نوێنەری حکومەتی هەرێم لەگەڵ ژمارەیەك لە دامەزراوەکانی سکۆتلەندا کۆبۆوە

Alternate Text هەواڵ : 2/6/2025

شانشینی یەکگرتوو، پەرلەمانی سکۆتلەندا، www.uk.gov.krd. لە شاری ئەدەنبرەی پایتەختی هەرێمی سکۆتلەندا، کاروان جمال تاهیر نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ هەردوو دامەزراوەی (گەشەپێدانی نێودەوڵەتی و هاوپەیمانی گەشەپێدانی سکۆتلەندا) کۆبۆوە.

لە دیدارێکدا لەگەڵ خاتوو فرانسێس گای سەرۆکی دامەزراوەی هاوپەیمانی گەشەپێدانی سکۆتلەندا گفتوگۆ دەربارەی دۆخی ئێستای سیاسی و ئابوری و بازرگانی لە هەرێمی کوردستان و سروشتی کاری دامەزراوەکە و چۆنیەتی هاریکاریکردنی هەرێمی کوردستان تاوتوێکرا.

خاتوو فرانسێس گای کە لە ساڵی ٢٠١٢ باڵیۆزی بەریتانیا بووە لە لوبنان وە دواتریش لە رێکخراوەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عیراق و هەرێـمی کوردستان کاری کردووە، پوخته‌یه‌کی لەسەر دامەزراوەکەیان پێشكەشکرد و ئاماژەی بەوەدا کە کۆمەڵە و رێکخراو و زانکۆ و کەسایەتیە خاوەن پیشەکانی سکۆتلەندا لە رێگای ئەندامییەتیەوە لەخۆ دەگرێت. هاوکات ساڵانە کۆنفرانسی گشتی بەڕێوەدەبەن و خولی راهێنان بۆ ئەندامەکانیان پێشکەش دەکەن. لە هەمانکاتدا ئامادەیی دامەزراوەکەی نیشاندا بۆ ئەوەی دیاسپۆرای کوردستان لە سکۆتلەندا بە تایبەتیش رێکخراو و کۆمەڵە و بیزنیس و خاوەن پیشەکان رۆڵی باشی تێدا ببینن.
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەریتانیا باسی رۆلی کاریگەری ڕێکخراوه‌ ناحکومییه‌كن و کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی کرد و ڕایگه‌یاند که‌ دروستکردنی پردی په‌یوه‌ندی نێوان ڕێکخراوه‌كانی هه‌رێمی کوردستان و سکۆتله‌ندا گرینگی پڕبایه‌خی هه‌یه‌ بۆ ئه‌نجامدانی پرۆژه‌ی هاوبه‌ش و هاوبه‌شیکردن. هاوکات ووتی که‌ دیاسپۆرای کوردستانی لە کۆمەڵگای سکۆتلەندا توانیویانە لە هەموو بوار و سێکتەرەکاندا خزمەت پێشکەش بکەن، هاوکات جەختی لەسەر هەماهەنگی دوولایەنە کردەوە لەگەڵ دامەزراوەکە بۆ ئەوەی لە داهاتوودا کۆمەڵگای کوردی لە سکۆتلەندا لە نێو دامەزراوەکەدا کاریگه‌رتربن و رۆڵی باشتری تێدا ببینن.
دواتر نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سایمەن والاس سەرۆکی تیمی وەبەرهێنانی ناوخۆیی لە دامەزراوەی گەشەپێدانی سکۆتلەندا کۆبۆوە. ئامانجی کۆبوونەوەکە ئاشنا بوون بوو بە سێکتەرەکانی وەبەرهێنان لە سکۆتلەندا بۆ ئەوەی سەرمایەدار و کۆمپانیا کوردستانیەکان بتوانن سوودیان لێببینن و وەبەرهێنانیان تێدا بکەن. هاوکات بەشێکی تری کارەکانیان پێشکەشکردنی راهێنان و گواستنەوەی شارەزاییەکانە لە هەموو بوارەکانەوە بۆ سکۆتلەندا و لە سکۆتلەنداشەوە بۆ هەموو جیهان.

سایمەن والاس بە تێر و تەسەل تیشکی خستە سەر لایەنەکانی وزەی نوێ، داهێنانی تەکنەلۆژی، سۆفتوێر و ئای تی و تەکنەلۆژیای کشتوکاڵ و هاریکاری کردنی کۆمپانیاکان بۆ هەناردەکردن و هێنانی سەرمایە و وەبەرهێنان بۆ سکۆتلەندا. هاوکات ئاماژەی بەوەدا کەوا دامەزراوەکەیان پەیوەندی بەهێزی هەیە لەگەڵ ژمارەیەکی زۆری کۆمپانیا و دامەزراوە جیهانیەکان. ئامادەیی نیشاندا بۆ هەر جۆرە هاریکارییەك بۆ ئەوەی پەیوەندیەکان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی کوردستان بەهێزتر بکەن و سوود لە شارەزاییەکانی کوردستان وەربگرن.

لەلای خۆیەوە نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان تیشکی خستە بەشێك لە پێداویستیەکانی هەرێمی کوردستان بەمەبەستی برەودان بە دۆخی ئابوری و بازرگانی، وە جەختی لەسەر گرینگی سوود وەرگرتن لە شارەزاییەکانی سکۆتلەندا کردەوە، لەو سۆنگۆیەشەوە باسی لە رێکخستنی کۆربەندێکی ئابوری و بازرگانی کرد لە نێوان هەرێمی کوردستان و سکۆتلەندا بۆ ئەوەی ژوورەکانی بازرگانی و پیشەسازی و دامەزراوە بازرگانییەکانی تر و کۆمپانیاکانی کوردستان لەگەڵ هاوتا سکۆتلەندیەکان کۆببنەوە و ئاشنا ببن بە هەلەکانی وەبەرهێنان لە هەردوو هەرێم.


سکۆتلەندا
٦ شوباتی ٢٠٢٥