شاندێکی نوێنەرایەتی بەشداری لە کۆنفرانسێك لە پەرلەمانی بەریتانیا دەکات

Alternate Text هەواڵ : 6/27/2025

پەرلەمانی بەریتانیا، شانشینی یەکگرتوو، www.uk.gov.krd. شاندێکی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەریتانیا کە پێکهاتبوو لە خەسرۆ ئاژگەیی بەرپرسی پەیوەندیەکان و گەشەپێدان، هاورێ واحید بەرپرسی بازرگانی و وەبەرهێنان و ستیوارت وەین لە نووسینگەی نوێنەری حکومەتی هەرێم بەشداریانکرد لە کۆنفرانسێکی یەك رۆژەی سەنتەری گەشپێدانی کورد کرد لەژێر ناونیشانی "تورکیا و کورد و ئەمڕۆی رۆژهەڵاتی ناوەراست".

کۆنفرانسەکە بە بەشداری تونجەر بەکرهان هاوسەرۆکی دەم پارتی و ژمارەیەك پەرلەمانتار و لۆرد و سیاسەتوان و ئەکادیمی و رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و دیاسپۆرای هەر چوار پارچەی کوردستان لە تەلاری پەرلەمانی بەریتانیا بەڕێوەچوو، سێ پانێڵی لەخۆ گرتبوو دەربارەی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا و گۆڕانکارییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەراست و کاریگەرییان لەسەر بەڕێووەچوونی ئەو پرۆسەیە.

لە گفتوگۆکاندا، بیر و را ئاڵ و گۆڕ کران دەربارەی دەستپێشخەری ئاشتی لە کوردستانی تورکیا و بانگەوازەکەی پەکەکە بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕ و تیشك خرایە سەر گرینگی ئەو هەنگاوانە، وە هاوکات ئەو بەربەست و کێشانەی کە لەبەردەمیدا هەن و چۆنیەتی زاڵبوون بەسەریاندا. جەخت لەسەر ئەوە کرایەوە کەوا کاتی ئەوە هاتووە پرسی کورد لە تورکیا بە رێگای ئاشتی و ووتوێژ یەکلا بکرێتەوە و کۆتایی بە به‌کارهێنانی چه‌ک بهێندرێت، لە کاتێکدا کەوا ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەراست بە دۆخێکی سەخت و دژواردا تێدەپەرێت.

تونجەر بەکرهان هاوسەرۆکی دەم پارتی ستایشی رۆڵی کاریگەری سەرکردایەتی سیاسی هەرێمی کوردستانیان کرد بۆ بەکارهێنانی پەیوەندیە باشەکان و کاریگەرییان لە ناوچەکە بەمەبەستی ناوەندگیریکردن و هاندانی تورکیا و پەکەکە بۆ دانوستان و ووتوێژکردن بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕ و  گەیشتن بە مافەکان به‌ ئاشتییانه‌. هاوکات یەك هەڵوێستی لە ناوەوەی کوردستان و دروستکردنی یەکڕیزی کورد لە دەرەوەی هەرێمیشی بەرز نرخاند بۆ ئەوەی ئەو دەستپێشخەرییە سەرکەوتوو بێت و دەرهاویشتەیەکی سیاسی لێ بکەوێتەوە، وە کێشەی کورد لە تورکیا بە یەکجاری چاره‌سه‌ربکرێت. 


هەر لە کۆنفرانسەکەدا باس لە رۆڵ و کاریگەری بەریتانیا کرا لە یەکلایی کردنەوەی کێشەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەراست بەو پێیەی کەوا ئەو وڵاتە خاوەن مێژووییەکی زۆری شارەزایی و پەیوەندیە لەگەڵ رۆژهەڵاتی ناوەراست و ئەو پرس و کێشانەی کە بەرۆکی ئەو ناوچەیەیان گرتووە.

هاوکات هه‌موو به‌شداربوان هاوڕابوون بۆ هه‌ماهه‌ةگی و هاوکاری هه‌نگاوه‌کانی پرۆسه‌ی ئاشتی به‌مه‌به‌ستی سه‌رکه‌وتنی و چاره‌سه‌ری یه‌کجاره‌كی پرسه‌کان.

پەرلەمانی بەریتانیا
٢٦ی حوزەیرانی ٢٠٢٥