کۆڕبەندی ئابوری هەرێمی کوردستان لە ڕێگای وێبینارەوە دەستیپێکرد

نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەریتانیا بە هەماهەنگی لەگەڵ کۆمپانیای CWC وه‌ Global Future Energy کۆربەندی ئابوری هەرێمی کوردستانی لە ڕێگای وێبینارەوە دەستپێکرد و دوو ڕۆژ بەردەوام دەبێت.

لەو کۆڕبەندەدا کە بۆ یەکەمین جارە بەڕێوەدەچێت و بڕیاروایە ساڵانە بەردەوام بێت، ڕۆشنیایی دەخرێتە سەر تەحەدیاتەکان کە ڕووبەڕووی ئابوری هەرێم دەبنەوە، هاوکات هەنگاوەکانی حکومەتی هەرێم باس دەکرێن بۆ هەمە چەشن کردنی ئابوری و داهاتی هەرێم، وە چۆنیەتی ڕێگەخۆشکردن بۆ هێنانی سەرمایەدارانی بیانی بۆ وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان و زاڵ بوون بەسەر کێشەکان

کۆڕبەندەکە بە ژمارەیەك ووتار لە لایەن کاربەدەستانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی بەریتانیا دەستی پێکرد.

سەرەتا قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردنه‌وه‌ی کۆڕبه‌نده‌ ئابووریه‌که‌ی ڕاگه‌یاند و له‌ وتارێکدا باسی لە تەحەدیاتە ئابوریەکانی سەر هەرێمی کوردستان کرد، وە هەنگاو و پلانەکانی حکومەتی هەرێمی خستە ڕوو بۆ رووبەرووبوونەوەی ئاسته‌نگییه‌کان بەمەبەستی بنیادنانی ئابوریەکی بەهێز لە هەردوو کەرتی گشتی و تایبەت. جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ووتی: “حکومەتی هەرێمی کوردستان جیددیانە کاردەکات بۆ ئەوەی چیتر ئابوری هەرێم پشت بە نەوت نەبەستێت وەك تەنها سەرچاوەی داهات. لە هەمانکاتدا گرینگی بە بوارەکانی کشتوکاڵ، گەشتو گوزار، پەروەردە و ژێرخانی ئابوری و سێکتەرەکانی تر دەدات بۆ ئەوەی بتوانین داهاتەکانمان هەمە چەشن بکەین و ئیکتیفای زاتی دروست بکەین. گرینگی و بایەخێکی زۆر بە بنیادنانی کارگەکانی خۆراك دەدەین کە دەبێتە هۆکاری زیادکردنی هەلی کار و گەرەنتیکردنی ئاسایشی خۆراك.”

قوباد تاڵەبانی بە گرینگیەوە باسی لە پڕۆسەی چاکسازی کرد و بە هەنگاوێكی گرینگی وەسفکرد بۆ هێنانی وەبەرهێنەرانی بیانی بۆ هەرێمی کوردستان. ووتیشی کەوا حکومەتی هەرێم بە پەیڕەوکردنی سیستەمی بایۆمەتری توانیویەتی حەددێکی باش بۆ نەهێشتنی دوو مووچەیی و دروستکردنی سیستەمێکی پپێشکەوتووی داتا دابنێت، ئاماژەشی بەوەدا کەوا لەم دواییانەدا ناوی زیاتر لە ١٦.٥٠٠ مووچەخۆر ئاشکرا کراوە کە بە شێوازێکی نایاسایی دوو مووچەیان وەردەگرت.

جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە پەیوەندیەکانی نێوان هەولێر و بەغدا داو ووتی کەوا باشترکردنی پەیوەندیەکانمان بە گەیشتن بە ڕێکەوتن لەگەڵ بەغدا کارە هەرە سەرەکیەکەمانە بەمەبەستی یەکلاییکردنه‌وه‌ی پرسە داراییەکان و به‌دەستهێنانی مافی مووچەخۆرانی هەرێم. ووتیشی: “حکومەتی هەرێم ئامادەیی خۆی نیشانداوە بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی گشتگیر لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵ دەربارەی پرسی نەوت و گاز و بەشە بودجەی هەرێم. وه‌ ڕایگه‌یاند که‌ “ئێمە ئامادەین بە هاوبەشیکردن و هەماهەنگی  لەسەر بەڕێوەبردنی خاڵە سنوورییەکان و ئامادەین بۆ قسەکردن لەسەر خەرجییەکان. هەموو داوایەکی دەستووری و بەجێ کە لێمان کرابێ قبوڵمان کردووە، بۆیە هیچ پاساوێکی تر نەماوەتەوە بۆ بەردەوامبوون لە راگرتنی مووچەی فەرمانبەران لەلایەن بەغداوە.”

