English عربی کوردی
 
 
KRG UK REPRESENTATION
LONDON
KRG UK -
Mon, 08 Feb 2016 02:06:21

شاندی هه‌رێمی کوردستان به‌شداری له‌ کۆنفرانسی له‌نده‌ن بۆ پشتیوانی سوریاو ناوچه‌که‌ کرد
           
 

شاندێکی حکومه‌تی هه‌رێم که‌ پێکهاتبوون له‌ به‌ڕێزان د.عه‌لی سندی وه‌زیری پلاندانان و فه‌لاح مسته‌فا به‌رپرسی په‌یوه‌ندیه‌کانی ده‌ره‌وه‌ و کاروان جه‌مال تاهیر نوێنه‌ری حکومه‌تی هه‌رێم له‌ به‌ریتانیا له‌ چوارچێوه‌ی شاندی کۆماری عێراقی فیدڕاڵ به‌شداری کۆنفرانسی نێوده‌وڵه‌تی له‌نده‌ن بۆ پشتیوانی سوریاو ناوچه‌که‌ کرد.

کۆنفرانسه‌که‌ به‌ هاوبه‌شی هه‌ریه‌ک له‌ سه‌رکرده‌کانی ووڵاتانی شانشینی یه‌کگرتوو، ئه‌ڵمانیا ، کوێت، نه‌رویج هه‌روه‌ها سکرتێری گشتی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان میوانداری کرا و نزیکه‌ی ٦٠ شه‌ست ووڵاتی جیهان به‌شداری تێدا کرد له‌سه‌ر ئاستێکی باڵا، هاوکات ژماره‌یه‌کی زۆر له‌ ئاژانسه‌کانی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان، ڕێکخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌ ناحکومیه‌کان، کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌ندی، که‌سایه‌تی سیاسی و خاوه‌ن کاره‌ گه‌وره‌کان و وه‌به‌رهێنه‌ران به‌شداربوون.

ئامانجی کۆنفرانسه‌که‌ بریتی بوو له‌، گرتنه‌ ئه‌ستۆی هاوکاری نزیکه‌ی ١٣.٥ ملێۆن هاوڵاتی سوری ده‌ربه‌ده‌ری ناوخۆیی و ٤.٥ ملێۆن هاوڵاتی سوری که‌ ئاواره‌ی ووڵاتانی دراوسێ بوون و ژماره‌یه‌کیش که‌ ئاواره‌ی ووڵاتانی جیهان بوون، هه‌روه‌ها بۆ بڕیاردان له‌سه‌ر نموزه‌جێکی نوێی گشتگیر سه‌باره‌ت به‌ چۆنیه‌تی مامه‌ڵه‌کردن له‌گه‌ڵ ئه‌م قه‌یرانه‌ بێوێنه‌ مرۆییه‌که‌ که‌ درێژه‌ی کێشاوه‌.

هه‌ر له‌ کۆنفرانسه‌که‌داو له‌ دانیشتنه‌ جیاجیاکاندا ته‌وه‌ره‌کانی باری مرۆیی و په‌روه‌رده‌و فێرکردن و ته‌ندروستی و ئابووری و هه‌لی کار باسی لێوه‌کران و تێکڕای ووڵاتان جه‌ختیان له‌سه‌ر ئه‌وه‌کرده‌وه‌ که‌ ده‌بێت تاکو کۆتایی ٢٠١٦ گشت منداڵانی ده‌ربه‌ده‌روو ئاواره‌ی سوری خوێندنیان بۆ دابینبکرێت و بخرێنه‌ به‌رخوێندن.

هاوکات هاندانی که‌رتی تایبه‌ت بۆ کۆمه‌ککردن و وه‌به‌رهێنان و پیشکه‌شکردنی هاوکاری دارایی بۆ ئاواره‌کان له‌ ووڵاتانی میواندار له‌ هه‌ریه‌ک له‌ (تورکیا، لوبنان، ئوردن، عێراق و میسر)  جه‌‌ختی لێکرایه‌وه‌ به‌تایبه‌تی له‌ بواره‌کانی په‌روه‌رده‌ و ته‌ندروستی، به‌هه‌مانشێوه‌ پیشکه‌شکردنی هاوکاری له‌ بواره‌کانی پاراستنی ژنان و گه‌شه‌پێدانی تواناکانیان وه‌ مافه‌کانی مرۆڤ گرینگی خۆی پێدرا.

