کۆبونەوەی ساڵانەی گرووپی په‌رله‌مانتارانی گشت پارته‌کانی په‌رله‌مانی به‌ریتانیا (APPG)

” کوردستان مێرگێکە (Oasis) بۆ دیموکراسی، باوەڕیان بە ئابوری سەربەخۆ و گەشەسەندن هەیە لە ناوچەیەكی زۆر دژوار، لەبەر ئەو هۆیەشە ئێمە هاوکاریان دەبین و هەر بەردەوامیش بووین لە هاوکاری کردنیان” ئەمە پەیامی پەرلەمانتار ڕۆبەرت هاڵفن بوو لە کاتی دەستنیشانکردنی وەکو سەرۆکی (APPG) لە لایەن ئەندامانی گروپەکە لە پەرلەمانی بەریتانیا.
ڕۆبەرت هاڵفن لە ساڵی ٢٠١٠ ەوە ئەندامی پەرلەمانە، لە نێوان ساڵانی ٢٠١٥ و ٢٠١٦ وەزیری بێ وەزارەت بووە (without portfolio) و جێگری سەرۆکی پارتی پارێزگاران بووە. لە حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٦ وەزیری دەوڵەت بوو بۆ کاروباری پەروەردە. پێنج جار سەردانی هەرێمی کوردستانی کردوە.
لە یادی ١٣ ساڵەی دامەزراندنیدا، گرووپی (APPG) دەستەیەکی نوێی هەڵبژارد بۆ بەڕێوەبردنی ئەرکەکانی گروپەکە، کە بریتین لە ستیڤ ریید لە پارتی کرێکاران و ئەلیشە کێرنس لە پارتی پارێزگاران و لۆرد تیم کلیمێنت جۆنز لە پارتی لێبراڵ دیموکرات.
سکرتێری گروپی (APPG) گاری کێنت بە کورتی باسی لە ڕۆڵ و دەستکەوتەکانی گروپەکە کرد لە ڕۆژی دامەزراندنیەوە لە ساڵی ٢٠٠٧، وە تاکو ئێستا، کە بەشێکیان بریتین لە ” بە فەرمی ناساندنی ئەنفال لە پەرلەمانی بەریتانیا لە ساڵی ٢٠١٣ و هەروەها پابەندکردنی حکومەتی بەریتانیا بە یادکردنەوەی ساڵانەی ڕۆژی ئەنفال، هەروەها ئاسانکاریکردن لە بواری پەیوەندیە بازرگانیەکان لە نێوان هەرێمی کوردستان و بەریتانیا.”
لە لای خۆشیەوە کاروان جەمال تاهیر، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەریتانیا پیرۆزبایی لە بەڕێز ڕۆبەرت هاڵفن کرد بۆ هەڵبژاردنی وەك سەرۆك و سوپاسی گروپی (APPG) کرد بۆ پشتگیریی بەردەوامیان لە هەرێمی کوردستان و ووتی ” گروپی (APPG) ڕۆڵێکی گرینگی هەبووە لە هەرێمی کوردستان، وە ڕۆڵێکی باڵایان هەبووە لە بەهێزکردنی پەیوەندیە دووقۆڵیەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەریتانیا”
لە بەشێکی تری قسەکانیدا نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کورتی باسی لە دوایین پێشهاتەکان کرد لە هەرێمی کوردستان و عێراق و گرژیەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا لە سەر خاکی عێراق، هەروەها تیشکی خستە سەر دەست لەکار کێشانەوەی سەرۆك وەزیرانی عێراق و هەڵوێستی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرامبەر ئەو هەموو گرژی و ناکۆکیانە لە ناوچەکە. نوێنەری حکومەتی هەرێم ووتی ” عێراق بووەتە مەیدانی جەنگ بۆ یەکلاییکردنەوەی جیاوازیەکانی نێوان زلهێزەکان، ئەمەش بۆتە هۆی گۆڕینی هاوکێشەکە لە عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی، وە کاریگەری کردوە لەسەر پەیوەندیەکانی نێوان هەموو لایەنەکانی هاوکێشەکە. ئەم بارودۆخە زۆر هەستیارە بۆ هەرێمی کوردستان، وە ئێمە بڕوامان وایە کە بەکارهێنانی هێزی سەربازی کێشەکان چارەسەر ناکات. هاوکات ئێمە وەك حکومەتی هەرێمی کوردستان بێلایەن ماوینەتەوە وە داوامان لە هەموو لایەنەکان کردووە بارودۆخەکە هێور بکەنەوە”
شایەنی باسە چەند ئەندام پەرلەمانێك ئامادەی کۆبونەوەکە بوون کە بریتی بوون لە مێری گلیندن، ئەلیسیا کێرنس، فریال کلارك، جاك لۆپرێستی، تۆبی پێرکینس، ستیڤ ڕید، لۆرد کلیمێنت جۆنس، ستیفن مێتکاڵف، فیلیپ هۆڵبن و جەیسن مەکارتنی.