شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشداری لە کۆنفڕانسێکی پەروەردەیی لە لەندەن دەکات.

Alternate Text هەواڵ : 3/19/2023

لەندەن، شانشینی یەکگرتوو، www.uk.gov.krd. شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی دکتۆر ئالان حەمە سعید وەزیری پەروەردە و دکتۆر ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران و داود ئەتروشی سەرۆکی زانکۆی دهۆك و ژمارەیەك لە بەڕێوەبەرە گشتیەکانی وەزارەتی پەروەردە بە یاوەری کاروان جمال تاهیر نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەریتانیا بەشداریان کرد لە کۆنفڕانسێکی نێوەدەوڵەتی تایبەت بە پەروەردە و فێرکردن و وانە ووتنەوە لە پۆڵە کۆتاییەکانی دواناوەندی کە بە هاوبەشی و بۆ ساڵی سێیەمە لەلایەن قوتابخانەکانی (Stirling) و زانکۆی کامبریج و هەردوو دەزگای , Gems for Education City & Guilds و ئەکادیمیای مامۆستایانی بەریتانیا ڕێکخرابوو. ئامانجی ئەو کۆنفڕانسە گەشەدانە بە بواری پەروەردە و تواناکانی مامۆستایان لە هەرێمی کوردستان.

لە دەستپێکی کۆنفڕانسەکەدا دکتۆر ئومێد ئاروزەری سەرۆکی قوتابخانەکانی ستێڕلینگ باسی ڕۆلی گرووپی قوتابخانەکانی کرد لە جێبەجێکردنی مۆدێڵێکی پێشكەوتووی پەروەردە بە پشت بەستن بە مەنهەجێکی دیجیتاڵی بەهێز و مامۆستای بە توانا و بەکارهێنانی دوایین تەکنەلۆژیا پێشکەوتووەکان. ووتیشی ئامانجمان ئەوەیە قوتابخانە و کۆلێژ و زانکۆکان لە سەرانسەری عیراقدا بتوانن داهێنان لە سیستەمی پەروەردە بکەن بە کوالیتیەکی بەرز و پێشکەوتوو.

 
دکتۆر ئالان حەمە سعید وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان لە ووتارێکیدا ئاماژەی بەوەدا کەوا قوتابیانی نەوەی تازە بەستراونەتەوە بە دیجیتاڵ و تەکنەلۆژیا، وە هەر نەوەیەکی تازە گۆڕانکاری گەورە بەسەر بواری پەروەردە و وانە ووتنەوە و فێربوون لەگەڵ خۆیاندا دێنن. جەختیشی لەسەر گرینگی پێداچوونەوەی بەردەوام بە ستراتیژیەتی وانە ووتنەوە و پەروەردەوە کردەوە بۆ ئەوەی مۆدێڵی تازەتر و باشتری پڕاکتیزەکردنی پەروەردەیی لە هەرێمی کوردستان بێتە ئاراوە.

هەر لە پەراوێزی کۆنفڕانسەکەدا پانێڵێك لەسەر گەشەپێدانی پڕۆفیشینالیزمی مامۆستایەتی و بە دیجیتاڵکردنی خوێندن و پەروەردەی تەکنەلۆژی بەڕێوەچوو. لەو پانێڵەدا پلاتفۆڕم درا بە مامۆستا ڕاهێنەرەکان، شارەزایانی پەروەردەیی و سەرکردەکانی کۆمەڵگا ناوەخۆیی و جیهانیەکان بۆ ئەوەی گفتوگۆ بکرێت دەربارەی چۆنیەتی دۆزینەوەی ڕێگەچارە بۆ پێداویستیەکانی بواری پەروەردە کە هاوتەریب بێت لەگەڵ پڕۆگرام و ئامانجەکانی گەشەپێدانی نەتەوەیەکگرتووەکان و چوارچێوەی بەرنامەنی پەروەردەیی UNESCO تا ساڵی ٢٠٣٠.

 

لەندەن

١٩ی ئازاری ٢٠٢٣