کاروان جه‌مال تاهیر په‌یامی پشتیوانی ئاراسته‌ی ١٢ یه‌مین فیستیڤاڵی فیلمی کوردی جیهانی ده‌کات

فیستیڤاڵی فیلمی کوردی جیهانی لە لەندەن کە ماوەی ٢٠ ساڵە ڕێکدەخرێت و دەیەها فیلم و کورتە فیلمی دەرهێنەر و وەبەرهێنەرە کوردەکان نمایش دەکات، ئەمساڵ بەهۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی کۆڕۆنا لە ڕێگای ئۆنڵاین بەڕێوەچوو، وە زیاتر لە ١٠٠ فیلم نمایشکرا. نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەریتانیا یەکێکە لە کۆمەك کارە سەرەکیەکانی ئەو فیستیڤاڵە گرینگە. لە مەڕاسیمی فەرمی کردنەوەی فیستیڤاڵەکەدا، کاروان جمال تاهیر نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەریتانیا لە تۆمارێکی ڤیدیۆییدا پشتگیری نوێنەرایەتی بۆ فیستیڤاڵەکە دووپات کردەوە ڕایگه‌یاند:

“دیبلۆماسی کەلتوری یەکێکە لە فاکتەرە سەرەکیەکانی بنیادنانی پەیوەندیە کەلتوری و کۆمەڵایەتیەکان، وە وادەکات گه‌لان یه‌کتری بناسن، فیلم به‌شێکی دانه‌بڕاو  پێکدێنێت له‌ که‌لتوری کوردی وه‌ ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه‌ له‌ کۆمه‌ڵگه‌ی کوردیدا له‌ ڕابوردوو وه‌ له‌ ئێستاماندا. فیستیڤاڵی تایبەتی ئەمساڵ ده‌ڕوانێته‌‌ مێژووی کورد و تیشک ده‌خاته‌ سه‌ر لایه‌نه‌کانی تێکۆشان له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له‌ کۆن و ئێستا.”

نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەریتانیا هەروەها ووتی:

“فیستیڤاڵی فیلم ڕۆڵی بەرچاو لە ناساندنی کەلتوری کوردی دەبینێت و ڕۆشنایی دەخاتە سەر بەهاکانمان، چونکە خودی فیلمەکان هەزارەها چیڕۆك لەخۆیان دەگرن.”

هاوکات فیستیڤاڵه‌که‌ ده‌رفه‌تێکی بایه‌خداری به‌خشیی به فیلمسازان هه‌روه‌ها  بڕگەی تایبەت بە پرسیار و وەڵام له‌گه‌ڵ دەرهێنەر و بەشداربوانی تری فیستیڤاڵەکە له‌ پیشه‌سازی سینه‌مای کوردی.