دواتر سەفین دزەیی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێم ئاماژەی بەوەدا کەوا حکومەتی هەرێم بڕوای تەواوی بەوە هەیە کەوا کاتی ئەوە هاتووە ئابوری هەرێم لە پشت بەستن تەنها بە نەوت و گازەوە بگوازرێتەوە بۆ قۆناخێکی تر کە ئەویش هەمە لایەن کردنی ئابوری و داهاتی هەرێمە. ووتیشی مانیفیستۆی کابینەی ئێستای حکومەت ئاماژە بەو پلانەی حکومەت دەکات و کاری باش کراون بۆ بەەروپشێبردنی سێکتەرەکانی تر، وەك پیشەسازی، تەندروستی، پەروەردە، گەشتیاری و سیستەمی بانکی.

سەفین دزەیی هەروەها ووتی: ” نیازی حکومەتی هەرێم چاکسازی ڕاستەقینە و گەشەدانە بە ئابوری هەرێم. لەو سۆنگۆیەشەوە داوا لە دۆستەکانمان لە بەریتانیا و لە سەرانسەری جیهان دەکەین بۆ ئەوەی لە نزیکەوە کارمان لەگەڵدا بکەن و هاریکارمان بن بۆ ئەوەی سوود لە شارەزاییەکانیان وەربگرین و بتوانین ئابورییەکی تۆکمە دروست بکەین و لە سێکتەرە جیاکاندا هاریکارمان بن و کۆمپانیا و وەبەرهێنەرەکانیان هان بدەن بۆ ئەوەی کار لە کوردستان بکەن.” لە لایەکی ترەوە بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەەرەوەی حکومەتی هەرێم دەستخۆشی لە نوێنەرایەتیەکانی حکومەتی هەرێم کرد لە دەرەوەی ووڵات کەوا چالاکانە کارەکانیان لە هەموو بوارەکانەوە بەڕیوەدەبەن و توانیویانە ببنە فاکتەری بەهێزکردنی پەیوەندیەکانی نێوان هەرێم و ئەو ووڵاتانە له‌ ڕووی ئابووریه‌وه‌ وه‌ک به‌شێک له‌ ئه‌رکه‌کانیان.

دواتر دکتۆر ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران ئاماژەی بەوەدا کەوا لە دوایین ٥ ساڵدا هەرێمی کوردستان بە ژمارەیەك تەنگژەوە تێپەڕ بوو کە کاریگەری نێگەتیڤی لەسەر ئابوری هەرێم دروستکرد، لەوانەش بڕینی بودجەی هەرێم، سەرهەڵدانی داعش، دابەزینی نرخی نەوت و دواتریش بڵاوبوونەوەی نەخۆشی کۆڕۆنا. دکتۆر ئامانج ڕەحیم تیشکی خستە سەر هەنگاوە گرینگەکانی حکومەتی هەرێم بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو تەنگژانە و باشترکردنی بارودۆخی ئابوری و دارایی هەرێمی کوردستان و ووتیی: “پەیڕەوکردنی سیستەمی بایۆمەتریك و یاسای چاکسازی مووچە و یاسای تایبەت بە هاوبەشییەتی کەرتەکانی گشتی و تایبەت، هاوکات کارکردنی بەردەواممان بۆ گەیشتن بە ڕێکەوتن لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵدا هەنگاوی گرینگ بوون لە لایەن حکومەتی هەرێمەوە بۆ دووبارە گەشەدان بە ئابوری هەرێم.”

