نوێنه‌رایه‌تی حکومه‌تی هه‌رێم له‌ به‌ریتانیا به‌شداری له‌ کۆنفرانسی ساڵانه‌ی پارتی پارێزگاران ده‌کات.

Alternate Text هەواڵ : 9/30/2023

مانچستەر، شانشینی یەکگرتوو، www.uk.ghov.krd. شاندێكی نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆكایەتی كاروان جمال تاهیر نوێنەری حكومەتی هەرێم لە بەریتانیا وەك نەریتێکی ساڵانە بەشداری لە كۆنفڕانسی ساڵانەی پارتی  پارێزگاران كرد كە لە شاری مانچستەر لە ڕۆژانی ١-٤ی تشرینی یەکەم له‌ژێر دروشمی "بۆ دواڕۆژێکی گەشتر" بەڕێوەچوو.

لە ماوه‌ی کۆنفڕانسەکەدا که‌ ئه‌ندامانی کابینەی حکومەتی بەریتانیا، په‌رله‌مانتاران، کاربەدەستان و خاوەن بڕیار و ئەندامانی پارتی پارێزگاران و باڵێۆز و سه‌رۆکی نێرده‌ دیبلۆماسییه‌کان ئامادەی بوون، شاندی نوێنەرایەتی بەشداریان لە چەند كۆڕ و كۆبوونەوەیەکدا کرد کە تێیدا تێڕوانین و ستراتیژیەتی  پارتی پارێزگاران بۆ قۆناخی داهاتوو و چۆنیەتی ڕووبەڕووبوونەوەی تەنگژە داراییەکان، هەروەها سیاسەتی دەرەوەیان و و جه‌نگی ئۆکرانیا و هەڵوێستیان لەسەر پرسە جیهانیەكان ڕوون کرایەوە. هاوکات ژمارەیەك کۆڕ و دیداری تر سەبارەت بە پرسە جیهانیە گرینگەکان به‌ڕێوه‌چوون.

هەر لە میانەی کۆنفڕانسەکەدا، نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان ستاندێکی تایبەتی بە هه‌رێمی کوردستان هەبوو لە هۆڵی سەرەکی پێشانگای کۆنفڕانسەکە کە سەرنجی بەشداربوانی ڕاکێشا و خواستێکی زۆر لە لایەن ئەندامانی پارتی پارێزگاران و میوانە جیهانیەکان بینرا لەسەر هەرێمی کوردستان و دۆزە ڕەواکەی. هاکات ژمارەیەك وەزیری حکومەتی بەریتانیا بەجیا و بە تایبەتی سەردانی ستاندەکەی نوێنەرایەتی حکومەتیان کرد کە پێکهاتبوون لە جەیمس کلێڤەرلی وەزیری دەرەوە و تۆم تیوگیندهات وەزیری ئاسایش و وئەلیشیا کێڕنس سەرۆکی کۆمیتەی کاروباری دەرەوەی پەرلەمانی بەریتانیا و جاك لۆپریستی سەرۆکی گرووپی پەرلەمانتارانی هەموو پارتەکان بۆ پشتگیری لە هەرێمی کوردستان و ژمارەیەك لە وەزیرەکانی پێشووی حکومەتی بەریتانیا، وە دەستخۆشیان لە نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێم کرد بۆ چالاکیە بەردەوامەکانی بەمەبەستی بەهێزترکردنی پەیوەندیە دوو قۆڵیەکانی نێوان هەرێم و بەریتانیا و پشتگیری و پاڵپشتی ووڵاتەکەیان بۆ هەرێم دووپات کردەوە. هاوکات ژمارەیەکی بەرچاوی پەرلەمانتاران و لۆردەکان و ئەندامانی ئەنجومەنی شارەوانیەکان و ئەندامانی پارتی پارێزگاران و مێوانە نێودەوڵەتیەکان و دیبلۆماتکاران ستاندەکەی نوێنەرایەتیان بەسەر کردەوە و دەستخۆشیان پێشکەش کرد.

