شاندێکی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم بەشداری لە کۆنفڕانسی ساڵانەی پارتی کار دەکات

Alternate Text هەواڵ : 10/11/2023

شانشینی یەکگرتوو، لیڤەرپول، www.uk.gov.krd. وەك نەریتێكی ساڵانە، شاندێكی نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێمی کوردستان لە بەریتانیا بەشداری لە كۆنفڕانسی ساڵانەی پارتی كار كرد كە لە شاری لیڤەرپوڵ لە ڕۆژانی ٨-١١ی تشرینی یەکەم بەڕێوەچوو.

لە پەرواێزی کۆنفڕاسنەکەدا شاندی نوێنەرایەتی بەشداریان لە ژمارەیەك كۆڕ و كۆبوونەوەی کرد بە مەبەستی ئاگاداربوون له‌ تێڕوانین و ستراتیجی پارتی کار و بە تایبەتیش سیاسەتی دەرەوەیان و هەڵوێستیان لەسەر پرسە جیهانیە هەنوکەییەكان.

هەر لە كۆنفڕانسەكەدا کاروان جمال تاهیر نوێنەری حكومەتی هەرێم چاوی کەوت بە ژمارەیەك لە سەرکردە و کاربەدەستانی پارتەکە و باڵیۆز و سەرۆكی نێردە دیبلۆماسیەكان و دیپلۆماتكارە جیهانیەكان و گفتوگۆ دەربارەی ڕووداو و پێشهاتەكان و پەیوەندیە دووقۆڵیەكانی هەرێم و ووڵاتان كرا.

نوێنەری حکومەتی هەرێم هاوکات بەشداریکرد لە بۆنه‌ پێشوازی  تایبەت بە سەرۆكی نێردە دیبلۆماسیەكان و باڵێۆزه‌کان كە لەلایەن دەیڤد لامی وەزیری دەرەوەی کابینه‌ی  سێبەری بەریتانیا میوانداری کرا. له‌ ووتیه‌کیدا وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی سێبه‌ر گرینگی په‌یوه‌ندییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کانی باس کرد و ڕایگه‌یاند که‌ به‌ریتانیا ده‌بێت به‌ کرداره‌کی ببێت به‌ "به‌ریتانیای جیهانی" هاوکات تایبه‌ت به‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ڕایگه‌یاند که‌ به‌ یه‌کێک له‌ ئه‌وله‌ویه‌ته‌کانیان ده‌مێنێته‌وه‌.

 
هەر لە پەراوێزی كۆنفڕانسەكەدا نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێم بۆنه‌ پێشوازییه‌کی سازدا كە تێیدا ژمارەیەك لە کاربەدەستان و ئەندامانی پارتی كار و دیپلۆماتكار و ئەندامانی ئەنجومەنی شارەوانیەكانی بەریتانیا بەشدار بوون. سەرەتا كاروان جمال تاهیر نوێنەری حكومەتی هەرێم لە بەریتانیا له‌ ووته‌یه‌کدا ئاماژەی بە پەیوەندیە بەهێزەکاندا لەگەڵ بەریتانیا و سوپاسی هاوكاریەكانی ئەو ووڵاتەی کرد بۆ هەرێمی كوردستان. هاوکات جەختی لەسەر بەردەوامیدان بە پەیوەندیە بەهێزەكان و هەماهەنگی بەردەوام کردەوە بەمەبەستی زیاتر بەرەپێشبردنی دۆستایەتی نێوان هەردوولا، هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند هه‌ر پارتێکی سیاسی له‌ حکومه‌ت بێت، ئێمه‌ ده‌خوازین ببینین که‌ هه‌رێمی کوردستان جێگه‌ی خۆی هه‌بێت له‌ سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی به‌ریتانیا. پاشان وەین دەیڤد وەزیری كاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكوری ئەفریقیا لە کابینه‌ی سێبەر له‌ ووته‌یه‌کیدا ستایشی ڕۆڵی هەرێمی كوردستانی كرد لە سەقامگیری و گەشەپێدانی ناوچەکە، وە جەختی لەسەر بەردەوامیدان بە پەیوەندیە تۆکمه‌کانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەریتانیا كردەوە. ئەوەشی دووپات کردەوە کەوا ووڵاتەکەی دەیەوێت پەیوەندیەکان بەرەو پێشەوە ببات و ئامادەی هەموو هاریکاریەکە بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی کە هەرێم ڕووبەڕووی دەبنەوە.

لە کۆتا ڕۆژی کۆنفڕانسەکەشدا، شاندی نوێنەرایەتی ئامادەی ووتاری سەرۆکی پارتی کار سێر کیەر ستارمەر بوون.

لیڤه‌رپوول
٨-١١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