نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەشی کوردی لە پەیمانگای دیراساتی عەرەبی و ئیسلامی لە زانکۆی Exeter دەکات

Alternate Text هەواڵ : 6/13/2024

ئێکزیتەر، شانشێنی یەکگرتوو، www.uk.gov.krd. کاروان جمال تاهیر نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی زانکۆی ئێکزیتەری کرد و لەلایەن پرۆفیسۆر گارێس ستانسفیڵد یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆکە و پرۆفیسۆر کریستینا فیلیپس بەڕێوەبەری پەیمانگای دیراساتی عەرەبی و ئیسلامی لە زانکۆی Exeter و دکتۆر فەرەنگیس قادری بەرپرسی بەشی دیراساتی کوردی و کارمەندانی بەشەکە بە گەرمی پێشوازی لێکرا.

لە دیدارێکدا گفتوگۆ دەربارەی بەرنامە و کارەکانی بەشی دیراساتی کوردی و پرۆگرامی بە دیجیتاڵکردنی ئەرشیفی کوردی لە زانکۆی ئێکزیتەر کرا، وە پوختەیەکیان لەسەر ئەو بەرنامەیە پێشكەشی نوێنەری حکومەتی هەرێم کرد. بە پێی بەرنامەکە، چاوەڕوان دەکرێت لە ماوەیەکی نزیکدا زیاتر لە ٤٠ هەزار دۆکیومەنت و توێژینەوەی کوردی بە شێوازێکی دیجیتاڵی ئەرشیف بکەن کە هەنگاوێکی گرینگ دەبێت بۆ ناساندنی مێژوو و خەباتی کوردستان، هاوکات هەنگاوێکی گرنگ دەبێت بەمەبەستی ئاسانکاری بۆ گەڕان بە دوای ئەو بەڵگەنامە و دۆکیومەنتە کوردیانە کە بەشێکیان دەگەڕێنەوە بۆ چەند سەد ساڵێك بەر لە ئێستا. لەو سۆنگۆیەشەوە داوای هەماهەنگی و هاریکاری نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستانیان کرد بۆ بینینەوەی سەرچاوە و دۆکیومەنتە مێژووییەکان بەمەبەستی ئەرشیفکردنیان.

کاروان جمال تاهیر خۆشحاڵی بە گەشەدان بە بەشی دیراساتی کوردی لە زانکۆی ئێکزیتەر دەربڕی و دەستخۆشی لە کارەکانیان کرد، وە بەڵێنی هەموو جۆرە هاریکاری و هەماهەنگیەکی نیشاندا بۆ یارمەتیدانی ئەو بەشە. هەر لە دیدارەکەدا باس لە چۆنیەتی دابینکردنی کورسی خوێندن تایبەت بە زمانی کوردی لە ئاستی ماستەر و دکتۆرا لە زانکۆکە کرا. هەردوولا جەختیان لەسەر هەماهەنگی زیاتر کردەوە بەمەبەستی سەرخستنی ئەو بابەتە.


هەر لە درێژەی سەردانەکەیدا نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشانگایەکی تایبەت بە مێژووی دامەزراندنی شانشینی عیراق و رۆڵی گێرتروت بێڵ لە ناوچەکە و بەرخودانی کوردستان بۆ وەدەستهێنانی سەربەخۆیی دوا بە دوای جەنگی یەکەمی جیهان بەسەرکرەوە کە بەشی دیراساتی کوردی لە پەیمانگای دیراساتی عەرەبی و ئیسلامی زانکۆی ئێکزیتەر بە هاوبەشی لەگەڵ زانکۆی نیوکاسڵ رێکی خستووە. پێشانگاکە ژمارەیەك وێنە و دۆکیومەنت لەخۆ دەگرێت تایبەت بە ساتەکانی جەنگی یەکەمی جیهان و ئامادەکارییەکان بۆ دامەزراندنی شانشینی عیراق و خەباتی کورد بۆ وەدەستهێنانی سەربەخۆیی لەو کاتدا.



زانکۆی ئێکزیتەر
١٣ی حوزەیرانی ٢٠٢٤