سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەشداری لە ڕێوڕەسمی پرسەی شاژنی بەریتانیا دەکات

Alternate Text هەواڵ : 9/20/2022

له‌سه‌ر بانگهێشتى فه‌رميى حكوومه‌تى به‌ريتانيا بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان هاوشانی سه‌ركرده‌ و ڕێبه‌رانى وڵاتانى جيهان بەشداریکرد لە ڕێوڕەسمی  پرسه‌ و ماڵئاواییکردن له‌ شاژنى کۆچکردووى شانشینى یەکگرتوو ئەلیزابێسی دووەم.


سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان له‌گه‌ڵ سه‌رۆک و ڕێبه‌رانی جیهان له‌ کۆشکی شاهانەی بەکینگهام پێشوازییان لێکرا له‌لایه‌ن خاوه‌نشکۆ شا چارلزی سێیه‌م و خانه‌واده‌ی شاهانه‌ و له‌ نزیکه‌وه‌ هاوخەمی و پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشي خۆى و گه‌لى هه‌رێمى كوردستانى به‌ خاوه‌نشکۆ شا چارلزى سێيه‌م و خانه‌واده‌ى شاهانه‌ و گه‌ل و حكوومه‌تى شانيشنى يه‌كگرتوو و وڵاتانى كۆمۆنوێلس گه‌ياند.


هەر لە بۆنەکەدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان چاوی که‌وت به‌ ژمارەیەکی زۆر لە سەرۆك و پاشا و سەرکردەکانی جیهان له‌وانه‌س سه‌رۆکی ویلایه‌ته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا و سه‌رۆکی فه‌ره‌نسا و شا عه‌بدووڵا و له‌نزیکه‌وه‌ گفتووگۆیان ئه‌نجامدا.

ئێوارەی هەمان ڕۆژ سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە یاوەری محمد جعفر ئەلسەدر باڵیۆزی کۆماری عیراقی فیدڕاڵ و کاروان جمال تاهیر نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەریتانیا لە هۆڵی وێستمینیستەر لە پەرلەمانی بەریتانیا ماڵئاوایی لە تەرمی شاژن ئەلێزابێسی دووەم کرد. هەر لە درێژەی ڕێوڕەسمەکاندا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە یاوەری باڵیۆزی کۆماری عیراقی فیدڕاڵ لە کڵێسای وێستمینیستەر ئەبێ و بە بەشداری سه‌رۆک و نوێنه‌رانی سه‌دوپه‌نجا ووڵاتی جیهان بەشداری لە ڕێوڕەسمی پرسه‌ی فه‌رمی شاهانه‌ی‌ شاژنی بەریتانیا کرد.


له‌کۆتا قۆناغی ڕێوڕه‌سمی پرسه‌که‌دا میوانانی پرسه‌که‌ له‌ کۆشکی چێرچ لەلایەن جەیمس کلێڤەرلی وەزیری دەرەوەی بەریتانیا پێشوازیان لێکرا و سەرۆکی هەرێمی کوردستان هاوخه‌می و  پرسە و سەرەخۆشی گه‌ل و هەرێمی کوردستانی گەیاندە حکومەتی بەریتانیا و له‌ تۆماری پرسه‌نامه‌دا هاوخه‌می گه‌ل و هه‌رێمی کوردستانی عێراقی تۆمار کرد.
له‌نده‌ن
١٨ بۆ ١٩ ئه‌یلولی ٢٠٢٢