شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشداری لە کۆنفڕانسی ڕێگەگرتن لە توند و تیژی سێکسی و جێندەر لە ناوچەکانی ناکۆکی دەکات

Alternate Text هەواڵ : 11/28/2022

لەسەر بانگهێشتی فەرمی جەیمس کلێڤەرلی وەزیری دەرەوەی بەریتانیا و لۆرد تاریق احمد وەزیری کاروباری ڕٶژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقیا، شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە پێکهاتبوو لە دکتۆر دیندار زێباری ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتیەکان و دکتۆرە خانزاد احمد سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای خانمان و گەشەپێدان و بە ئامادەبوونی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەریتانیا بەشداریان کرد لە کۆنفڕانسی ڕێگەگرتن لە توند و تیژی سێکسی و جێندەر لە ناوچەکانی شەڕ لەژێر ناونیشانی "لەگەڵ قوربانیان و بۆ قوربانیان"  کە لە ڕۆژانی ٢٨-٢٩ی کانونی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٢ لە شاری لەندەن بەڕێوەچوو کە تێیدا ژمارەیەك لە وەزیر و کاربەدەستانی بەریتانیا و ووڵاتانی جیهان و دیبلۆماتکاران و ڕێکخراوەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان و چەندین ڕێکخراوی پەیوەندیداری نێودەوڵەتی بەشدار بوون.

لە پەرواێزی کۆنفڕانسەکەدا ژمارەیەك ووتار لە لایەن کاربەدەستانی بەریتانیا، نوێنەرانی ووڵاتانی جیهان، ئاژانسەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان و قوربانیانی توند و تیژی پێشکەشکران و ژمارەیەك پانێڵ بەڕێوەچوون.

لە تەواوی چالاکیەکانی ئەو کۆنفڕانسە، باس لە تاوانەکانی تایبەت بە توند و تیژی و هێرشی سێکسی کرایەوە کە لە چەندین ووڵاتی جیهاندا ڕوویانداوە بەهۆی ململانێ و شەڕ و پێکدادانه‌کاندا، وە داوا لە کۆمەڵگای نێوەدەوڵەتی کرا میکانیزمێك بدۆزێتەوە بۆ ئەوەی ڕێگا لەو تاوانانە بگیردرێت بەر لە ڕوودانیان، هاوکات ئەنجامدەرانی ئەو تاوانانە بدرێنە دادگا بۆ ئەوەی دادپەروەری بۆ قوربانیان بەرجەستە بکرێت. هەر لە کۆنفڕانسەکەدا چەندین بیر و ڕا ئاڵوگۆڕکران دەربارەی چۆنیەتی هاوکاریکردنی قوربانیانی توند و تیژی سێکسی و جێنەدەر بۆ ئەوەی بتوانن جارێکی تر وەك هاووڵاتی ئاسایی لە کۆمەڵگاکانیان بە بێ جیاوازی مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت.

لە په‌راوێزی کۆنفڕانسەکەدا شاندی حکومەتی هەرێم چاویان کەوت بە جەیمس کلێڤەرلی وەزیری دەرەوەی بەریتانیا، لۆرد تاریق احمد وەزیری کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقیا، خاتوو ئەلیسیا هێربێرت نێردەی تایبەتی  سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا بۆ یەکسانیی جێندەری، خاتوو فیۆنا بڕوس نێردەی تایبەتی سەرۆك وەزیران بۆ ڕێگەگرتن لە هێرشی سێکسی لە ناوچەکانی ململانێ و شەڕدا، کەریم خان داواکاری گشتیی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی، خاتوو یاسمین احمد بەڕێوەبەری نووسینگەی بەریتانیای ڕێکخراوی هیومان ڕایتس وۆچ و ژمارەیەك لە نوێنەرانی ووڵاتانی بەشداربوو لە کۆنفڕانسەکە، هاوکات چەند موداخەلەیەکیان لە پانێڵەکاندا کرد.

لە تەواوی ئەو کۆبوونەوانەدا شاندی حکومەتی هەرێم ڕۆشناییان خستە سەر ئەو تاوانە دڕاندانەی کە دەرهەق بە ئێزیدییەکان و پێکهاتەکانی تری کۆمەڵگای کوردستان کراوە. جەختیشیان لەسەر هاوکارییه‌کانی حکومەتی هەرێم کردەوە بۆ کۆکردنەوەی دۆکیومەنت و بەڵگەکانی ئەو تاوانەنە بۆ ئەوەی لە ڕێگای دادگایەکی پسپۆڕدا ئەنجامدەرانیان دادگایی بکرێن و بە سزای خۆیان بگەن، وە دادپەروەری بۆ قوربانیان بێتەدی. هاوکات ئاماژەیان بە هەنگاوەکانی حکومەتی هەرێمدا بۆ کەمکردنەوەی مەینەتیەکانی ئەو پێکهاتانە و دابینکردنی پێداویستیە بنەڕەتیەکانیان. ئاماژەشیاندا بە ڕزگارکردنی هەزارەها ئافرەت و مناڵی ئێزیدی لەلایەن حکومەتی هەرێم و کارکردن لەسەر دووبارە ئامادەکردنەوەیان بۆ ئەوەی وەك بەشێكی گرینگی کۆمەڵگای کوردستان ژیان بەسەر ببەن.

شاندی هەرێم هاوکات جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کەوا ئەنجوومەنی باڵای خانمان و گەشەپێدان پلانی دە ساڵەی ٢٠١٧-٢٠٢٧ی داڕشتووە و لەئێستادا لەگەڵ پەرلەمان هەماهەنگی دەکەن بۆ هەموارکردنەوەی یاسا بەرکارەکان. ئاماژەشیان بەوەدا کەوا حکوومەتی هەرێم پلانی کارکردنی بۆ جێبەجێکردنی بڕیارنامەی ١٣٢٥ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەبارەت بە ژنان و ئاشتی و ئاسایش ئامادەکردووە، کە پشت بە سێ کۆڵەگە دەبەستێت کە بریتین لە پاراستن، بەشداریکردن و پێشگرتن."

لە لایەکی ترەوە کاروان جمال تاهیر نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەریتانیا لە نووسینگەی نوێنەرایەتی پێشوازیکرد لە شاندەکەی حکومەتی هەرێـم. لە دیدارێکدا گفتوگۆ لەسەر گرینگی ئەو جۆرە کۆنفڕانسانە و بەشداری حکومەتی هەرێم کردەوە. هاوکات جەخت لەسەر هەماهەنگی بەردەوامی نێوان نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم و لایەنە پەیوەندیدارەکان بە پرسی توندوتیژی جێندەر و سێکس لە ناوچەکانی شەڕ کرایەوە بەمەبەستی گەیاندنی ئێش و ئازارەکان و کۆکردنەوەی پشتگیری زیاتر بۆ قوربانیانی ئەو تاوانانە.