له‌سه‌ر بانگهێشتی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم به‌ڕێز ئازاد محمد جوتیاری به‌ئه‌زموونی کوردستان سه‌ردانی ووڵاتی بەریتانیا ده‌کات

Alternate Text هەواڵ : 8/6/2022

لە درێژەی هەوڵەکانی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەریتانیا بۆ پەرەپێدانی بوار و سێکتەرە جیاکان لە هەرێمی کوردستان، وە بە تایبەتیش بواری کشتوکاڵی و بینینەوەی بازاڕ بۆ بەرووبوومی کشتوکاڵی، نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم بانگهێشتنامەیەکی فەرمی ئاراستەی به‌ڕێز ئازاد محمد کرد وه‌ک جوتیارێکی ئه‌زموندار بۆ سەردانیکردنی ووڵاتی بەریتانیا و دیدار لەگەڵ نوێنەرایەتی حکومەت و دروستکردنی ده‌رفه‌ت بۆیان بۆ ئاشنابوون به‌ بواری کشتوکاڵ و توێژینه‌وه‌کان له‌گه‌ڵ لایەنی تایبه‌تمه‌ند، هاوکات دیداری ڕەوەندی کوردستانی و ڕێکخراو و دامەزراوە کوردیەکان لە بەریتانیا.
کاروان جمال تاهیر نوێنەری حکومەتی هەرێم له‌ به‌ریتانیا له‌ نوسینگه‌ی نوێنه‌رایه‌تی حکومه‌تی هه‌رێم  پێشوازی له‌ ئازاد محمد و ژماره‌یه‌ک له‌ که‌سایه‌تی و دڵسۆزانی ڕه‌وه‌ندی کوردستانی کرد. لە دانیشتنێکدا گفتوگۆ دەربارەی کەرتی کشتوکاڵ لە هەرێمی کوردستان و ئەو هەوڵانەی کە بەمەبەستی گەشەدان بەو بوارە و بە بازاڕکردنی بەرووبوومی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان لە لایەن حکومەتی هەرێم و کەرتی تایبەتەوە نراون کرا. هاوکات نوێنه‌ری حکومه‌تی هه‌رێم کارو تاقیکرنه‌وه‌ کردارییه‌کانی به‌ڕێزیانی به‌رز نرخاند و ڕایگه‌یاند که‌ ئه‌زمونه‌کانی له‌ خزمه‌تی پێشکه‌وتنی که‌رتی کشتوکاڵدان و ‌ هەر لە دیدارەکەدا تیشك خرایە سەر گرینگی سوود وەرگرتن لە شارەزاییە زانستی و ئەکادیمیە نێوەدەوڵەتیەکان بە تایبەتیش ووڵاتی بەریتانیا بۆ ئەوەی زیاتر گەشە بە کەرتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان بدرێت، لەو سۆنگۆیەشەوە نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان دیدارێکی بۆ ئازاد محمد ڕێکخست له‌گه‌ڵ زانکۆی گرینیچی لەندەن/ پەیمانگای سامانە سروشتیەکان که‌ تایبتە بە توێژینەوەی زانستی و ئەکادیمی لە بواری کشتوکاڵ و ژینگە و خۆراك و ژیانی هاووڵاتیان.

له‌ دیدارێکدا له‌گه‌ڵ پڕۆفیسۆر ڕێچارد هۆپکینس سەرۆکی فەرمانگەی کشتوکاڵ، تەندروستی و ژینگە و زانستی مێڕوولەی ڕووەکی (ئینتۆمۆڵۆگی) وه‌ به‌ ئاماده‌بوونی نوێنه‌رایه‌تی حکومه‌تی هه‌رێم، پڕۆفیسۆر ڕێچارد  تیشکی خسته‌ سه‌ر تاقیکردنه‌وه‌ و توێژینه‌وه‌ زانستی و ئەکادیمییه‌کان لە بواری کشتوکاڵ و خانووی پلاستیکی و نەخۆشیە کشتوکاڵیەکان.  هاوکات سوپاسی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ ڕێکخستنی ئەو دیدارە و ئاماژەی بەوەدا کەوا پەیمانگەکەیان پەیوەندی هەیە لەگەڵ زیاتر لە ٣٠٠ دامەزراوە و ڕێکخراوی پەیوەندیدار لە جیهاندا و ئامادەیی خۆیان بۆ هەر جۆرە هەماهەنگی و هاریکارییەك لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەربڕی. هاوکات خۆشحاڵی خۆیان بۆ دیدار لەگەڵ هەر شاندێکی هەرێمی کوردستان لە بواری کشتوکاڵ دووپات کردەوە بەمەبەستی پەرەپێدان بەو بوارە گرینگەی هەرێمی کوردستان.
له‌دیداره‌که‌دا به‌ڕێز ئازاد محمد وێرای سوپاسی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دروستکردنی ده‌رفه‌ت بۆی و ڕێکخستنی ئەو دیدارە لەگەڵ پەیمانگای سامانە سروشتیەکانی سەر بە زانکۆی گرینیچ، هاوکات  تێیدا توانی باس لە ئەزموونەکانی خۆی بکات لە بواری کشتوکاڵ و ئەو تاقیکردنه‌وه‌ کرداریانه‌ی کە ئه‌نجامی داون بۆ ئەوەی بەردەوامی بە پێشكەوتنی کەرتی کشتوکاڵی هەرێم بدرێت و به‌تایبه‌تی له‌ ئێستادا که‌ جیهان ڕووبەڕووی گۆڕانکاریەکانی ژینگە و کەمبوونی ئاو ده‌بێته‌وه‌.