هەر لە كۆنفڕانسەكەدا نوێنەری حكومەتی هەرێم دیدار و چاوپێكەوتنی لەگەڵ ژمارەیەك باڵیۆز و سەرۆكی نێردە دیبلۆماسیەكان و دیپلۆماتكارە جیهانیەكان ئەنجامدا و گفتوگۆ دەربارەی ڕووداو و پێشهاتەكان و پەیوەندیە دووقۆڵیەكانی هەرێم و ووڵاتان كرا. هاوکات دیدار و کۆبوونەوە لەگەڵ ژمارەیەك پەرلەمانتار و لۆرد و ئەندامانی ئەنجومەنە شارەوانیەکان کرا.

هەر لە پەراوێزی کۆنفڕانسەکەدا نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەریتانیا بۆنە پێشوازییەکی ڕێکخست کە ژمارەیەکی زۆری کاربەدەست وئەندامانی پارتی پارێزگاران و نێردە دیبلۆماسیەکان ئامادەی بوون. له‌ بۆنه‌که‌دا په‌رله‌مانتار جاك لۆپریستی سەرۆکی گرووپی دۆستایەتی کوردستان لە پەرلەمانی بەریتانیا لە ووتەیەکیدا ئاماژەی بە دۆستایەتی و هاوپەیمانی بەهێزی نێوان بەریتانیا و هەرێمی کوردستاندا و جەختی لەسەر بەردەوامی پشتگیری گرووپەکەیان بۆ هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە، هاوکات ووتیشی ووڵاتەکەی پاڵپشتی لە کوردستانێکی بەهێز و گەشەسەندوو لە عیراقدا دەکاتەوە.

لەلای خۆیەوە کاروان جمال تاهیر نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەریتانیا تیشكی خستە سەر پەیوەندیە بەهێزەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەریتانیا و سوپاسی هاوكاریەكانی بەریتانیای كرد بۆ هەرێمی كوردستان و جەختی لەسەر بەردەوامیدان بە پەیوەندیە بەهێزەكانی نێوان هەردوولا كردەوە. هاوکات جەختی لەسەر هەماهەنگی بەردەوام کردەوە بەمەبەستی ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو کێشە و گرفتانەی کە ڕووبەڕووی هەرێمی کوردستان بوونەتەوە. جارێکی تریش جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە پێویستە دیاسپۆڕای کوردستان ڕۆڵی گەورە لە ژیانی سیاسی بەریتانیا ببینن و لە ڕێگای پارتەکانی ئەو ووڵاتە خزمەت بە پرسە ڕەواکانی کوردستان بکەنەوە، لەو سۆنگۆیەشەوە خاتوو یاسمین ئەترووشی کە به‌ ڕه‌چه‌ڵه‌ک کورده‌ بە ئامادەبوان ناساند وه‌ک یەکەمین کاندیدی ئافرەتی به‌ریتانی ڕه‌چه‌ڵه‌ک کورد کە پارتی پارێزگاران دەستنیشانی دەکات بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتوو پەرلەمانی بەریتانیا.

لە ووتەیەکیدا خاتوو یاسمین سوپاسی پشتگیری و پاڵپشتی پارتی پارێزگارانی کرد بۆ دەستنیشانکردنی وەك کاندید و جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کەوا جگە لەوەی کە هاووڵاتیەکی بەریتانیایە و لەو ووڵاتە لەدایکبووە و بڕوای بە بەها شارستانیەکانی بەریتانیا و پارتی پارێزگاران هەیە، هاوکات دۆزی ڕەوای گەلەکەی لەبیر ناکات و لە ڕێگای پارتی پارێزگارانەوە بەرگری لە مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان دەکات.

لە کۆتا ڕۆژی کۆنفڕآنسەکەشدا، شاندی نوێنەرایەتی ئامادەی ووتاری کۆتایی ڕیشی سوناك سه‌رکرده‌ی پارتی  پارێزگاران و سەرۆکی حکومەتی بەریتانیا بوون كە تێیدا تیشکی خستە سەر بەرنامەی کار و ئەولەویاتی پارتەكەی بۆ قۆناخی داهاتوو.

مانچستەر
١-٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