دواتر کاروان جمال تاهیر نوێنەری حکومەتی هەرێمی کودرستان لە بەریتانیا ئاماژەی بەوەدا کەوا ڕێکخستنی ئەو کۆڕبەندە ڕانگدانه‌وه‌ی به‌رنامه‌ی کاری کابینه‌ی نۆیه‌می حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستانە کە کار دەکات لەسەر هەمە چەشنکردنی ئابوری و داهاتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی هەموو سێکتەرە جیاکان لەخۆ بگرێت و گرینگی بدات به‌ پێشه‌نگییه‌كانی حکومه‌ت. هاوکات تیشکی خستە سەر هه‌نگاوه‌کانی نوێنه‌رایه‌تی حکومه‌ت له‌ به‌ریتانیا بۆ بەهێزکردنی پەیوەندیە دوو قۆڵیەکان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی بەریتانیا و میکانیزمه‌کانی هاندانی کۆمپانیا و وه‌به‌رهێنه‌ران بۆ کارکردن له‌ کوردستان و سودوه‌رگرتن له‌ده‌رفه‌ته‌کان به‌تایبه‌تی دوای ده‌رچونی به‌ریتانیا له‌ یه‌کێتی ئه‌وروپا و له‌و ڕووه‌وه‌ ووتی که‌ “هەرێمی کوردستانیش بازاڕێکی سەرنجراکێشە و وەبەرهێنەر و کۆمپانیا بەریتانیاکان پێویستە سوود لەو دەرفەتە ببینن و مامەڵە بازرگانیەکانیان لەگەڵیدا زیاد بکەن”. سەبارەت بە گەشتی ئاسمانی ڕاستەوخۆش، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەریتانی ووتی: ” دوو دیدارمان لەگەڵ بەرپرسانی هێڵی ئاسمانی بەریتانیا ئەنجامداوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر دەستپێکردنی گەشتی ئاسمانی ڕاستەوخۆ لە نێوان هەرێم و بەریتانیا و ڕایگه‌یاند که‌ ئه‌وکاره‌ به‌ ئامانجێکی گرینگ داده‌نێم و هیوادارم بتوانین به‌دی بهێنین”

نازم زەهاوی وەزیری بزنس و ووزە و ستراتیژیەتی پیشەسازی لە حکومەتی بەریتانیا لە ووتەکەیدا ووتی:”پەیوەندیەکانی نێوان بەریتانیا و هەرێمی کوردستان مێژوویین. سەرۆک وەزیران بۆریس جۆنسن دۆستی نزیکی گەلی کوردستانە و ڕایسپاردووم سڵاو و ڕێزی بگەینمە گەلی کورد و جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کەوا بەردەوام دەبێت لە پشتگیریکردن لە هەرێمی کوردستان و هەنگاوەکانی هەرێم بۆ پێشکەوتن و چاکسازی زیاتر.” لە درێژەی ووتەکەیدا نازم زەهاوی جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کەوا پێویستە بەردەوام بین لە کارکردن بۆ ئەوەی کوردستان ببێتە ژینگەیەکی ئابوری و وەبەرهێنانی گرینگ لە ناوچەکە. هاوکات ڕایگه‌یاند هه‌رێمی کوردستان ئاسته‌نگی زۆریان له‌ پێشه‌، به‌ڵام دڵنیاین که‌ به‌سه‌ریدا تێده‌په‌ڕن و ئه‌وپێگه‌یه‌ی خۆیان به‌ده‌ستده‌هێننه‌وه‌ له‌ ڕووی کشتووکاڵییه‌وه‌ که‌ سه‌به‌ته‌ی خۆراکی بووه‌ بۆ گشت عێراق.

دواتر دکتۆر نەزار نوعمان سەرۆکی زانکۆی ئەمریکی لە کوردستان جەختی لەسەر گرینگی ئەو جۆرە کۆڕبەندانە کردەوە بۆ ئاشناکردنی سەرمایەدار و وەبەرهێنەران بە بارودۆخی هەنووکەیی هەرێم و هاندانیان بۆ وەبەرهێنان لە هەرێم. ووتیشی گرینگە کار لەسەر چەند پرسێك بکرێن بۆ ئەوەی بتوانین سەرنجی وەبەرهێنەران ڕابکێشین، لەوانەش ئەنجامدانی چاکسازی ئابوری، هەمەچەشن کردنی ئابوری و داهات و نەهێشتنی ڕێگرییەکان و پێشکەشکردنی کارئاسانی بۆ وەبەرهێنەرانی بیانی. هاوکات تیشکی خسته‌ سه‌ر که‌رتی خوێندنی باڵاو چۆنێتی به‌شداریکردنی له‌ گه‌شه‌پێدان و پڕکردنه‌وه‌ی پێداویستی بازاڕی ئابووری.

