شاندێکی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم بەشداری لە کۆنفڕانسێکی زانکۆی LSE دەکات.

Alternate Text هەواڵ : 4/25/2023

شاندێکی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەریانتیا کە پێکهاتبوو لە خەسرۆ ئاژگەیی بەڕێوەبەری کاروباری سیاسی و میدیا و هاوڕێ کاوانی بەڕێوەبەری بەشی بازرگانی و وەبەرهێنان بەشداریان لە کۆنفڕانسێکی دوو ڕۆژەی زانکۆی LSE  کرد سەبارەت بە دیراسات و توێژینەوە ئەکادیمیە کوردیەکان لەسەر دۆز و پرسەکانی کوردستان.

.
لە کۆنفڕانسەکەدا ژماره‌یه‌کی به‌رچاو توێژینەوەی ئەکادیمی دکتۆرا پێشکەشکران کە تیشكیان خستبووە سەر لایەنەکانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و کەلتووری کورد، وە ئاماژەیان بە مێژووی گەلی کورد و خەبات و بزاڤە ڕزگاریخوازەکانی کردبوو، وە هەروەها شۆڕشە یەك لە دوای یەکەکانی گەلی کورد لە هەموو پارچەکانی کوردستان لە مێژووی سەد ساڵی ڕابردودا، وە هۆکارەکانی سەرنەکەوتنی شۆڕشەکانی گەلی کورد لە دیدگای ئەکادیمیەوە خرانە ڕوو. هاوکات تاوتوێی ڕۆڵی گرینگی کورد و بزوتنه‌وه‌ی سیاسی کوردستان و کاریگەریان لەسەر ژیانی سیاسی و سەقامگیری ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرا.

هەر لە کۆنفڕانسەکەدا کە لە لایەن سەنتەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی سەر بە زانکۆی LSE ڕێکخرابوو، وە زیاتر لە ١٠٠ ئەکادیمی کورد و غەیرە کورد بەشدار بوون کە توێژینەوەی ئەکادیمیان لەسەر کورد و کوردستان ئەنجامداوە، ژمارەیەك نامەی دکتۆرا لەسەر ئه‌زموونی حوکمڕانی هەرێمی کوردستان پێشكەشکران.


لەندەن
٢٤-٢٥ ی نیسانی ٢٠٢٣