‌ ته‌وه‌رێکی تری باسه‌کان بریتی بوو له‌ گه‌شه‌پیدانی ئابووری ووڵاتانی میوانداری ئاواره‌ سوریه‌کان و گرینگیدان به‌ وه‌به‌رهێنان و دروستکردنی ده‌رفه‌تی کار.
جیگه‌ی ئاماژ‌یه‌ که‌ شاندی حکومه‌تی هه‌رێم له‌ په‌راوێزی کۆنفرانسه‌که‌دا چه‌ندین دیداری دولایه‌نه‌یان ئه‌نجامدا له‌ گه‌ڵ ووڵاتانی هه‌نگاریا و ئه‌ڵمانیا و به‌ریتانیا و ئوسترالیا و فه‌ره‌نسا و قوبرس و سه‌رۆکی ڕێکخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌ جیهانیه‌کان و په‌یامی هه‌رێمی کوردستانیان سه‌باره‌ت به‌ پێداویسته‌کانی ئاواره‌کانی سوریا له‌ عێراق به‌تایبه‌تی له‌ هه‌رێمی کوردستان که‌ ڕێژه‌ی ٩٨٪ پێکده‌هێنن وه‌ له‌ بڵاوکراوه‌یه‌کدا زانیاری و ئاماروو پێداویستی و چۆنیه‌تی هاوکاریکردنیان بڵاوکرده‌وه‌.

هه‌رچه‌نده‌ کۆنفرانسه‌که‌ تایبه‌ت بوو به‌ ئاواره‌کانی سوریا به‌ڵام شاندی هه‌رێمی کوردستان له‌ دیداره‌ دولایه‌نه‌کانیاندا وێرای جه‌ختکردنه‌وه‌ له‌ زیاتر پته‌وکردنی په‌یوه‌ندیه‌کان،‌ توانیان بارودۆخی هه‌رێمی کوردستان و قه‌یرانه‌کان له‌ ڕووی ئابووری و ئاسیش و شه‌ڕی داعش بگه‌یه‌ننه‌ دۆستانی هه‌رێمی کوردستان و داوای هاوکاری و پشتیوانی زیاتر بکه‌ن بۆ زیاتر خۆڕاگرتن و ڕووبه‌رووبونه‌وه‌ی قه‌یرانه‌کان.

هه‌رله‌ په‌راوێزی کۆنفرانسه‌که‌دا شاندی هه‌رێم داوایان له‌ به‌رپرسی کاروباری ده‌ره‌وه‌ و ئاسایشی یه‌کێتی ئه‌وروپا خاتوو فرێدێریکا مۆگرینی کرد که‌ هانی دامه‌زراوه‌کانی یه‌کێتی ئه‌وروپا بدات که‌ زیاتر به‌شداربن له‌ هاوکاری کردنی ئاواره‌و په‌ناهه‌نده‌کانی که‌ له‌ هه‌رێمی کوردستاندان وه‌ به‌ هه‌مانشیوه‌ هاوکاری دامه‌زراوه‌کانی هه‌رێم بکه‌ن ، هه‌روه‌ها‌ شاندی حکومه‌تی هه‌رێم له‌ دیداره‌کانیاندا له‌گه‌ڵ ئاژانسه‌ جیاجیاکانی سه‌ر به‌نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان   جه‌ختیان له‌ وه‌کرده‌وه‌ که‌ ڕێکخراوه‌کانیان بتوانن سوود له‌ کۆمه‌که‌کان وه‌ربگرن و پرۆژ‌ی گونجاوو و هاوکاری زیاتر پیشکه‌ش بکه‌ن.

