نوێنەری حکومەتی هەرێم چاوی دەکەوێت بە وەزیری کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقیا

Alternate Text هەواڵ : 12/5/2022

کاروان جمال تاهیر نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەریتانیا سەردانی وەزارەتی دەرەوە و گەشەپێدانی نێودەوڵەتی کرد و لەگەڵ لۆرد احمد وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقیا کۆبۆوە.

کاروان جمال تاهیر وێڕای سوپاس و پێزانینی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ هاریکاریەکانی حکومەتی بەریتانیا لە هەموو بوارەکاندا، هاوکات کورتەیەکی دەربارەی دوایین پەرەسەندنەکانی دۆخی سیاسی لە هەرێمی کوردستان و عیراق پێشکەشکرد. جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە کەوا هەرێمی کوردستان هەموو کاتێك ئامادە بووە بۆ ئەوەی کێشە و پرسەکان لەگەڵ بەغدا لە ڕێگای دایاڵۆگ و بەپێی دەستوری هەمیشەیی ووڵات چارەسەر بکات، ووتیشی ئێستا ئیراده‌یه‌كی بەهێز و نیازێکی باش لە حکومەتی نوێی عیراق بە سەرۆکایەتی بەڕێز ئەلسودانی بەدی دەکرێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، لەو سۆنگۆیەشەوە داوای هاوکاری و پشتگیری به‌رده‌وامی حکومەتی بەریتانیای کرد بۆ عێراق و هه‌رێمی کوردستان.

لەلای خۆیەوە لۆرد احمد پشتگیری و پاڵپشتی حکومەتی ووڵاتەکەی دووپات کردەوە بۆ عێراقی فیدڕاڵ و هەرێمی کوردستان و جەختیشی له‌سه‌ر خواستی ووڵاته‌که‌یان کرده‌وه‌ له‌ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کان له‌چوارچێوه‌ی ده‌ستوور . هاوکات ڕایگه‌یاند سەقامگیری هەرێمی کوردستان بە نیسبەت ئێمەوە بابەتێکی یەکجار گرینگە چونکە کاریگەری لەسەر هەموو عیراق و ناوچەکە دەبێت.

هەر لە دیدارەکەدا هەردوولا جەختیان لەسەر هەماهەنگی بەردەوامی نێوان به‌ریتانیا و هه‌رێمی کوردستان کرده‌وه‌.

شایانی باسە خەسرۆ ئاژگەیی بەڕێوەبەری کاروباری سیاسی و میدیا لە نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم، و ئۆلیڤەر دیکسن سەرۆکی تیمی عیراق و هەیمش تای سەرۆکی بەشی هەرێمی کوردستان لە وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا ئامادەی کۆبوونەوەکە بوون.

لەندەن
٥/١٢/٢٠٢٢