نوێنەری حکومەتی هەرێم پێشوازی لە میری ئێزیدیان دەکات

Alternate Text هەواڵ : 12/8/2022

کاروان جمال تاهیر نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەریتانیا لە نووسینگەی نوێنەرایەتی پێشوازی لە میر حازم تحسین بەگ میری ئێزیدیان و شاندی یاوەری کرد.

لە دیدارەکەدا گفتوگۆ دەربارەی پرسی جینۆسایدی خوشك و برا ئێزیدیەکانمان کرا و تاوتوێی هەوڵەکان کرا بە ئاراستەی ناساندنی نەهامەتیەکانیان بە جینۆساید و وەدەستهێنانی دادپەروەری بۆ قوربانیانی دەستی تیرۆریستانی داعش.

کاروان جمال تاهیر جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کەوا لە هەموو دیدار و بۆنە فەرمی و نافەرمیەکاندا، نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم لە بەریتانیا ئەو پرسە دەوورژێنێت و بە بەردەوام لەگەڵ کاربەدەستانی حکومەتی بەریتانیا هەوڵی ئەوە دەدات جینۆسایدی ئێزیدیەکان هاوشێوەی پەرلەمانی ووڵاتەکەیان بە فەرمی بناسێنێت، وە بەردەوام بێت لە دەستپێشخەرییەکانی بەمەبەستی بە نێودەوڵەتیکردنی ئەو کارەساتە.

لایەنێکی تری دیدارەکە تایبەت بوو بە گفتوگۆ لەسەر پرسی دادگاییکردنی تاوانبارانی جینۆسایدی ئێزیدییەکان، هەردوولا جەختیان لەسەر گرینگی ئەو پڕۆسەیە کردەوە بەمەبەستی گەیاندنی تاوانباران بە سزای دادپەروەرانەی خۆیان، وەدەستهێنانی دادپەروەری بۆ قوربانیان و کەس و کاریان، وە بۆ ئەوەی ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی ئەو تاوانانە بکرێت. هەر لە دیدارەکەدا باس لە گرینگی جێبەجێکردنی ڕێکەوتنی ئەمنی شەنگال و دووبارە بنیادنانەوەی ئەو شارە کرایەوە بۆ ئەوەی ئاوارەکان بتوانن بە سەربەرزی بگەڕێنەوە زێدی خۆیان و ژیان ئاسایی خۆیان به‌سه‌ربه‌رن.

میر حازم تەحسین بەگ سوپاسی هەوڵەکانی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم و هەموو ئەو لایەن و دامەزراوانەی کرد کە بەبەردەوامی کار لەسەر ئەو پرسە دەکەن و ئامادەیی دەربڕی بۆ هەموو جۆرە هەماهەنگیەك لەو ڕووەوە.

شایانی باسە شاندی ئەنجومەنی ڕوحانی ئێزیدیەکان بە سەردانێکی فەرمی لە ووڵاتی بەریتانیایە و ژمارەیەك دیداریان لەگەڵ کاربەدەستانی حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان ئەنجامداوە.

لەندەن
٨ی کانونی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٢