نوێنەری حکومەتی هەرێـم چاوی دەکەوێت بە کونسوڵی گشتی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان

Alternate Text هەواڵ : 8/28/2024

هەرێمی کوردستان، هەولێر، www.uk.gov.krd. کاروان جمال تاهیر نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەریتانیا له‌ چوارچێوه‌ی سه‌ردانه‌که‌یدا بۆ هه‌رێمی کوردستان چاوی کەوت بە ئەندرو بیزلی کونسوڵی گشتی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان.


لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ دەربارەی پەیوەندیە دوو قۆڵیەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەریتانیا کرا لە هەموو بوارەکانەوە، لە نێویشیاندا سێکتەرەکانی ئابوری و بازرگانی، کۆمەڵایەتی و کەلتوری.


هەر لە دیدارەکدا گفتوگۆ دەربارەی دۆخی هەنووکەیی ناوچەکە و هەڕەشە ئەمنیەکان کرا. تیشكیش خرایە سەر پڕۆسەی سیاسی لە عیراق و جەخت لەسەر گرینگی چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ بەغدا بە پشت بەستن بە دەستوری هەمیشەیی عیراق کرایەوە.


کاروان جمال تاهیر سوپاسی پاڵپشتی بەردەوامی حکومەتی بەریتانیای لە هەرێمی کوردستان کرد و جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کەوا هەرێمی کوردستان پێویستی بە پشتگیری بەردەوامی بەریتانیا و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی هەیە لە هەموو ڕووەکانەوە بۆ پاراستنی سەقامگیری هەرێم و ناوچەکە و یەکلاییکردنەوەی پرس و کێشەکان لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵدا.


هاوکات هەردوولا رژد بوون لەسەر گرینگی کاری هاوبەشی نێوانیان بەمەبەستی بەهێزترکردنی پەیوەندیه‌ دولایه‌نه‌کان.


کونسوڵی گشتی بەریتانیا لە هەولێر جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کەوا ئامانجی سەرەکی کارەکانی گەشەدانە بە پەیوەندیە بەهێزەکانی بەریتانیا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمی کوردستان، وە ئامادەباشی خۆی بۆ هەموو جۆرە هەماهەنگیەك دووپات کردەوە.


هه‌رێمی کوردستان
هه‌ولێر
٢٣ی ئابی ٢٠٢٤