نوێنەری حکومەتی هەرێم بەشداری لە ساڵیادی دامەزراندنی سەنتەری دیراساتی تورکی CEFTUS ده‌كات

Alternate Text هەواڵ : 11/3/2025

شانشینی یەکگرتوو، لەندەن، www.uk.gov.krd. بە بەشداری کاروان جمال تاهیر نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەریتانیا و تیمی نوێنەرایەتی، سەنتەری دیراساتی تورکی له‌بۆنه‌ پێشوازییه‌کی ئێواره‌دا یادی چوارده‌یه‌مین ساڵه‌ی دامەزراندنیان سازکرد.

لە بۆنەکەدا کە ژمارەیەك پەرلەمانتار و لۆرد و دیبلۆماتکارانی جیهانی و خاوەن کار و کۆمپانیا و ڕێکخراوه‌ جیاکان له‌ لەندەن ئامادەبوون، رۆڵی کۆمەڵگه‌کانی کوردی، قوبرسی و تورکی لە بەریتانیا بەرز نرخێندرا لە هەماهەنگی کردن لەگەڵ یەکدا بەمەبەستی گەشەدان بە ئازادی و دیموکراسی لە تورکیا و خزمەتکردنی کەلتوور و ناسنامەی ئەو کۆمەڵگایانە و بەهێزکردنی پەیوەندیەکانیان لەگەڵ کۆمەڵگه‌کانی تری بەریتانیا.


هەر لە بۆنەکەدا ژمارەیەك خەڵات پێشکەش بە کەسایەتی و کۆمپانیا و ئەکادیمیست و خاوەنکاران کرا له‌لایه‌ن نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان و ژمارەیەك باڵێۆز و پەرلەمانتاران، له‌پای تواناکانیان و خزمەتی کۆمه‌ڵگه‌ بە شێوەیەکی نایابانە و به‌شداریان له‌ گەشەسەندنی ئابوری بەریتانیا و پێشکەوتنیان له‌ بوارەکانیان لە ووڵاتی بەریتانیا.

ئامادەبوان جەختیان لەسەر رۆڵی گرینگی دامەزراوەکە کردەوە لە ماوەی ١٤ ساڵی رابردوودا لە رێکخستنی بۆنە و سیمیناری تایبەت بە بابەتە جیاوازەکان کە پەیوەندیان هەیە بە ئازادی و دیموکراسی و مافی نەتەوە و پێکهاتەکانی لە تورکیا و تاوتوێکردنی ئەو بوارانە بەمەبەستی برەودان بە ئاشتی کۆمەڵایەتی لەو ولاتە لە لایەك و تیشک خستنە سەر رۆڵی کورد و تورك و قوبرسیەکان لە پێکەوەژیانی برایانە و کاریگەرییان لەسەر بوارەکانی ئابوری و کۆمەڵایەتی و کەلتوری لە ووڵاتی بەریتانیا.

لەندەن
٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