نوێنەری حکومەتی هەرێم بەشداری لە یادەوەرییەکی تایبەت بە دۆستی گەلی کوردستان خاتوو ئان کلۆید دەکات

Alternate Text هەواڵ : 10/13/2023

شانشینی یەکگرتوو، هەرێمی وێڵز، www.uk.gov.krd. کاروان جمال تاهیر نوێنەری حکومەتی هەرێم بە سەرۆکایەتی شاندێکی نوێنەرایەتی بەشداری لە بۆنەیەکی تایبەت کرد بۆ یادکردنەوەی ژیانی پەرلەمانتاری پێشوو و دۆستی هەرە نزیکی کوردستان خاتوو ئان کلۆید کە لە کڵێسای (سەینت ئێلڤان) لە هەرێمی وێڵز بەڕێوەچوو.

لە بۆنەکەدا کە مارك درەیکفۆرد سەرۆك وەزیرانی هەرێمی وێڵز و خاتوو شاناز ابراهیم احمد خانمی یەکەمی عیراق و وەین دەیڤد وەزیری کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقیا لە حکومەتی سێبەر و ژماره‌ی په‌رله‌مانتار و نوسه‌ر و کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی مافی مرۆڤ و خانەوادە و کەس و کار و دۆستانی پەرلەمانتاری کۆچکردوو بەشدار بوون، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان پرسە و سەرەخۆشی حکومەتی هەرێم و گەلی کوردستانی گەیاندە خانەوادە و کەس و کاری کۆچکردوو، جەختیشی لەسەر ئەوە کردەوە کەوا خاتوو ئان کلۆید دۆستێکی هەرە نزیکی کوردستان بوو، وە بەشێکی زۆری لە ژیانی خۆی بۆ پشتگیریکردن لە دۆزە ڕەواکەی کوردستان و بەرگریکردن لە مافەکانی گەلی کوردستان تەرخان کردبوو.

خانەوادەی خاتوو ئان کلۆید سوپاس و پێزانینی خۆیان ئاراستەی نوێنەری حکومەتی هەرێم و شاندی یاوەری کرد بۆ بەشداریکردن لەو بۆنەیە و تەئکیدیان لەسەر ئەوە کردەوە کە لەسەر ڕێچکەی خاتوو ئان کلۆید بەردەوام دەبن بۆ بەرگریکردن لە مافەکانی گەلی کوردستان.

هەرێمی وێڵز
١٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