نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم بەشداری لە کۆنفڕانسی ساڵانەی پارتی پارێزگاران دەکات

Alternate Text هەواڵ : 10/5/2025

شانشینی یەکگرتوو، مانچستەر، www.uk.gov.krd. نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەریتانیا کاروان جمال تاهیر بە یاوەری شاندێکی نوێنەرایەتی بەشداریکرد لە کۆنفڕانسی ساڵانەی پارتی پارێزگاران کە لە رۆژانی ٥ تاکو ٨ تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥ لە شاری مانجستەر بەڕێوەچوو.

لە پەراوێزی کۆنفرانسەکەدا نوێنەری حکومەتی هەرێم بەشداریکرد لە بۆنە پێشوازی و کۆر و سیمینارەکانی کۆنفڕانسەکە، بە تایبەتیش بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان به‌ ستراتیج و سیاسەتی دەرەوەی پارتەکە له‌ گۆشه‌نیگای پارتی ئۆپۆزسیۆنی سەرەکی لە بەریتانیا دوای ١٤ ساڵ لە حوکمرانی. به‌شێوه‌ێه‌كی گشتی تیشکیان خستە سەر هێڵە پانەکانی سیاسەتی دەرەوەی بەریتانیا لە هەمبەر کێشە و پرسە نێودەوڵەتیەکان لە تەواوی جیهاندا، بە تایبەتیش سەبارەت بە شەڕی ئۆکرانیا و روسیا و دۆخی رۆژهەلاتی ناوەراست و جەختیان کردەوە لەسەر بەردەوامی پارتەکەیان لە بینینی رۆڵی کاریگەر لە یەکلایی کردنەوەی پرس و کێشە نێودەوڵەتیەکان.


لە بۆنەیەکی ئەنجومەنی باڵیۆزانی عەرەبدا، پریتی پاتێڵ وەزیری حکومەتی سێبەر بۆ کاروباری دەرەوە جەختی لەسەر گرینگی ناوچەی رۆژهەلاتی ناوەراست کردەوە لە هاوکێشە جیهانیەکان و ووتی کەوا پارتەکەیان بە گرینگیەوە سەیری پەیوەندیەکانیان دەکات لەگەڵ ووڵاتانی ناوچەکە، لە نێویشیاندا عیراقی فیدڕاڵ و ئەوەی دووپات کردەوە کەوا بەریتانیا پێویستە لە چالاکیەکانی لەو ناوچەیە بەردەوام بێت و رۆڵ لە سەقامگیری ناوچەکە و چارەسەرکردنی کێشەکانیدا ببینێت.


لە گفتوگۆیەکیشیدا لەگەڵ نوێنەری حکومەتی هەرێم، پریتی پاتێڵ رۆڵی هەرێمی کوردستانی لە پاراستنی سەقامگیری ناوچەکە بەرز نرخاند و ستایشی هەماهەنگیەکانی هەرێمی کرد، بە تایبەتیش لە رێگەگرتن لە کۆچی نایاسایی بۆ ئەوروپا، هاوکات وەك وەزیری دەرەوە لە حکومەتی سێبەر، خواستی خۆی نیشاندا بۆ سەردانیکردنی عێراق و هەرێمی کوردستان و لەو سۆنگۆیەشەوە باس لە هەماهەنگی نوێنەرایەتی لەگەڵ نووسینگەکەی کرایەوە بۆ کارکردن لەسەر ئەو سەردانە.


هەر لە پەراوێزی کۆنفرانسەکەدا، شاندی نوێنەرایەتی بە فەرمی بانگهێشتی بۆنه‌ پێشوازی سەرۆکی نێردە دیبلۆماسیە جیهانیەکان کرا کە تێیدا بەرپرسە باڵاکانی پارتی پاریزگاران و حکومەتی سێبەر بەشداربوون. له‌په‌راوێزدا گفتوگۆی دوولایه‌نه‌ ئەنجامدرا لەگەڵ نێردە دیبلۆماسیە جیهانیەکان و کاربەدەستانی پارتی پارێزگاران و میوانە نێودەوڵەتیەکان و ڕۆڵی هه‌رێمی کوردستان و پەیوەندیە دووقۆڵیەکان لەگەڵ ووڵاتەکانیان باسکرا.  


لە کۆنفرانسەکەدا نوێنەری حکومەتی هەرێم ژمارەیەك دیداری لەگەڵ کاربەدەستانی پارتەکە، په‌رله‌مانتاران و لۆرد و سیاسەتوانان و ئەندامانی پارتی پارێزگاران ئەنجامدا، وە گفتوگۆ دەربارەی پەیوەندیە دووقۆڵیەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ پارتی پاریزگاران و وڵاتی بەریتانیا کرا. کاربەدەستانی پارتی پاریزگاران خۆشحاڵی خۆیان بە پێشکەوتنی هەرێمی کوردستان لە هەموو بوارەکانەوە نیشاندا و بەردەوامی پاڵپشتیان بۆ هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە.

