نوێنەری حکومەتی هەرێم سیمینارێك پێشکەش بە ژمارەیەك لە قوتابیانی زانکۆی Metropolitanی لەندەن دەکات

Alternate Text هەواڵ : 3/27/2023

لەندەن، www.uk.gov.krd. لە درێژەی کار و چالاکیەکانی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەریتانیا و گەشەدان بە  پەیوەندیەکان لەگەڵ زانکۆکانی ئەو ووڵاتە، کاروان جمال تاهیر نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەریتانیا پێشوازی لە پڕۆفیسۆر ستیڤن کێرتس مامۆستای پەیوەندیە نێودەوڵەتیەکان لە زانکۆی میتڕۆپۆڵیتان و ژمارەیەك قوتابیانی بەشی سیاسی زانکۆکە کرد وە گفتوگۆیەکی کراوە کرا دەربارەی ناسنامە و خەباتی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و  مێژووی کورد لە عیراق و خەبات و بەرخودانی ئەو گەلە بۆ مافی چاره‌ی خۆنوسین و ئازادی و دیموکراسی.

لە سەرەتای بابەتەکەیدا، نوێنەری حکومەتی هەرێم سەردێکی مێژوویی پێشکەشکرد لەسەر تێکۆشان و شۆڕشە یەك لە دوای یەکەکان و نەهامەتیەکانی گەلی کوردستان بۆ گەیشتن بە ئازادی و مافە ڕەواکانی خۆی. هاوکات ڕۆشنایی خستە سەر ئەو دەسکەوتە مێژووییانەی کە هەرێمی کوردستان لە دوای ڕاپەڕینە مەزنەکەی ساڵی ١٩٩١ بەدەستی هێناون، هاوکات ئەو ئاڵنگاریانەی کە بە بەردەوامی دێنە بەردەم پێشکەوتنی هەرێمی کوردستان و پەیوەندیەکان لەگەڵ بەغدا و ووڵاتانی دەوروبەر.

هەر لە سیمینارەکەدا، کاروان جمال تاهیر ئاماژەی بەو تاوانانەدا کە دەرهەق بە گەلی کوردستان ئەنجامدراون لە کۆمەڵکوژی و جینۆساید و کیمیابارانکردن و زیندەبەچاڵکردنی خەڵکی بێ تاوان کە ئامانجی  ڕژێمە یەك لە دوای یەکەکانی عیراق لەو تاوانانە ڕێگەگرتن بوو لە ئازادی گەلی کوردستان.

هەر لە سیمینارەکەدا نوێنەری حکومەتی هەرێم ڕۆشنایی خستە سەر ڕۆڵی کاریگەری هەرێمی کوردستان و بەشداری بەهێزی کورد لە حکومەتی فیدڕاڵی عیراق لە دوای ڕووخانی ڕژێـمی سەدام لە ساڵی ٢٠٠٣، هەروەها باسی لە ڕۆڵی یەکلاکەرەوەی کورد و هێزی پێشـەرگەی کوردستان کرد لە شەڕ لە دژی داعش و لەناوبردنی ئەو هێزە تیرۆریستیە. هەر لە سیمینارەکەدا بیر و ڕا ئاڵ و گۆڕکران سەبارەت بە کاری دیبلۆماسی هەرێمی کوردستان و بنیادنانی پەیوەندیەکی بەهێزی نێودەوڵەتی لەگەڵ ووڵات و ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکان.

لە کۆتایی سیمینارەکەدا لەلایەن ئامادەبوانەوە ژمارەیەك پرسیار و تێبینی پێشكەشکران و لەلایەن نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە وەڵامیان درایەوە.

نووسینگەی نوێنەرایەتی

٢٨/٣/٢٠٢٣