نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێم بەشداری لە كۆنفڕانسی ساڵانەی پارتی كار دەكات
هەواڵ : 9/26/2022
وەك نەریتێكی ساڵانە، شاندێكی نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆكایەتی كاروان
جمال تاهیر نوێنەری حكومەتی هەرێم لە بەریتانیا بەشداری لە كۆنفڕانسی ساڵانەی پارتی
كار كرد كە لە شاری لیڤەرپوڵ لە ڕۆژانی ٢٥-٢٨ی ئەیلول لهژێر دروشمی ”بۆ
داهاتوویەكی سەوزتر و دادپەروەرانهتر” بەڕێوەچوو .
شاندی نوێنەرایەتی بەشداریان لە چەند كۆڕ و كۆبوونەوەیەی كۆنفڕانسەكە کرد بە مەبەستی
ئاگاداربوون له تێڕوانین و ستراتیجی پارتی کار و بە تایبەتیش سیاسەتی دەرەوەیان و
هەڵوێستیان لەسەر پرسە جیهانیەكان.
هەر لە كۆنفڕانسەكەدا نوێنەری حكومەتی هەرێم دیدار و چاوپێكەوتنی لەگەڵ ژمارەیەك باڵیۆز
و سەرۆكی نێردە دیبلۆماسیەكان و دیپلۆماتكارە جیهانیەكان ئەنجامدا و گفتوگۆ دەربارەی
ڕووداو و پێشهاتەكان و پەیوەندیە دووقۆڵیەكانی هەرێم و ووڵاتان كرا.
شاندی نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێم هاوكات بەشداریان لە بۆنه پێشوازی تایبەت بە سەرۆكی نێردە دیبلۆماسیەكان و باڵێۆزهکان
كرد كە لەلایەن دەیڤد لامی وەزیری دەرەوەی کابینهی سێبەری بەریتانیا میوانداری کرا. ناوبراو له ووتهیهکیدا
تیشکی خسته سهر هێڵە گشتییهکانی سیاسەتی دەرەوەی پارتەكەیان و جەختی لەسەر بەهێزتركردنی
ڕۆڵ و پێگەی بەریتانیا و كاریگەری لە پرسە نێودەوڵەتیەكان کردهوه.
هەرلە
بۆنهکهدا جۆن هەیڵی وەزیری بەرگری لە کابینهی سێبەر لە ووتارێكیدا جەختی لەسەر هەڵوێستی
پارتەكەی كردەوە بۆ پاراستنی ئەمن و ئاسایشی نێودەوڵەتی و هاریكاری كردنی هاوپەیمانەكانی
بەریتانیا. لە چوارچێوهی بۆنهکهدا كاروان جهمال تاهیر نوێنەری حكومەتی هەرێم لە
گفتوگۆیەكی دووقۆڵیدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی کابینهی سێبەر خواستی هەرێمی كوردستانی
دووپات كردەوە بۆ برهودانی زیاتر بە پەیوەندیەكان لەگەڵ پارتی كار و بانگهێشتنامهیهکی کراوهی ئاراستهی دهیڤد لامی
کرد بۆ سەردانیکردنی هەرێمی كوردستان.
هەر لە پەراوێزی كۆنفڕانسەكەدا نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێم بۆنه پێشوازییهکی سازدا
كە تێیدا ژمارەیەك لە ئەندامانی پارتی كار و دیپلۆماتكار و ئەندامانی ئەنجومەنی شارەوانیەكانی
بەریتانیا بەشدار بوون. سەرەتا كاروان جمال تاهیر نوێنەری حكومەتی هەرێم لە بەریتانیا
له ووتهیهکدا سوپاسی هاوكاریەكانی بەریتانیای كرد بۆ هەرێمی كوردستان و جەختی لەسەر
بەردەوامیدان بە پەیوەندیە بەهێزەكانی نێوان هەردەولا كردەوە. پاشان بامبۆس چارالامبۆس
وەزیری كاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكوری ئەفریقیا لە کابینهی سێبەر له ووتهیهکیدا
ستایشی ڕۆڵی هەرێمی كوردستانی كرد لە شەڕ لە دژی تیرۆریستانی داعش و ئەو ئازادی و دیموكراسی و
پێكەوەژیانەی كە بووەتە نموونەیەكی سەركەوتوو لەناوچەكەدا. هاوکات جەختی لەسەر بەردەوامیدان بە پەیوەندیە تۆکمهکانی
نێوان هەرێمی كوردستان و بەریتانیا كردەوە.

لە كۆتا ڕۆژی كۆنفڕانسەكەشدا، شاندی نوێنەرایەتی ئامادەی ووتاری کۆتایی كیەر ستارمەر
سهرکردهی پارتی كار بوون كە تێیدا ستراتیج و ئەولەویاتی پارتەكەی ڕاگهیاند .