هەر لە کۆنفرانسەکەدا و وەك نەریتێکی ساڵانە و بە بەشداری ژمارەیەكی زۆر لە کاربەدەستان و ئەندامانی پارتەکە و دیبلۆماتکارانی جیهانی، نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم بۆنە پێشوازییەکی رێکخست بۆ رێزگرتن لە دۆستایەتی نێوان هەرێمی کوردستان و پارتی پارێزگاران.


نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە دۆستایەتی مێژوویی نێوان هەرێمی کوردستان و پارتی پارێزگاراندا، وە سوپاسی پارتەکەی کرد بۆ پشتگیری بەردەوامیان لە هەرێمی کوردستان و ئاماژەی بە رۆڵی جۆن مەیجەر سەرۆك وەزیرانی پێشووتری بەریتانیادا لە بریاری نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ دروستکردنی ناوچەی ئارام و دژەفڕین لە ساڵی ١٩٩١ و پاراستنی گەلی کوردستان لە هەڕەشەکانی رژێمی سەدام، ئاماژەشی بەوەدا کە حکومەتی هەرێمی کوردستان شەقامێکی لە پایتەختی هەرێم بە ناوی جۆن مەیجەر ناوناوه‌ وەك هێمای سوپاس و پێزانین بۆ رۆڵیان لە پاراستنی گەلی کوردستان کە لە دەرئەنجامدا قەوارەی ئەمڕۆی هەرێمی کوردستان دروستبوو.  هاوکات جەختی لەسەر گرینگی برەودانی زیاتر بە پەیوەندیەکانی نێوان هەرێم و پارتی پارێزگاران و رۆڵیان لە بەرگریکردن لە هەرێمی کوردستان کردەوە.


لۆرد فرانسیس مۆد ستایشی رۆڵی کاریگەری هەرێمی کوردستانی کرد لە پاراستنی ئەمن و ئاسایشی ناوچەکە و ئاماژەی بە دەسکەوتە گرینگەکانی حکومەتی هەرێمدا لە چاکسازی و شەفافیەت لە حوکمڕانیدا و بە دیجیتاڵکردنی سیستەمی حوکمڕانی بە شێوازێك کە ئێستا لە پێشەوەی ووڵاتانی ناوچەکەوە دێت. جەختیشی لەسەر هەماهەنگی بەردەوام کردەوە بۆ بەهێزترکردنی پەیوەندیە دووقۆڵیەکان و هەرێمی کوردستانی بە هاوپەیمانی ستراتیژی وەسفکرد.


پەرلەمانتاری پێشوو جاك لۆپرێستیش لە ووتەیەکیدا ستایشی رۆڵی پێشمەرگەی کوردستانی لە شەڕ لە دژی تیرۆریستان و پاراستنی ئەمن و ئاسایش تەواوی ناوچەکە بەرز نرخاند. ئاماژەشی بەوەدا کەوا بە بەردەوامی بەرگری لە هەرێمی کوردستان کردووە، بە تایبەتیش لەو کاتانەی کە سەرۆکی گرووپی دۆستایەتی کوردستان بوو لە پەرلەمانی بەریتانیا و تیشکی خستە سەر چالاکیەکانی گرووپەکە و سەردانەکانیان بۆ هەرێمی کوردستان و سەرسام بوونیان بە ئاستی ئازادی و دیموکراسی و رێزگرتن لە ئایین و نەتەوە جیاوازەکان لە هەرێمی کوردستان، ووتیشی هەرێمی کوردستان سەکۆی دیموکراسی و ئازادیە لە ناوچەکە و ئەوان بەردەوام دەبن لە بەرگریکردن لە دەسکەوت و گەشەی ئەو هەرێمە.


جێگه‌ی ئاماژه‌یه‌ له‌ کۆنفرانسه‌که‌دا و له‌ شوێنی تایبه‌ت به‌ میوانانی نێوده‌وڵه‌تی و باڵێۆزانی وڵاتان، وه‌زیری کابینه‌ی سێبه‌ر بۆ بازرگانی، په‌رله‌مانتار ئه‌ندرۆ گریفس، هه‌نگوینی کوردستانی ناساند و سوپاسی نوێنه‌رایه‌تی حکومه‌تی هه‌رێمی کرد له‌ به‌ریتانیا بۆ دابینکردنی هه‌نگوینی کوردستان بۆ میوانه‌کان.

مانچستەر
٥-٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