دیاره‌ هه‌ریه‌ک له‌ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ووڵاتی هه‌نگاریا و وه‌زیری هاوکاری و په‌ره‌پێدانی ئه‌ڵمانیا به‌ ڕوونی ئاماژه‌یان به‌ ڕۆڵی هه‌رێمی کوردستان دا له‌ ووتاره‌کانیاندا و ڕایانگه‌یاند که‌ هه‌رێمی کوردستان پێویستیان به‌هاوکاری و پشتیوانی هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن خزمه‌تی زیاتی ئاواره‌کانی سوریا بکه‌ن له‌ کاتێکدا که‌ هه‌رێم له‌شه‌ڕێکدایه‌ له‌گه‌ڵ داعش و خه‌رجی شه‌ڕیان له‌ئه‌سۆیه‌ له‌گه‌ڵ خه‌رجی خزمه‌تی ئاواره‌کان.

له‌ کۆتایدا تێکڕای ووڵاتان کۆک بوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی که‌ ئه‌م قه‌یرانه‌ گه‌وره‌ترین قه‌یرانی بێوێنه‌ی مرۆڤایه‌تیه‌ و پێویسته‌ شێوازی نوێ بگیرێته‌به‌ر بۆ ڕووبه‌ڕووبونه‌وه‌ی قه‌یرانه‌که‌و نابێت کۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی بهێڵێت که‌ ناوچه‌که‌ تووشی له‌ناوچوونی نه‌وه‌یه‌ک ببێت‌، بۆیه‌ بێویسته‌ پشتیوانی و هاوکاری پێشکه‌ش بکرێت له‌ هه‌موو ڕو‌یه‌که‌وه‌.

هاوکات جه‌ستن گرینینگ وه‌زیری په‌ره‌پێدانی نیوده‌وڵه‌تی به‌ریتانیا، له‌ کۆتای کۆنفرانسه‌که‌دا وێڕای سوپاسی پێپایانی ئاماده‌بوان، ڕایگه‌یاند له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی که‌ قه‌یرانه‌که‌ گه‌وره‌ترین قه‌یرانی بێ وێنه‌ی مرۆییه‌ له‌به‌رامبه‌ردا سوپاسی وولاتانی کۆمه‌ک به‌خش ده‌که‌م که‌ گه‌وره‌ترین به‌ده‌نگه‌وه‌هاتنی مرۆییان پێشکه‌شکرد به‌ کۆکردنه‌وه‌ی زیاتر له‌ ١٠ ملیارد دۆلار بۆ جێبه‌جێکردنی ئه‌و ئه‌رک و بوارانه‌ی که‌ له‌کۆنفرانسه‌که‌دا ئاماژه‌ی پێدراوه‌ له‌ ڕێگه‌ی ئاژانسه‌کانی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان و ڕێکخراوه‌ ناحکومیه‌کانه‌وه‌ بۆ هاوکاریکردنی ئاواره‌کانی سوریا، هاوکات هه‌مولایه‌ک هاوڕان که‌ پێویسته‌ قه‌یرانی سوریا به‌ شێوازی سیاسی چاره‌سه‌ر ببێت وه‌ ئاشتی و سه‌قامگیری بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ناوچه‌که و ئه‌م کۆنفرانسه‌ش ببێته‌ خاڵی وه‌رچه‌رخان بۆ ڕووبه‌رووبونه‌وه‌ی قه‌یرانه‌کان هه‌روه‌ک چۆن کۆنفرانسه‌که‌ ژماره‌ی پیوانه‌یی تۆمارکرد له‌ کۆمه‌ک کۆکردنه‌وه‌ تاکو ئێستا.

جێگه‌ی ئاماژه‌یه‌ که‌ شاندی حکومه‌تی هه‌رێم سوپاسگوزاری حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستانیان گه‌یانده‌ هه‌ریه‌ک له‌ وولاتی به‌ریتانیا و ئه‌ڵمانیا بۆ گشت هه‌وڵه‌کانیا له‌ مسۆگه‌رکردنی به‌شداری شاندی حکومه‌تی هه‌رێم له‌ کۆنفرانسه‌که‌دا.