شانۆگەری نوای ئارام لە لەندەن نمایش دەکرێت

Alternate Text هەواڵ : 1/28/2026

لەندەن، شانشینی یەکگرتوو، www.uk.gov.krd. بە ئامادەبوونی کاروان جمال تاهیر نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان و جۆن سلینگەر سەرۆکی گرووپی دۆستایەتی کوردستان لە پەرلەمانی بەریتانیا و ژمارەیەك لە کاربەدەستانی وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە نمایشی شانۆی "نوای ئارام" لە شانۆی ناوداری شاری لەندەن (ئارکۆڵا) نمایشکرا.

شانۆگەرییەکە لەلایەن کریس باوەرس کونسوڵی پێشووتری شانشینی یەکگرتوو لە هەرێمی کوردستان نوسراوەتەوە و باس لە ڕوداوه‌کانی ساڵی ١٩٩١ ناوچه‌که‌ و نه‌هامه‌تتیه‌کانی گه‌لی کورد ده‌کات به‌تایبه‌تی کۆڕه‌وو و پێشهاته‌کانی جینۆسایدێکی تر به‌رامبه‌ریان، هاوکات ڕۆڵی کاریگه‌ری دیبلۆماتکاری پراگماتیک تێکه‌ڵ کراو به‌ سۆز و به‌رپرسیارێتی پاراستن، وه‌ رۆڵی لۆبیکردنی دایاسپۆڕا لە دروستکردنی کاریگەری لەسەر داڕێژه‌رانی سیاسه‌ت  و بڕیار، که‌بوونه‌ هۆی ده‌ستپێشخه‌ری دروستکردنی نوای ئارام "سەیف هەیڤن" له‌لایه‌ن سەرۆك وەزیرانی ئەوکاتی بەریتانیا سێر جۆن مەیجەر.


 کریس باوەرس لە لێداونێکیدا ئاماژە بەوە دەدات کەوا مێژوی گه‌لی کوردستان و نه‌هامه‌تییه‌کانی هێندە کاریگه‌ری له‌سه‌ریان هه‌یه‌ که‌ بوونه‌ ئیلهامێک بۆی و شانۆگەرییەکی لەسەر ‘نوای ئارام’ نووسیوە که‌ کورد تێیدا پارێزرا له‌ جینۆسایدی زیاتر. وە دەلێت کەوا دوای بەشداریکردنی لە کۆبوونەویەکی ئۆنڵاین کە جۆن مەیجەر سەرۆك وەزیرانی پێشووتری بەریتانیا و مەسرور بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی کوردستان بەشداریان تێدا کرد له‌ یادی ٣٠ ساڵەی بڕیاری دروستکردنی نوای ئارام، ئەو ئیلهامەی خستە بواری پراکتیزە و دەستیکرد بە نووسینەوەی ئەو شانۆگەرییە.

دوا بە دوای نمایشکردنی شانۆگەرییەکە، پانێڵێك بەرێوەچوو بە بەشداری کاروان جمال تاهیر نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان و جۆن سلینگەر سەرۆکی گرووپی دۆستایەتی کوردستان و و تۆم هاردی دۆستی کورد و یەکەم ئەفسەری بەریتانیا کە لە ساڵی ١٩٩١ گەیشتە کوردستان له‌چوارچێوه‌ی جێبەجێکردنی نوای ئارام و له‌لایه‌ن گاری کێنت به‌ڕێوه‌برا.


له‌ په‌ناڵێکه‌دا باس لە گرینگی ئەو دەستپێشخەرییەی بەریتانیا کرا بۆ پاراستنی گەلی کوردستان کە دواتر بووە سومبولی ئازادی و دیموکراسی و پێکەوەژیان لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەراستدا.
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان پێزانینی حکومەتی هەرێمی کوردستانی پێشکەشی بە سێر جۆن مەیجەر و گەل و حکومەتی بەریتانیا کرد و ووتی کەوا ئەو هەنگاوەی ئەوان هەرێمی کوردستانی پاراست، بەڵام هاوکات رێگاشی خۆشکرد بۆ ئەوەی گەلی کورد ئازادانە پەرلەمان و حکومەتی خۆی پێکبهێنێت و حوکمی خۆی بکات دوور لە هەڕەشەکان، وە کوردستانێک بنیادنرا کە بووە قەڵای بەرگریکردن لە پڕەنسیپ و بەها شارستانی و دیموکراسیەکانی جیهان. هاوکات سوپاسی نووسەر کریس باوەرس و ئەکتەر و دەرهێنەری شانۆگەرییەکە‌ی کردو ووتی"تێکست و نواندنی شانۆکه‌ هه‌ناسه‌ی دا به‌ ڕوداوهێکی مێژووی و شایه‌دچاڵه‌کانی هێنایه‌ سه‌ر شانۆ".


سەرۆکی گرووپی دۆستایەتی کوردستانیش لە پەرلەمانی بەریتانیا ئەوەی دووپات کردەوە کەوا بەریتانیا بەردەوام دەبێت لە پشتگیریکردن لە هەرێمی کوردستان و برەودان بە پەیوەندیە ستراتیژیەکانی نێوان هەردوولا، ووتیشی رێگە نادەن کورد جارێکی تر بکەوێتەوە ژێر هەڕەشە و نەهامەتی، وە پەیوەندیەکان لە هەموو بوارەکاندا رۆژ لە دوای رۆژ بەرەو پێشتر دەچن.
کاپتن تۆم هاردیش باسی لە یادەوەریەکانی خۆی کرد کاتێك لەگەڵ دەستپێکردنی جێبەجێکرندی نوای ئارام چونە کوردستان و بە چاوی خۆیان دیمەنە دڵتەزێنەکانی کوردیان بینی لەسەر چیا سارد و بەفراویەکانی کوردستان، وە باسی لە ڕۆڵی خۆیان کرد لە چۆنیەتی فراوانترکردنی ئەرکەکانیان و دابینکردنی کەش و هەوایەکی ئارام و سەقامگیر بۆ گەلی کوردستان کە لە دەرئەنجامدا پەرلەمان و حکومەتی هەرێم پێکهێنراو بونه‌ سه‌رچاوه‌ی پێکەوەژیانی هەموو پێکهاتەکان.


شایانی باسە شانۆگەرییەکە تا رۆژی ٧ی شوبات بەردەوام دەبێت و رۆژانە دوو جار نمایش دەکرێت و داوا لە کوردستانیان دەکەین دەرفەتی بینینی ئەو شانۆگەرییە لەدەست نەدەن و ببینن چۆن لۆبیکردن و ڕەوەندی کوردستانی دەتوانن کاریگەری دروست بکەن لە سەر داڕێژەرانی بڕیار.

لەندەن
شانۆی ئارکۆلا
٢٨ی کانونی دووەمی ٢٠٢٦