نوێنەری حکومەتی ههرێم چاوی بە بارۆنێس نۆشینا موبارەك دەکەوێت.
هەواڵ : 7/15/2025
ئەنجومەنی لۆردەکان، لەندەن، www.uk.gov.krd. کاروان
جمال تاهیر نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تەلاری ئەنجومەنی لۆرداتی
بەریتانیا چاوی کەوت بە بارۆنێس نۆشینا موبارەك ئەندامی ئەنجومەنی لۆردەکان و
جێگری سەرۆکی گرووپی APPG لە پەرلەمانی
بەریتانیا بۆ کاروباری دەرەوە.
لە دیدارەکەدا گفتوگۆ دەربارەی دوایین پێشهات و ڕووداوەکان
و پەیوەندیەکانی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەنجومەنی لۆردەکانی
بەریتانیا کرا.
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان کورتەیەکی دەربارەی
دۆخی هەنووکەیی هەرێمی کوردستان و عیراق و ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەراست پێشکەش کرد و
تیشکی خستە سەر کێشە و گرفتەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و ناکۆکیه دەستورییەکان، بە
تایبەتیش پرسی بودجە و مووچە کە کاریگەری راستەوخۆی کردۆتە سەر بژێوی ژیانی هاوڵاتیان.
جەختیشی لەسەر ئەوە کردەوە کەوا هەرێمی کوردستان بڕوای به گفتوگۆی بونیاتنهر و
بهردهوام ههیه بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بە پشت بەستن بە دەستوری هەمیشەیی
عیراقی فیدراڵ، لەو سۆنگۆیەشەوە داوای پاڵپشتی ئەنجومەنی لۆردەکانی بەریتانیای کرد
لە مافە دەستورییەکانی هەرێم و هاندان بۆ چارهسهرێک که له بهرژهوهندی ههموان
بێت.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ دەربارەی مەترسی و هەڕەشە
ئەمنییەکان کرا و تیشک خرایە سەر هەڕەشە راستەوخۆکانی سەر هەرێمی کوردستان بهتایبهتی
هێرشە بەردەوامەکان لە رێگای درۆنەوە که مەبەست لێی دروستکردنی ترس و دڵهڕاوکێیه
نهك تهنها بۆ هاووڵاتیان بهڵکو پەکخستنی پیشەسازی و وهبهرهێنانی بیانیی و
دروستکردنی نائارامیی. داواشی کرد ئەنجومەنی لۆردەکان فشار بخەنە سەر حکومەتی
ووڵاتەکەیان بۆ بهردهوام بوون له پشتیوانی ئارامی ناوچهکه.
بارۆنێس نۆشینا موبارەك خۆشحاڵی بە دیدارەکە دەربڕی و
جەختی لەسەر هەماهەنگی و پشتگیری بەردەوامیانی کردەوە لە پێگە و مافە
دەستورییەکانی هەرێمی کوردستان، لەو سۆنگۆیەشەوە ژمارەیەك بژاردە گفتوگۆیان لەسەر
کرا بەمەبەستی کۆکردنەوەی پاڵپشتی زیاتر لە هەرێمی کوردستان.
هەردوولا جەختیان لەسەر هەماهەنگی بەردەوام کردەوە
بەمەبەستی بەهێزترکردنی پەیوەندیە دووقۆڵیەکانی نێوانیان.
لەندەن، ئەنجومەنی لۆردەکان
١٥ی تەموزی ٢٠٢٥