نوێنەری حکومەتی هەرێم لە بەریتانیا سیمینارێك پێشکەش بە قوتابیانی زانکۆی دۆرهام دەکات

Alternate Text هەواڵ : 11/28/2022

لە درێژەی کار و چالاکیەکانی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەریتانیا و بەهێزترکردنی پەیوەندیەکان لەگەڵ زانکۆکان و ناوەندە هزریەکانی ئەو ووڵاتە، کاروان جمال تاهیر نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەریتانیا بابەتێکی لە ژێر ناونیشانی "لە کەمینەیەکی ستەملکێکراوەوە، بۆ یاریکارێکی هەرێمی بەهێز" پێشكەش بە ژمارەیەك لە خوێندکارانی ماسته‌رو دکتۆرا  و ستافی کۆلێژی دۆرهام بۆ کاروباری حکومەت و بەشی کاروباری نێودەوڵەتی لە کۆلێژی سەینت ئەیدانس کرد کە لەلایەن پەیمانگای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دیراساتی ئیسلامی ڕێکخرابوو.

نوێنەری حکومەتی هەرێم لە بابەتەکەیدا سەردێکی مێژوویی لەسەر خەبات و نەهامەتیەکانی گەلی کوردستان و شۆڕشە یەك لە دوای یەکەکانی گەلی کورد کرد بۆ گەیشتن بە مافە رەواکانی خسته‌ڕوو. هاوکات تیشکیشی خستە سەر ئەو دەسکەوتانەی کە هەرێمی کوردستان بەدەستی هێناون و ئەو ئاڵنگاریانەی کە بە بەردەوامی دێنە بەردەم پێشکەوتنی هەرێمی کوردستان.

هەر لە سیمینارەکەدا، کاروان جمال تاهیر ئاماژەی بەو کارەسات و کۆمەڵکوژی و جینۆسایدانە کرد کە بۆ ڕێگەگرتن لە ئازادی گەلی کوردستاندا لەسەر دەستی ڕژێمە یەك لە دوای یەکەکانی عیراق دەرهەق بە کوردستان ئەنجامدراون، وە جەختیشی لەسەر گرینگی بەدواداچوون بەو تاوانانە و وەدەستهێنانی دادپەروەری بۆ قوربانیان کردەوە.

هەر لە پەراوێزی سیمینارەکەدا نوێنەری حکومەتی هەرێم ڕۆشنایی خستە سەر ڕۆڵی کاریگەری هەرێمی کوردستان و بەشداری کاریگەری کورد لە حکومەتی فیدڕاڵی عیراق لە دوای ڕووخانی ڕژێـمی سەدام لە ساڵی ٢٠٠٣، پڕۆسەی دیموکراتتی عێراق و هاوکات دۆخی ئێستای سیاسی لە هەرێمی کوردستان و عیراق و ناوچەکە بە گشتی.

کاروان جمال تاهیر ووتی: "پێویستە لایەنە سیاسیەکان و گرووپە جیاکان لە عیراق و جیهانی عەرەبی بگەنە ئەو قەناعەتە کەوا فدیرالیزم مانای جیابوونەوە و پارچە پارچە کردنی ووڵات ناگەیەنێت، بەڵکو دەبێتە هۆکار بۆ بنبڕکردنی کێشەکان و دروستکردنی ووڵاتێکی ئارام بۆ هەموو لایەك که‌ مافه‌کانیان تێیدا پارێزراوه‌."

هەر لە سیمینارەکەدا لەلایەن ئامادەبوانەوە ژمارەیەك پرسیار و تێبینی پێشكەشکران و لەلایەن نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە وەڵامیان درایەوە.

 

دۆڕهام-بەریتانیا

٢٨/١١/٢٠٢٢