لە لەندەن کۆنفرانسی زمانی کوردی بەڕێوەدەچێت

Alternate Text هەواڵ : 6/23/2024

زانکۆی بێرکبێك، لەندەن، شانشینی یەکگرتوو، www.uk.gov.krd. بە ئامادەبوونی کاروان جمال تاهیر نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەریتانیا و بەشداری ژمارەیەك لە ئەکادیمی و شارەزا و پسپۆڕی زمانی شرینی کوردی و مامۆستا و ڕێکخراوە تایبەتەکان بە بواری پەروەردە و زمانی کوردی، کۆنفرانسی نێونه‌ته‌وه‌یی زمانی دایک به‌ڕێوه‌ چوو، که‌ له‌لایه‌ن رێکخراوی کانگا تایبه‌ت به‌ پەروەردە ڕێکخرابوو.

نوێنەری حکومەتی هەرێم له‌ ووتارێکیدا وێڕای دەستخۆشی لە سه‌رۆک و ئه‌ندامان و خۆبه‌خشانی رێکخراوی کانگا بۆ ئاماده‌کاری و ڕێکخستنی کۆنفرانسێکی دوو ڕۆژه‌، هاوکات سوپاسی ئه‌کادیمی و پسپۆران و به‌شداربوانی کرد که‌ بەشێکیان لە دەرەوەی بەریتانیا و هه‌رێمی کوردستانه‌وه‌ هاتبوون. وه‌ ڕایگه‌یاند ئەو جۆرە کۆنفرانسانە زۆر گرینگ و پڕبایه‌خن به‌ ئامانجی تاوتوێکردنی چۆنیەتی پاراستن و گه‌شه‌پێدانی زمانی دایک له‌نێو کوردستانیانی دایاسپۆرا.

کاروان جمال تاهیر هه‌روه‌ها ووتی، که‌ پاراستنی زمانی دایک ئامرازێکی به‌هێزی به‌ستنه‌وه‌ی کوردستانیانه‌ به‌ فه‌رهه‌نگ و به‌ها که‌لتوورییه‌کان و ره‌گ و ڕه‌چه‌ڵه‌کمان، هاوکات ئاماژه‌ی دا به‌وه‌ی، که‌ نوێنه‌رایه‌تی حکومه‌تی هه‌رێم له‌ به‌ریتانیا خۆشحاڵه‌ به‌ پشتیوانیکردنی کۆنفرانسەکە، وه‌ ووتی هیوادارم ئه‌کادیمیه‌کان و پسپۆران بتوانن نه‌خشه‌ڕێگه‌یه‌ک دابڕێژن که‌ ئه‌رک و به‌رپرسیارێتییه‌کانی پاراستنی زمانی کوردی دایک ده‌ستنیشان بکه‌ن له‌چوارچێوه‌ی ڕاسپارده‌کانی کۆنفرانسه‌که‌.


کۆنفرانسە دوو رۆژییەکە ژمارەیەك بابەت و توێژینه‌وه‌ی ئەکادیمی و زانستی تێدا خرایه‌ ڕوو تایبه‌ت به‌ زمانی کوردی،  قۆناخەکانی پاراستنی زمانی کوردی لە مێژووی جیادا و گرینگی زمان بە گشتی و زمانی دایك بە تایبەتی و ئاسته‌نگییه‌کانی به‌رده‌م فێربوونی زمانی دایک له‌ نێو دایاسپۆرا، هەروەها رۆڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پاراستن و برەودان بە زمانی کوردی، هاوکات رۆڵی خێزان لە پاراستنی زمانی دایك بۆ مناڵانی کورد لە دەرەوەی ووڵات.

هەر لە کۆنفڕانسەکەد ئه‌زموونی پەروەرده‌ و فێرکردنی زمان لە چەند ووڵاتێکی ئەوروپا رۆشناییان خرایە سەر و جەختیان لەسەر کرایەوە بۆ ئەوەی کوردیش بتوانێت سوودیان لێوه‌ربگرێت لە پاراستنی زمانی خۆی، هاوکات تیشك خرایە سەر کاریگەری هه‌ڵبه‌ست و په‌خشان و ئەدەبی کوردی لەسەر زمانی کوردیدا.

لە کۆتایی کۆنفرانسەکە‌دا چاوه‌ڕوان ده‌کرێت ژماره‌یه‌ک ڕاسپارده‌ و پێشنیار ئاماده‌بکرێت و ئاراسته‌ی لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌کان و دامه‌زراوه‌ و ڕێکخراوه‌ په‌ره‌رده‌ییه‌کان بکرێت.

زانکۆی بێربێك، لەندەن
٢٢-٢٣ حوزەیرانی ٢٠٢٤