شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشداری لە کۆڕبەندی جیهانی پەروەردە دەکات
هەواڵ : 6/27/2022
شاندێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد کە پێکهاتبوو لە به‌ڕێزان ئالان حمە سەعید وەزیری پەروەردە و د.ئارام محمد قادر وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و شاندی یاوه‌ریان وه به هاوڕێیه‌تی کاروان جه‌مال تاهیر نوێنه‌ری حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان بەشداریان کرد له گه‌وره‌ترین کۆڕبەندی جیهانی پەروەردەیی که له له‌نده‌نی پایته‌ختی شانشینی یه‌کگرتوو ساڵانە بە‌ڕێوه‌ده‌چێت.
لە کۆڕبەندەکەدا که زیاتر له ١١٢ ووڵات تێدا به‌شداربوون و گەورەترین گردبوونەوەی نێوده‌وڵه‌تییه که ژماره‌یه‌کی زۆر ووڵاتان به‌شداری تێدا ده‌که‌ن له‌سه‌ر ئاستی وه‌زیر و زۆربه‌ی ناوه‌ند و دامه‌زراوه په‌روه‌رده‌ییه‌کانی که‌رتی گشتی و تایبه‌ت و شاره‌زایانی بواری په‌روه‌رده به‌شداری ده‌که‌ن.
له پەراوێزی کۆڕبەندەکەدا ژمارەیەك په‌ناڵی جیاجیا بەڕێوەچوون و ووتار پێشکەشکران تێیدا تیشک خرایه سه‌ر ئه‌زموون و سیاسه‌تی په‌روه‌رده و ئاسته‌نگی گرفته‌کانی به‌رده‌م په‌روه‌رده و خوێندنی باش، هاوکات بیروڕاکان ئاڵوگۆڕ کران سه‌باره‌ت به چۆنێتی پێشخستنی ئاستی په‌روه‌ره و ڕۆڵی ته‌کنه‌لۆجیا و له‌به‌ره‌وپێشبردنی په‌روه‌رده و سوود وەرگرتنی لە شارەزاییەکانی یەکتر.
هه‌ر له کۆڕبه‌نده‌که‌دا به‌ڕێز نەدیم زەهاوی وەزیری پەروەردەی بەریتانیا لە ووتارێکیدا تیشکی خستە سەر دوایین پڕۆژە یاسای وەزارەتی پەروەردە کە پێی دەووترێت (White Paper) کە تایبەتە بە گۆڕانکاری لە سیستەمی پەروەردەی ئەو ووڵاتە و گرینگی‌دان بە بواری پیشەیی و یەکسانیکردنی بە خوێندنەکانی تری ئامادەیی، هاوکات هاریکاریکردنی ئەو خێزانانەی کە هەژارن بۆ ئەوەی مناڵەکانیان لە خوێندن بێ بەش نەبن و ڕاهێنانی چڕ بۆ مامۆستایان. هاوکات ڕایگه‌یاند ئاڵوگۆڕی ئه‌زموون زۆرگرینگه و ئێمه زۆر سودمان له ووڵاتانی تر وه‌رگرتووە و ئامادەین کەوا هاوبەشی بە شارەزاییەکانی خۆمان بکەین لەگەڵ هەموو لایەك.
هه‌ر له په‌راوێزی کۆڕبەندەکەدا شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان ژمارەیەك دیدار و چاوپێکەوتنیان لەگەڵ ناوه‌ند و دامەزراوە و کۆمپانیا په‌روه‌رده‌ییه‌کان ئه‌نجامدا له‌سه‌ر ئاسته جیاکان بەمەبەستی دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و ده‌رفه‌تانه‌ی که هاوکارده‌بن له پێشخستنی سیستمی په‌روه‌رده‌یی له هه‌رێمی کوردستان.
هەر لە درێژەی سەردانەکەیاندا، شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی وەزارەتی پەروەردەی بەریتانیایان کرد و لە لایەن نەدیم زەهاوی وەزیری پەروەردەی بەریتانیا بە گەرمی پێشوازیان لێ‌کرا. لە دیدارەکەدا شاندی هەرێم داوای هەماهەنگی وەزارەتی پەروەردەی بەریتانیایان کرد بەمەبەستی بەرەوپێشبردن و بە ستاندەردکردنی زیاتری هەردوو بواری پەروەردە و خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستان و سوود وەرگرتن لە ئەزموون و شارەزاییەکانی بەریتانیا لەو بوارەوە. هاوکات داوایان کرد مامۆستایانی هەرێمی کوردستان لە خولەکانی ڕاهێنان بێ بەش نەکرێن. هاوکات بانگهێشتنامەیەکی فەرمیان ئاراستەی وەزیری پەروەردەی بەریتانیا کرد بۆ سەردانی هەرێمی کوردستان. لە بەرامبەردا نەدیم زەهاوی خۆشحاڵی ده‌ربڕی به‌دیداری له‌گه‌ڵ شاندی هه‌رێمی کوردستان و ستایشی ڕۆڵی هه‌رێمی کوردستانی کرد و به‌هاوبه‌شێکی گرینگی وه‌سفکرد. ئاماژەشی بەوەدا کەوا حکومەتی ووڵاتەکەی مۆڵەتی کردنەوەی لقی یەکێك لە زانکۆ پێشکەوتووەکانی بەریتانیای کرد لە هەرێمی کوردستان و ئامادەیی وەزارەتەکەی دەربڕی بۆ هەموو جۆرە هەماهەنگی و هاریکارییەك بۆ هەرێمی کوردستان.