شەشەمین کۆنفرانسی ساڵانەی (دەستپێشخەری عیراق) لە چاتام هاوس بەڕێوەدەچێت

Alternate Text هەواڵ : 11/20/2024

شانشینی یەکگرتوو، لەندەن، چاتام هاوس، www.uk.gov.krd. دامەزراوەی Chatham House شەشەمین کۆنفرانسی ساڵانەی (دەستپێشخەری عیراق) ی  رێکخست و فەلاح مستەفا یاریدەدەری سەرۆکی هەرێم بۆ کاروباری پەیوەندیە نێودەوڵەتیەکان و کاروان جمال تاهیر نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشداریان تێدا کرد. 

کۆنفرانسەکە بۆنەیەکی ساڵانەیە و بەبەشداری سیاسەتوانان و ‌ توێژه‌ره‌وان و ئەکادیمی و کاربه‌ده‌ستانی عێراق و هه‌رێمی کوردستان هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ دۆخی عێراق و پێشهاتە سیاسیەکان و دیدگا جیاوازه‌كان لەسەر دیمه‌نی سیاسی و مه‌ترسییه‌کان ده‌خانه‌‌ ڕوو، هاوکات شرۆڤەی ئەو ئاسته‌نگیانە ده‌کرێت کە دێنە بەردەم  عێراق و کاریگەرییەکانی لەسەر دۆخی ئەو وڵاتە بە هەموو سێکتەرەکانیەوە. 

کۆنفرانسەکە ژمارەیەك پانێڵی جیاوازی لەخۆ گرتبوو، لەوانەش (پێکهاته‌ی سیستەمی سیاسی لە عیراق لە دوای ٢٠ ساڵ لە رووخانی رژێمی پێشوو، گرژییەکانی ناوچەکە و کاریگەرییەکانی لەسەر عیراق، دۆخی سیاسی ئێستا و پێشهاته‌کانی هەڵبژاردنی گشتی داهاتوو، دۆخی ئابوری عیراق و داهاتووی ئەو ووڵاتە لەو دۆخە مەترسیدارەی رۆژهەڵاتی ناوەراست). هه‌روه‌ها هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ گۆڕانکاری ژینگه‌و خۆگونجاندن و هه‌نگاوه‌کانی ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ کران و هاوکات تیشک خرایه‌ سه‌ر ژینگه‌ی وه‌به‌رهێنان و دۆخی دارایی ژێرخانی بانکی له‌ عێراقدا.

لە یەکێک لە پانێڵەکاندا فەلاح مستەفا یاریدەدەری سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەراست بابەتێکی لەسەر دۆخی سیاسی و رۆڵی هەرێمی کوردستان لە سەرخستنی پرۆسەی سیاسی لە عیراق پێشكەشکرد. لە ووتەکەیدا ئاماژەی بە سەرکەوتنی هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییەی پەرلەمانی کوردستان کرد و تیشكی خستە سەر بەشداری رێژەیەکی به‌رزی هاووڵاتیان لە هەڵبژاردندا و بە نیشانەی سەکەوتن و متمانه‌ی خەڵکی کوردستان بە پڕۆسەی دیموکراسی وەسفکرد، بە تایبەتیش کە بەڕێوەچوونی پرۆسەی دەنگدانەکە لەلایەن کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عیراقەوە ئازادانە و شەفافانە سەرپەرشتی کرا.  هاوکات جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کەوا سەرکردایەتی سیاسی کوردستان کار لەسەر ئەوە ده‌که‌ن که‌ گفتووگۆکانی پێکهێنانی کابینەی تازەی حکومەتی هەرێم دوای ڕاگه‌یاندنی ده‌ره‌نجامی کۆتایی به‌فه‌رمی ڕاسته‌وخۆ ده‌ستپێبکات و هاوکات رێگا خۆش بکات بۆ هەڵبژاردنە گشتیەکانی داهاتووی عیراق کە لە مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی داهاتوو بەڕێوەدەچێت.

لەلایەکی ترەوە، فەلاح مستەفا تەئکیدی ئەوەی کردەوە کەوا بوونی پەیوەندیەکی باش و تۆکمە لە نێوان هەولێر و بەغدا و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەردوولا هەنگاوی گرینگن بۆ خزمەتکردنی زیاتری هاوڵاتیانی هەردوولا و پاراستنی سەقامگیری و ئەمن و ئاسایشی ناوچەکە بە تایبەتیش لەو کاته‌ هه‌ستیاره‌ی کە ووڵات پێیدا تێدەپەڕێت، وە ئامادەباشی سەرکردایەتی سیاسی کوردستانی لەو رووەوە دووپات کردەوە.   

لەندەن، چاتام هاوس
١٩-٢٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