کۆڕبەندی ئابوری هەرێمی کوردستان لە لەندەن کۆتایی بە کارەکانی دێنێت

لە ڕۆژی دووەمی کۆڕبەندەکەدا ژمارەیك پانێڵی جیاواز پێشکەش کران. پانێڵی یەکەم تایبەت بوو بە سیستەمی بانکی لە هەرێمی کوردستان. بەشداربوان پێکهاتبوون لە دکتۆر محمد شوکری محمد سەعید سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان و کاروان جمال تاهیر نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەریتانیا و دەیڤد گرین ڕاوێژکاری سەرۆکی بانکی سکۆتلەندا بۆ پرسی برێکزیت. بەشداربوانی ئەو پانێڵە جەختیان لەسەر گرینگی بوونی سیستەمێکی پێشکەوتووی بانکی جیهانی لە عیراق و هەرێمی کوردستان کردەوە بۆ ئەوەی کارئاسانی بکات بۆ وەبەرهێنەری بیانی و متمانەی دارایی لە دەرەوە دروست بکات. پانێڵی دووەم تایبەت بوو بە بنیادنانی ژێرخانی ئابوری لە هەرێمی کوردستان و چۆنیەتی سەرنجڕاکێشانی سەرمایەدارانی جیهانی و لە لایەن باڵیۆز ڕامۆن بلێکوا باڵیۆزی پێشووی یەکێتی ئەوڕوپا لە عیراق بەڕێوەچوو. بەشداربوانی ئەو پانێڵە بریتیبوون لە خاتوو بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و ئاودێری و دکتۆر محمد شوکری محمد سەعید سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان. بەشداربوان تیشکیان خستە سەر هەوڵەکانی حکومەتی هەرێم بۆ باشترکردنی زەمینەی وەبەرهێنان، بە تایبەتیش لە بواری کشتوکاڵ بەمەبەستی هێنانی وەبەرهێنانی بیانی بۆ هەرێم. دواتر پانێڵی کۆتایی کۆڕبەندەکە بەڕێوەچوو بە بەشداری سەفین دزەیی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێم و کاروان جمال تاهیر نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەریتانیا و گرێگ پاوەر دامەزرێنەر و سەرۆکی بۆردی Global Partners Governance. لەو پانێڵەدا جەخت لەسەر گرینگی ئەو کۆڕبەندە کرایەوە کە دوو ڕۆژی خایاند و کاربەدەستانی حکومەتی هەرێم و حکومەتی بەریتانیا و ژمارەیەك شارەزا بەشداربوون، چونکە بۆ یەکەمین جارە گفتوگۆ دەربارەی تەواوی سێکتەرەکان بکات، نەوەك تەنها سێکتەری نەوت و گاز، ئەوەش لەگەڵ کار و پلانەکان و بەرنامەی حکومەتی هەرێمدا یەکدەگرێتەوە بەمەبەستی هەمە چەشنکردنی ئابوری هەرێم. هەر لەو پانێڵەدا ئاماژە بە کێشە و گرفتەکان درا و ئامادەباشی حکومەتی هەرێم بۆ سەرخستنی پڕۆسەکانی چاکسازی و هەمەڕەنگ کردنی ئابوری و داهاتی هەرێم کرایەوە. لەو سۆنگۆیەشەوە تەئکید لەسەر سوود وەرگرتن لە شارەزاییە نێودەوڵەتیەکان کرایەوە بۆ سەرخستنی ئەو پڕۆسە گرینگە. ئاماژە بەوەش درا کەوا بنەمای باش هەن لە هەرێمی کوردستان کە هاندەر دەبن بۆ بەردەوامیدان بە چاکسازی ئابوری و دارایی و سەرخستنیان لە هەرێم.

شایانی باسە کۆڕبه‌ندی ئابووری کوردستان ده‌بێته‌ ساڵانه‌و کۆڕبه‌ندی داهاتوو له‌ هه‌رێمی کوردستان ده‌بێت له‌ کانوونی یه‌که‌می ساڵی ٢٠٢١.

لەندەن

١٨/١١/٢٠٢٠