نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێم بەشداری لە كۆنفڕانسی ساڵانەی پارتی پارێزگارانی بەریتانیا دەكات

Alternate Text هەواڵ : 10/7/2022

شانشینی یەکگرتوو، بێرمینگهام، ٢-٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢. شاندێكی نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆكایەتی كاروان جمال تاهیر نوێنەری حكومەتی هەرێم لە بەریتانیا وەك نەریتێکی ساڵانە بەشداری لە كۆنفڕانسی ساڵانەی پارتی  پارێزگاران كرد كە لە شاری بێرمینگهاملە ڕۆژانی ٢--٥ی تشرینی یەکەم  له‌ژێر دروشمی "با پێکه‌وه‌ بەریتانیا بخەینەوە سەرپێ"  بەڕێوەچوو.

لە ماوه‌ی کۆنفڕانسەکەدا که‌ ئه‌ندامانی کابینەی حکومەتی بەریتانیا، په‌رله‌مانتاران، کاربەدەستان و خاوەن بڕیار و ئەندامانی پارتی پارێزگاران و باڵێۆز و سه‌رۆکی نێرده‌ دیبلۆماسییه‌کان ئامادەی بوون، شاندی نوێنەرایەتی بەشداریان لە چەند كۆڕ و كۆبوونەوەیەکدا کرد کە تێیدا تێڕوانین و ستراتیژیەتی  پارتی پارێزگاران و سیاسەتی ئەو پارتە کە دەسەڵاتی ووڵاتی لە دەستە بۆ قۆناخی داهاتوو و چۆنیەتی ڕووبەڕووبوونەوەی تەنگژە داراییەکان و بەرزبوونەوەی نرخی کەل و پەل و ووزە باس کران، هەروەها سیاسەتی دەرەوەیان و هەڵوێستیان لەسەر پرسە جیهانیەكان ڕوون کرایەوە.

هەر لە كۆنفڕانسەكەدا نوێنەری حكومەتی هەرێم دیدار و چاوپێكەوتنی لەگەڵ ژمارەیەك باڵیۆز و سەرۆكی نێردە دیبلۆماسیەكان و دیپلۆماتكارە جیهانیەكان ئەنجامدا و گفتوگۆ دەربارەی ڕووداو و پێشهاتەكان و پەیوەندیە دووقۆڵیەكانی هەرێم و ووڵاتان كرا. هاوکات دیدار و کۆبوونەوە لەگەڵ ژمارەیەك پەرلەمانتار و لۆرد و ئەندامانی ئەنجومەنە شارەوانیەکان کرا.

هەر لە میانەی کۆنفڕانسەکەدا، نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ یەکەمین جار ستاندێکی تایبەتی بەخۆی هەبوو لە هۆڵی سەرەکی پێشانگای کۆنفڕانسەکە کە سەرنجی بەشدابوانی ڕاکێشا و خواستێکی زۆر لە لایەن ئەندامانی پارتی پارێزگاران و مێوانە جیهانیەکان بینرا لەسەر هەرێمی کوردستان و دۆزە ڕەواکەی. لە لایەکی ترەوە ژمارەیەك وەزیرەی حکومەتی بەریتانیا بەجیا و بە تایبەتی سەردانی ستاندەکەی نوێنەرایەتی حکومەتیان کرد کە پێکهاتبوون  لە نەدیم زەهاوی وەزیری جێبەجێکاری سیاسەت و بڕیارەکانی حکومەت و جەیمس کلێڤەرلی وەزیری دەرەوە و کێمی بادینۆچ وەزیری بازرگانی نێودەوڵەتی و ئەندریا جێنکینس وەزیری کاروباری زانکۆکان و ئەلیشیا کێڕنس سەرۆکی گرووپی دۆستایەتی کوردستان لە پەرلەمانی بەریتانیا، وە دەستخۆشیان لە نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێم کرد بۆ چالاکیە بەردەوامەکانی بەمەبەستی بەهێزترکردنی پەیوەندیە دوو قۆڵیەکانی نێوان هەرێم و بەریتانیا و پشتگیری و پاڵپشتی بەریتانیایان بۆ هەرێم دووپات کردەوە.

هاوکات ژمارەیەکی بەرچاوی پەرلەمانتاران و لۆردەکان و ئەندامانی ئەنجومەنی شارەوانیەکان و ئەندامانی پارتی پارێزگاران و مێوانە نێودەوڵەتیەکان و دیبلۆماتکارە جیهانیەکان ستاندەکەی نوێنەرایەتیان بەسەر کردەوە و دەستخۆشیان پێشکەش کرد. ئەوەی کە جێگای سەرنجی زیاتر بوو سەردانی ژمارەیەکی یەکجار زۆری گەنج و لاوانی پارتی پارێزگاران بوو بۆ ستاندەکەی نوێنەرایەتی و ئەو خواستە زۆرە کە بەدی دەکرا دەربارەی هەرێمی کوردستان و پێشمەرگە و دۆزی گەلی کوردستان.

شاندی نوێنەرایەتی ئامادەی ووتاری کۆتایی خاتوو لیز تڕەس سه‌رکرده‌ی پارتی  پارێزگاران و سەرۆکی حکومەتی بەریتانیا  بوون كە تێیدا تیشکی خستە سەر بەرنامەی کار و ئەولەویاتی پارتەكەی بۆ قۆناخی داهاتوو.  

هەر لە پەراوێزی كۆنفڕانسەكەدا نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێم بۆنه‌ پێشوازییه‌کی سازدا كە تێیدا ژمارەیەك لە ئەندامانی پارتی  پارێزگاران و دیبلۆماتکار و ئەندامانی ئەنجومەنی شارەوانیەكانی بەریتانیا بەشدار بوون. سەرەتا كاروان جمال تاهیر نوێنەری حكومەتی هەرێم لە بەریتانیا له‌ ووته‌یه‌کدا سوپاسی هاوكاریەكانی بەریتانیای كرد بۆ هەرێمی كوردستان و جەختی لەسەر بەردەوامیدان بە پەیوەندیە بەهێزەكانی نێوان هەردوولا  كردەوە. پاشان خاتوو ئەلیسیا کێڕنس  سەرۆکی گرووپی پەرلەمانتارانی هەموو پارتەکانی بەریتانیا بۆ پشتگیریکردن لە هەرێمی کوردستان (APPG) له‌ ووته‌یه‌کیدا ستایشی ڕۆڵی هەرێمی كوردستانی كرد لە شەڕ لە دژی تیرۆریستانی داعش و ئەو ئازادی و دیموكراسی و پێكەوەژیانەی كە بووەتە نموونەیەكی سەركەوتوو لەناوچەكەدا، وە داوای لە ئامادەبوانی بۆنه‌که‌ کرد سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن بۆ ئەوەی لە نزیکەوە شارەزایی زیاتر لەسەر کورد و کوردستان پەیدا بکەن. هەر لە ووتەکەیدا خاتوو ئەلیسیا کێڕنس جەختی لەسەر بەردەوامی ووڵاتەکەی لە پشتگیری هەرێم و بە پەیوەندیە  بەهێزەکانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەریتانیا كردەوه‌.

هه‌ر له‌ بۆنه‌که‌ کورته‌ ڤیدێۆیه‌ک نمایش کرا تایبه‌ت به‌ گه‌شه‌ی ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تی و سروشتی جوانی هه‌رێمی کوردستان و ئاستی په‌یوه‌ندییه‌ دولایه‌نه‌کانی نێوان هه‌رێمی کوردستان و شانشینی یه‌کگرتوو که‌ بووه‌ جێگه‌ی سه‌رنجی ئاماده‌بوان