوچەکە.


سەبارەت بە پرسی بودجەی هەرێمی کوردستان، جاك لۆپرێستی جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە دەبێت هەرێمی کوردستان بەشە بودجەی خۆی بۆ بنێردرێت و جارێکی تر ڕێگە بدرێت هەرێمی کوردستان نەوتەکەی خۆی بفرۆشێت و بۆ ئەوەی بتوانێت مووچە بۆ فەرمانبەرانی دابین بکات. ووتیشی: "ئێمە بەردەوام دەبین لە پشتگیریکردنمان لە هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی پێیان بڵێین کەوا تەنها چیاکان دۆستی ئێوە نین، بەڵکو ئێمە دۆستی ئێوەین" ووتیشی "چاکسازی پێویستی بە سەقامگیری و ژینگەیەیکی ئاشتیانە هەیە، ئەو ژینگەیەش بەهۆی دۆخی ناوچەکە لە کوردستاندا بەدی ناکرێت".

پەرلەمانتار بڕێندن ئۆهارا لە پارتی نیشتیمانی سکۆتلەندا جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کەوا حکومەتی شانشینی یەکگرتوو پێویستە پەیوەندیەکی تەندروست و هەماهەنگیکار لەسەر بنەمای ڕێزگرتنەوە لەگەڵ هەرێمی کوردستان دروست بکات، وە هیچ کاتێك خواستی گەلی کوردستان بۆ ئازادی و سەربەخۆیی پشتگوێ نەخات. ووتیشی پارتەکەی ئەو (پارتی نیشتیمانی سکۆتلەندا) پاڵپشتی لە مافی چارەنووسی گەلان دەکات لە هەر کوێیەکی جیهاندا بن و بە بنەمایەکی بنەڕەتیان هەژمار دەکات.
پەرلەمانتار وەین دەیڤد وەزیری سێبەر بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست  ئاماژەی بە ڕۆڵی گرینگی دیاسپۆڕای کوردستاندا لە شانشینی یەکگرتوو کە ڕۆڵێکی کاریگەر لە ئابوری و کەلتووری و کۆمەڵایەتی ووڵاتەکەیان دەبینن. هاوکات جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە پێویستە ووڵاتەکەیان پاڵپشتیەکانی بۆ هەرێمی کوردستان زیاتر بکات و بەرەو پێشتری ببات کە لە ئەنجامدا بە سوود بۆ هەردوولا دەگەڕێتەوە.

لیۆ دۆکەتری وەزیری کاروباری ئەوروپا و ئەمریکای باکور لە وەزارەتی دەرەوە و گەشەپێدانی نێودەوڵەتی کە بە نوێنەرایەتی حکومەت لە دیبەیتەکەدا بەشداربوو، ئاماژەی بەوەدا کەوا بەیەکەوە کاردەکەن بەئاراستەی خواستەکانیان بۆ کوردستانێکی سەقامگیر و گەشەسەندوو لە ناو عیراقێکی سەقامگیر و گەشەسەندوودا، هاوکات ووتیشی کەوا حکومەتی ووڵاتەکەیان بەردەوام دەبێت لەگەڵ هاوپەیمانان لە پشتگیریکردن و ئامۆژگاریکردنی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە و پڕۆسەی چاکسازی وەزارەتەکە. هاوکات ئاماژەی بە نیگەرانی ووڵاتەکەیدا سەبارەت بە دواخستنی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان، جەختیشی لەسەر گرینگی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان کردەوە. ووتیشی : "پەیوەندییە قوڵ و نزیکەکانمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان ڕێگامان پێدەدەن کە بە بەردەوامی جەخت لەسەر یەکڕیزی کورد و گەشەدانی دیموکراسی بکەینەوە لە هەرێمی کوردستان."

هەر لە درێژەی قسەکانیدا، لیۆ دۆکەتری داوای لە ئێران کرد فشارەکانی خۆی بەکاربێنێت لەگەڵ میلیشیا چەکدارەکان بۆ ئەوەی هێرشەکانیان ڕابگرن و نەبنە هۆکار بۆ زیاتر ناسەقامگیرکردنی هەرێمی کوردستان.

ووتیشی: "شانشینی یەکگرتوو سەربەرزە بە پابەندبوونی بە بەردەوامیدان بە پەیوەندیە بەهێزەکانمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی دواڕۆژێكی سەقامگیر و پێشکەوتوو بۆ گەلی کوردستان بێتەدی".

شایانی باسە ئەوە سێیەمین دیبەیتە کە لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا لە پەرلەمانی بەریتانیا سەبارەت بە پەیوەندیەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت، جگە لە ژمارەیەك لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی لیژنەی کاروباری دەرەوە لە پەرلەمانی بەریتانیا سەبارەت بە پەیوەندیەکان لە نێوان هەولێر و لەندەن.

پەرلەمانی بەریتانیا
٩ی شوباتی ٢٠٢٤