شاندێکی هەرێمی کوردستان بەشداری لە کۆنفڕانسی وەزاری ئایین و بیر و باوەڕ لە لەندەن دەکات

Alternate Text هەواڵ : 7/7/2022

بە داوەتنامەیەکی فەرمی لۆرد تاریق احمد وەزیری ده‌وڵه‌ت بۆ کاروباری نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان و مافی مرۆڤ له‌وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ و په‌ره‌پێدانی به‌ریتانیا و نوێنەری تایبەتی سەرۆك وەزیران بۆ نه‌هێشتنی توندوتیژی سێکسی ، شاندێکی هەرێمی کوردستان کە پێکهاتبوو لە دکتۆر پشتیوان سادق وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی و ئانۆ جوهر عبدالمیسح وەزیری گواستنەوە و گەیاندن و مه‌تران به‌شار وه‌رده‌ و ژمارەیەك لە نوێنەرانی ئایینە جیاکانی کوردستان بە یاوەری کاروان جمال تاهیر نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەریتانیا بەشداریان کرد لە کۆنگرەی وەزاری نێوده‌وڵه‌تی ئایین و بیر و باوەڕە جیاوازەکان لە شاری لەندەن.
لە پەراوێزی کۆنفڕانسەکەدا شاندی هەرێمی کوردستان دیدار و چاوپێکەوتنیان لەگەڵ ژمارەیەك لە بەشداربوانی کۆنگرەکە ئەنجامدا کە پێکهاتبوون لە بەرپرسانی حکومی، پەرلەمانتاران، نوێنەرانی ئایین و بیر و باوەڕە جیاوازەکان و ڕێکخراوانی کۆمەڵگای مەدەنی و باسیان لە پێکەوەژیانی ئایینی لە هەرێمی کوردستان و هەنگاوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەمەبەستی دروستکردنی ژینگەیەکی ئارام بۆ سەرجەم ئایینە جیاوازەکان بۆ ئەوەی ئاشتیانە و ئازادانە ئایینەکانی خۆیان پەیڕەو بکەن.
هەر لە کۆنگرەکەدا ٧ بەیاننامە ئامادە کرابوو بەمەبەستی واژووکردنیان لەلایەن بەشداربوانەوە بۆ بەهێزترکردنی ئازادی ئایین و بیر و باوەڕ و ڕێگەگرتن لە توند و تیژی لە دژی ئایینەکان و ڕێزگرتن لە بیر و باوەڕە جیاوازەکان.
هەر لە کۆنگرەکەدا ژمارەیەك پانێڵی جیاواز بەڕێوەچوون و پانێڵیستەکان جەختیان لەسەر گرینگیدان بە ئازادیە ئایینیەکان کردەوە و داوایان لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کرد بۆ هەنگاونانی جیددیانە بەمەبەستی ڕێگەگرتن لە جینۆساید و کۆمەڵکوژی و ئەشکەنجەدان بەهۆی باکگڕاوەندی ئایینی، هاوکات کارکردن لەسەر سزادانی ئەو ووڵات و کەسانەی کە پێشێلکاری مرۆیی ئەنجام دەدەن لە دژی ئایینەکان.
پرسی جینۆسایدی کوردیش لە پەراوێزی کۆنگرەکەدا ووروژێندرا. لە پانێڵێکدا ئاماژە بەوە کرا کەوا کۆمەڵکوژیەکانی داعش لە دژی کورادنی ئێزیدی تاوانی گەورە بوون دژ بە مرۆڤایەتی و پێویستە لەسەر نەتەوەیەکگرتووەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان هەنگاوەکان خێراتر بکەن بۆ کۆتایی هێنان بە مەینەتیەکانی خوشك و برا ئێزیدیەکان و تاوانبارن بە سزای دادپەروەرانه‌یان بگەیەنن.
لەندەن
٥-٦ی تەمووز ٢٠٢٢