ماسیۆ زەیس جێگری یاریدەدەری سەرۆکی نووسینگەی کاروباری نێودەولەتی لە وەزارەتی ووزەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەدا کە سەرچاوە سروشتیەکانی هەرێم فاکتەری گرینگن بۆ بەرەوپێشبردنی ئابوری و کاریگەری دەبێت لەسەر جۆری پەیوەندیەکانی هەرێم لەگەڵ بەغدا. ووتیشی پێویستە کار لەسەر زیادکردنی بەرهەمەکانی سامانی سروشتیەکان لە هەرێم بکەن، چونکە سەرکەوتن لەو بوارە وا لە وەبەرهێنانی تر دەکات ڕوو لە هەرێم بکەن. هەروەها جەختی لەسەر گرینگیدان بە سێکتەری گازی سروشتی لە هەرێم دا و ووتی کەوا عیراق دەتوانێت پشت بە بەرهەمی گازی سروشتی هەرێم ببەستێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کارەبا لەو ووڵاتە.

جەیمس سۆڕنتن کونسوڵی گشتی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کەوا ووڵاتەکەی بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتیکردنی هەرێم بۆ جێبەجێکردنی چاکسازییەکان، بە تایبەتیش لە وەزارەتی پێشمەرگە. ووتیشی: ” پشتگیری لە هەرێمی کوردستان دەکەین بۆ گەیشتن بە ڕێکەوتن لەگەڵ بەغدا و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوانیان. بەریتانیا حەز دەکات پەیوەندیە بازرگانیەکانی لەگەڵ هەرێم بەهێز بکات و هەموو جۆرە ئاسانکارییەك لەو ڕووەوە پێشکەش بە کۆمپانیاکانمان دەکەین”

لە کۆتایی پانێڵی دەستپێکردنی کۆڕبەندەکە، ئەلیستەر بێرت وەزیری پێشووی کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە حکومەتی بەریتانیا و کاربەدەست لە دامەزراوەی Global Partners Governance ئاماژەی بەوەدا کەوا سێ فاکتەری سەرەکی هەن بۆ بەهێزکردنی ئابوری کە بریتین لە سەقامگیری ووڵات، سەقامگیری ئاسایشی ناوەخۆ و چاکسازی ئابوری. ووتیشی کوردستان ووڵاتێکی دڵڕفێنە و هەر کاتێك سەردانی بکەیت هەستێکی تایبەت لات دروست دەبێت و حەز دەکەیت بە زووترین کات سەردانی بکەیتەوە. ووتیشی هانی کۆمپانیا بەریتانیاکان دەدەم بۆ وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان.

هه‌ر له‌ کۆڕبه‌نده‌که‌دا هه‌ریه‌ک له‌ به‌ڕێزان وه‌زیری کشتوکاڵ و سه‌رۆکی ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنان به‌ وردی تیشکیان خسته‌ سه‌ر هه‌نگاوه‌ پراکتیکییه‌كانی فره ‌سه‌رچه‌وه‌کردنی داهات و هه‌نگاو و پلانی حکومه‌تی هه‌رێم له‌م ڕووه‌وه‌، هاوکات تیشکیان خسته‌ سه‌ر پرۆژه‌ ستراتیجییه‌كان و پێداویستییه‌كانی هه‌رێمی کوردستان و ئه‌و ده‌رفه‌تانه‌ی که‌ هه‌ن بۆ وه‌به‌رهێنان و به‌شداری کۆمپانیای بیانی له‌م پرۆسه‌یه‌ی که‌ ده‌ستپێراوه‌.

دوای نیوەڕۆش دوو پانێڵی تر بەڕێوەچوون سەبارەت بە ڕۆڵی سێکتەری نەوت و گاز لە بەهێزکردنی ئابوری هەمە چەشن و گاز و ووزەی نوێکراوە لە ئابوریە هەمەچەشنەکان. پانێڵیستەکان پێکهاتبوون لە ژمارەیەك کاربەدەستی حکومەتی هەرێم و شارەزا نێودەولەتیەکان.

لەندەن

١٧/١١/٢٠٢٠